لە سوریا چی رودەدات؟

09:50 - 2024-12-08
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
126 خوێندراوەتەوە

 

ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات، پەیوەستە بە سیاسەتی ھەڵەی حکومەتی سوریا و دەستوەردانی تورکیاوە

خوێندنەوەی جیاواز بۆ گروپی (تەحریری شام) دەکرێت، کە یەکێکیان ئەوەیە، گروپەکە وا پێناسە دەکات گوایە کار بۆ ئـازادکردنی خەڵک و گەڕانەوەی ئـازادی و سەروەری بۆ سوریا دەکات، خوێندنەوەیەکی تر بە گروپێکی خاوەن هەژموون و پڕچەککراو لە لایەن تورکیاوە ناوی دەبات.
لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، کە ماوەیەکی زۆرە گرفتی توندوتیژی بووە، چ لە عیراق یاخود سوریا...هتد، هەر گروپێکی چەکدار کە ھێرش دەست پێ بکات، ناتوانێت ئـەجێندایەکی دەرەکی پەیڕەو بکات و ئیدیعای ئەوە بکات گوایە کار بۆ (گەڕانەوەی ئـازادی، یاخود رزگارکردنی ژێردەسەتەکان، یانیش خۆش گوزەرانی دێنێتە ئارا)، چونکە هەر گروپێک دروست ببێت لە بارودۆخی ئـێستادا، ناتوانێت نیشتمانییانە رۆڵ ببینێت، چونکە بە پشتیوانی دەوڵەتان دروست دەبێت، ئەم گروپانەش لە رووی چەکداریی یاخود سەربازییەوە بێت، زیاتر ئـەجێندای ئەو دەوڵەتانەو هەژموونیان جێگیر دەکەن بۆ نموونەش گروپی تەحریری شام کە ئێستا چەندین شارو شارۆچکەی گرتووەو دەیەوێت بگات بە دیمەشقیش.
من گەشبینم بەھەموو ھەوڵێک کە بتوانێت ژینەگەیەکی لەبار و بێ کێشە دروست بکات، بۆ خەڵک و ئـەمنییەت فەراھەم بکات، بەڵام سەرچاوەی گروپی تەحریری شام کە لە (بەرەی نووسرە)ەوە پەیدابوو، کە ئەویش سەر بە داعش و دواتریش رێخکراوەی قاعیدە بوو، چەندین ساڵ تاوانکاری کردووە، لەگەڵ مرۆڤایەتی و سەدان ھاووڵاتی کوشتووە، ئـایا زەمانەتێک ھەیە، ئـەم گروپە نەبێتە هۆکاری نەهامەتی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی سوریا؟.
ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات، جگە لە سیاسەتی ھەڵەی حکومەتی سوریا و دەستوەردانی تورکیا، هیچی تر نییە، ژینگەی ناڵەباری وڵاتەکە دەرفەتێکی گونجاوی رەخساندووە بۆ ھەموو گروپێکی چەکداری، ئـەوەی گرنگە پاراستنی سنووری ئەو وڵاتانەیە کە پێشوتر تیرۆریستان جموجۆڵ و وێرانکارییان تێداکردووە، لە نموونەی عیراق، کە تیرۆریستانی داعش وێرانکاریەکی گەورەیان تێدا کرد، تاوەکو ئـێستاش شانە نووستووەکانیان ماون، لەبەر ئەوە ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر، پێویستە عیراق سنوورەکانی بەھێزی ئـەمنی پتەو بکات و رێگری بکات لەهەر مەترسییەکی دەرەوەی سنوور بە تایبەت لە سوریاوە، کە رەنگە نەهامەتی هاوشێوەی داعش بێنێت بۆ عیراق.

وتارەکانی نوسەر