فلاش فیکشن

12:04 - 2022-05-24
محەمەد كەریم
416 خوێندراوەتەوە

65 

ئەكتەر

پێنج ساڵە پێكەوەن. شەو و رۆژ نییە چەند جارێك قسە نەكەن. لە دڵیشەوە خۆشتدەوێت. جگەلەوەش كوڕە بچووكەكەیت زۆر خۆشدەوێت. وەكو كوڕی خۆت هۆگری بوویت. لە زۆر لایەنەوە تاقیدەكەیتەوە. گومانت لە دڵسۆزی و خەمخۆریی نییە. دەیان سەردان و سەیرانی پێ هەڵدەوەشێنیتەوە. كە پرست پێدەكات بچم؟ بە ئارەزووی خۆت قسەیەك دەكەیت. راستییەكەشی ئەوەیە غیرەی لێدەكەیت. لە خۆتەوە دەڵێی مەچۆ. بە قسەت دەكات. هەرچۆنێكت بوێ بە دڵی تۆ دەجووڵێتەوە. هەرگیز داوای پارە و دیاریی و شتی وا ناكات. هەمیشە بەزۆر داوەتی دەكەیت یان دیاریی بۆ خۆی و كوڕە بچووكەكەی دەكڕیت. سەرەڕای هەموو باشی و دڵسۆزییەكانی هەمیشە گومانێك وەكو داركونكەرەكە ناوجەرگت دەكوتێ. هەردەم ئەو قسەیە دووبارە دەكەیتەوە، ئەم ژنە یان عاشقێكی دڵسۆز و بەوەفایە، یان ئەكتەرێكی بلیمەتە، هەر شەوێك قسەیەكی رەق بكەیت و بە دڵشكاوی بڕوات. بەیانی دەڵێت ئەمشەو هەتا بەیانی خەو نەچۆتە چاوم. چەندان كەس پێتدەڵێن: «ئەمە هاوڕێی تۆ نییە، خیانەتت لێدەكات.» بە رووكەش گاڵتەت بە قسەكانیان دێت. بەڵام تووشی دڵەڕاوكێت دەكەن. كاتێ داوای بەڵگە دەكەیت، هەموان دەكشێنەوە دەڵێن: «سەرئێشە بۆ خۆمان دروست ناكەین. كەیفی خۆتە باوەڕ مەكە.»
ئێستا لە كافیتریای مۆڵەكە بەرامبەرت دانیشتووە. كوڕەكەشی لەو لاوە سەرقاڵی یارییە. دەتەوێت هەموو شتێك یەكلایی بكەیتەوە. ئەگەر شتەكان درۆ بوون، ئەوا بە دزییەوە مارەی بكەیت. ورد و درشتی لەگەڵ باس دەكەیت. هەمووی بە درۆ دەخاتەوە. دەڵێت: «هەموو ئەوانەی قسە بۆ تۆ دەكەن ئیرەییمان پێدەبەن، ئەگەر قسەیەكیان راست بوو ملم لە موو باریك ترە.» پاشگەز دەبیتەوە. سەركۆنەی خۆت دەكەیت. تۆ چیت دەوێت لەم ژنە داماوە؟ ماڵئاوایی لەیەك دەكەن و بڕیار دەدەیت دوای سێ رۆژی تر مارەی بكەیت. ئەویش بەوپەڕی متمانەوە قایل دەبێت و دەڵێت: «ئەوە خەونی منە، ژنی تۆ بم.» سبەی شەو هەمان سەعات تەلەفۆنێكت بۆ دێت. یەكەمجار وەڵامی نادەیتەوە.
«دەتوانیت ئێستا بێیت بۆ ماڵی ئێمە؟ سوپرایزێكم هەیە بۆ جەنابت»
«بەڵێ، ئێستا دێم.»
وەك ئەوەی فڕۆكەت پێ بێت، یەك و دوو دەگەیت، یەكسەر بۆ ژووری نووستنەكە، دەرگاكە دەكەیتەوە، لەگەڵ نزیكترین هاوڕێت پێكەوەن.

وتارەکانی نوسەر