دانا لوقمان بۆتانی
تەحريری شام ئـەو هێزەی لە ماوەیەکی کەمدا، دەسەڵاتی خۆی بەسەر سوریادا سەپاند و کۆتایی بە حوکمی بەعس و بەشار ئـەسەد هێنا، سوریای نوێی بردۆتە قۆناغێکی راگووزەرەوە.
هەنگاوەکانی بەرەو کوێ دەگات
تا ئـێرە دۆخەکە ئـاساییە، وڵاتانی جیهان و دراوسێی سوریا هیچ پشتگیرییەکان بۆ دەسەڵاتی نوێ رانەگەیاندووە بەڵکو خۆیان بە چاودێر دانا لەسەر دۆخی سوریا، بۆ ئەوەی بزانن کە تەحریر شام هەنگاوەکانی بەرەو کوێ دەگات .
محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع)، تاوەکو ئـێستا بە پەیامە دیموکراسییەکانی بەشێک لە وڵاتانی لەخۆی رازی کردووە، لەسەرووی هەمووشیانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئـەمریکا و ئـیسرائـیل، لەگەڵ ئەوەشدا هەر چاودێری هەنگاوەکانی داهاتووی دەکرێت لە سوریا.
شەرع دەیەوێت بە ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا، پشتیوانی ناوخۆیی هەموو پێکهاتەکان بەدەست بهێنێت
باڵا دەست نییە لە هەموو سوریا
ئەحمەد شەرع بەم هەنگاوانەی ئێستای قبوڵکراوە لەسەر ئـاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وەکو دەبینین زۆرترین دیداری نوێنەرانی وڵاتانی لەگەڵ ساز دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئـێستا هێزی باڵا دەستی خۆی لە هەموو سوریا جێگیر نەکردووە، بەتایبەت لە ناوچە کوردییەکانی ژێر دەستی ئیدارەی خۆسەری و ناوچەی دروزەکان لە باشوری سوریا. بۆیە شەرع دەیەوێت بە ئەنجامدانی کۆنگرەی نیشتمانی سوریا، پشتیوانی ناوخۆیی هەموو پێکهاتەکان بەدەست بهێنێت.
بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
لە دوای بە دەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، شەرع دەسەڵاتێکی یاسایشی دەبێت لە سوریا، ئـەو کاتە هەنگاوەکانی بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی وڵات دەست پێدەکات، ئەوەش بە دوو قۆناغدا تێپەڕ دەبێت و لەبەرژەوەندی خۆیدایە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەوە بە دەست بهێنێت .
پێویستە کورد هەڵوێستێکی گشتگیری هەبێت
كورد و پێکهاتەکانی تری سوریاش، لە ئـەگەری نووسینەوەی دەستوور بەبێ ئەوان و بە تایبەتتر کورد رووبەرووی ئالەنگاری زۆر دەبنەوە، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی گشتگیر و پڕۆژەیەکی سەرکەوتووی کورد دابڕێژرێت بۆ قۆناغی داهاتووی سوریای نوێ.