سەگوەڕی نیوەشەو

10:13 - 2024-10-15
محەمەد كەریم
176 خوێندراوەتەوە

چیرۆكنووس مامۆستا محەمەد ساڵح سەعید كتێبێكی هەیە بە ناوی (شمشاڵی شوان) ئەم كتێبە چیرۆكێكی درێژە باسی عەشقی نێوان كاكل و خەرامان دەكات، دوای نەخۆشكەوتنی خەرامان كاكل شمشاڵی بۆ لێدەدات و چاك دەبێتەوە. ساڵی (1976) كە لە چواری سەرەتایی بووم ئەم كتێبەم خوێندەوە، ئەمە یەكەم كتێبە كە لە ژیانمدا خوێندومەتەوە و ئیتر هەتا ئێستا ئەم كتێبەم نەدیوەتەوە، بەڵام حیكایەتەكەیم هەر لەبیرە لەبەرئەوەی یەكەم كتێبی ژیانی خوێندنەوەمە. لەو كتێبەدا بەشێك هەیە بە ناوی سەگوەڕی نیوەشەو، سەگوەڕی نیوەشەو دەستەواژەیەكە بۆ حەپەی ئەو سەگانە بەكاردێت كە نیوەشەو دەوەڕن و خەو لە خەڵك حەرام دەكەن یان هەواڵی هاتنی دز و پیاو خراپ دەدەن.

کاتێک هەندێک لەو لایڤچییانە دەبینم كە شەویان لێدێت لە پشتی مۆبایلەكانیانەوە دەست دەكەن بە جنێوی بازاڕی، سەگوەڕی نیوەشەوم بیردەکەوێتەوە

لەم رۆژانەدا هەندێك لەو لایڤچییانەم بینی كە هەر شەویان لێدێت لە پشتی مۆبایلەكانیانەوە دەست دەكەن بە جنێوی بازاڕی و بۆ چەند فلسێك خۆیان شین و مۆر دەكەنەوە و جنێو بەم و بەو دەدەن، ئەو كتێبە و ئەو بەشەم بیركەوتەوە. ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە سەگوەڕی نیوەشەو هیچ زیانێكی نییە و سەگەلەكە ناتوانن قولی كەس بگرن و تەنیا حەپەیان دێت، لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت كە دەڵێن (سەگ بە مانگەشەو دەوەڕێت). تەنیا ئەوەیە ئەو سەگوەڕە خەو لە مرۆڤ حەرام دەكات و خەبەری دەكاتەوە. لایڤچییەكانیش لەبەرئەوەی لە هەندەران رۆژ تا ئێوارە ئیش دەكەن و رێگەی دوور دەبڕن و بۆ چوونە سەر ئیش و گەڕانەوە تەنیا شەویان هەیە بۆ (وەڕین) ببوورن بۆ قسەكردن! هەندێكیان زۆریش لە خۆیان رازین و وەسفی خۆیان دەكەن و دەڵێن وا دەكەین و هەڕەشە دەكەن، سەیر لەوەدایە لەناكاو دەستەكەیان كەشف دەبێت و دەردەكەوێت بەكرێگیراوی فڵان و فیسارن و بە ملكەچی دەیانبینین. راستییەكەی قسەكانی ئەوان هێندەی سەگوەڕی نیوەشەویش كاریگەریی نییە و تەنیا خۆیان ماندوو دەكەن، چونكە چیتر ناتوانن خەویش لە كەس حەرام بكەن و درۆ و دەلەسەكانیان ئاشكرایە و لە كاتێكدا كەسانێك جنێو باران دەكەن ماستاو بۆ كەسانێكی تر دەكەن.
سەیرە، لێكچوونێكی سەیر لە نێوان لایڤچییەكان و سەگوەڕی نیوەشەودا هەیە، لێكچوونێكی تریش هەیە ئەوانیش وەك سەگ چەند بۆ خاوەنەكەی بەوەفایە، ئەوەندە بۆ نان بدەكەیان بە وەفان و هەموو شەوێك سەرەڕای ماندوێتی تێر دەحەپن. دەی بەخێر بێنەوە مادەم گیانەوەرێكی ماڵی بێ زیانن.

وتارەکانی نوسەر