قۆناغی دوای ھەڵبژاردن

10:27 - 2024-10-27
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
273 خوێندراوەتەوە

رێژەی بەشداریی ھاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنەدا لە زۆرێک لەو ھەڵبژاردنانە زیاتر بووە، کە لە رابردوودا ئـەنجام دراون، ئـەمەش نیشانەی ئـەوەیە تا ئـێستا ھاووڵاتیان چاوەڕێی گۆڕانکاری لە ھێزە سیاسییەکانی کورد دەکەن

 

سەرەڕای ھەبوونی تێبینی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئـەنجامی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرڵەمانی کوردستان، بەڵام بەگشتی ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بوو و پرۆسەیەکی دیموکراسی بەڕێوەچوو، ئەوەی گرنگە باس بکرێت بەشداری کارای خەڵکی کوردستان بوو، کە جارێکی تر پاڵپشت بوون بۆ دروستبوونی پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەت، گرنگی بەشداری ھاووڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە :-

کێشەکان بەرۆکی هەرێمیان گرتووە
1-
ماوەی چەندین ساڵە ھەرێمی کوردستان بە چەندین کێشەی جۆراوجۆردا گوزەر دەکات، لە سەرووی ھەموویانەوە، دواکەوتنی مووچە کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر رێڕەوی ژیانی ھاووڵاتیان و بازاڕ، ھاووڵاتیان روویان کردە سندوقەکان و نوێنەر و لایەنە سیاسییەکانی خۆیان ھەڵبژارد، بۆ ئـەوەی سەرجەم نەھامەتیەکانی رابردوو دووبارە نەبێتەوە.
2-ئـەگەر سەرنج بدەین، رێژەی بەشداری ھاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنەدا لە زۆرێک لەو ھەڵبژاردنانە زیاتر بووە، کە لە رابردوودا ئـەنجام دراون، ئـەمەش نیشانەی ئـەوەیە تاوەکو ئـێستا ھاووڵاتیان چاوەڕێی گۆڕانکاری لە ھێزە سیاسییەکانی کورد دەکەن، بۆ ئـەوەی ھەنگاوی باشتر و جددی بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان .

بەشداریی فراوان لە هەڵبژاردندا
3-
کۆمەلێک رووداوی ئـیقڵیمی و نێودەوڵەتی لە ئـارادایە لە ناوچەکە، بەڵام ئەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستانی لە دەنگدان بە شەرعییەتی ناوخۆیی و پەرلەمانی سارد نەکردەوە، بۆیە جارێکی تر ھاوڕابوون لەوەی بەشداری بکەن و چاوەڕوانی دانیشتنی لایەنە سیاسییەکان و پێداچوونەوەی ئەوانن بە سیاسەتی خۆیاندا.
ئەوەی ئـێستا گرنگە قۆناغی دوای ھەڵبژاردنە، خەڵک متمانەی خۆی بە لایەنە سیاسییەکان دایەوە، بۆیە پێویستە ھەموو ھێزە سیاسییەکان گفتوگۆیەکی راست و دروست بکەن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی لە ھەرێمدا، چونکە ئـەم قۆناغە لەئـەستۆی ھەموو لایەنە سیاسییەکانە، کە حکومەتێکی گشتی و خزمەتگوزار پێکبهێنن، بۆ ئـەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵگا راست بکەنەوە .

گەڕانەوەی هاوسەنگی لە هەرێم
يەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتی (بافڵ تاڵەبانی)، توانی گۆڕانکاری گەورە لە ناوخۆی حزب بکات و ھاوسەنگی ھێز بۆ ھەرێمی کوردستان بگێڕێتەوە، چونکە ئەم حزبە خاوەنی روئـیایەکی تایبەتە بۆ راستکردنەوەی رێرەوی حکومڕانی لە ھەرێمدا، گرنگیشە ھەموو لایەنە سیاسییەکان ھاوبەشی بیروڕا بن و ھەرچی زووە هەماهەنگ بن لە پێکهێنانی حکومەتێکی ھاوبەش لە هەرێم، بۆ ئـەوەی خزمەتی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات.

وتارەکانی نوسەر