دەنگدەری ئێمە چی دەوێت؟

11:29 - 2024-09-29
محەمەد كەریم
191 خوێندراوەتەوە

بێگومان زۆربەی لیست و كاندیدەكانی ئەم هەڵبژاردنە ئەم پرسیارەی سەرەوەیان لە خۆیان كردووە، بەڵام گومانم هەیە توانیبێتیان بەڕاستی و دروستی وەڵامی بدەنەوە. لە كاتێكدا ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت باسی بكەم خواست و ویستی زۆربەی هەرە زۆری دەنگدەری ئەم هەرێمەی ئێمەیە، لەبەرئەوەی هەتا ئێستاش لەم هەرێمی كوردستانەدا، پێداویستییە سەرەتاییەكانی هاووڵاتی بەتەواوی دابین نەكراون، بۆیە خواست و ویستی زۆربەی هەرە زۆری دەنگدەری ئەم هەرێمە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانە كە بریتین لە (دابینكردنی بژێوی ژیان، دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون، دابینكردنی ئەمن و ئاسایش). بۆیە بەرنامەی هەر لیستێك تەركیزی لەسەر ئەم سێ كۆڵەكەیە بێت دەتوانێت دەنگی زۆربەی هەرە زۆری دەنگدەران زامن بكات.
بە چاوخشانێكی ئاسایی بە ژیانی هاووڵاتیاندا دەبینین هەتا ئەم ساتەوەختەش ئەم سێ كۆڵەكەیەی ژیانیان هێشتا مەترسی لەسەرە و زامن نەكراون. زۆربەی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە بژێوی ژیانیان لەسەر مووچەیە، وەكو دەبینین مووچەش مەترسی لەسەرە و مووچەخۆر دڵنیا نییە لەوەی ئەم مانگە مووچەی وەرگرت مانگی داهاتوو كەی وەریدەگرێت و ئایا ئەسڵەن وەریدەگرێت؟ خەڵكێكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە كرێچین و كرێ خانووەكەشیان لەسەر مووچەكەیانە، ئەگەر كرێچیش نەبن بەڕێوەبردنی خێزان و خانووەكەیان هەر لەسەر مووچەیە، كەواتە ئەم كۆڵەكەیەش زامن نییە. لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە لە زۆنێكی ئەم هەرێمەدا هاووڵاتی ئەمن و ئاسایشی زامن نییە و لەسەر كۆمێنتێك یان لەسەر ناڕەزایی دەربڕێنێكی ئاسایی، دەگیرێت و حوكمی قورس دەدرێت، كەواتە ئەم كۆڵەكەیەش زامن نییە.
بێگومان دابینكردنی ئەم سێ پێداویستییە سەرەكییە بە لیستێك دەكرێت كە بەهێز بێت و خاوەنی بەڵێن بێت و توانای زامنكردنی ئەم سێ كۆڵەكەیەی هەبێت. بێگومان ئەم كارەش بە حزبی شەهیدان و خاوەنی زۆرترین قوربانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، كە ئێستا بەلیستی ژمارە 129 و كاندیدە بەهێزەكانی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە دەكات، سەرۆك بافڵ - یش لە پەیامەكەیدا جەخت لەسەر دابینكردنی ئەم سێ كۆڵەكەیە دەكاتەوە.

وتارەکانی نوسەر