دەنگدەری ئێمە چی دەوێت؟

12:18 - 2024-10-01
محەمەد كەریم
63 خوێندراوەتەوە

2
لە بەشی یەكەمی ئەم وتارەدا باسی پێداویستییە سەرەكییەكانی دەنگدەری هەرێمی كوردستانم كرد، لێرەدا باسی پێداویستییەكانی تری دەكەم، كە دەتوانین پێشیان بڵێین پێداویستیی لاوەكی، بۆچی پێداویستی لاوەكین؟ چونكە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و  لە هەر جێگایەكی دنیا بێت، هەتا پێداویستییە سەرەكییەكانی دابین نەكرێت بیر لە پێداویستییەكانی تری ناكاتەوە، كەواتە بەنیسبەت ئەو مرۆڤەوە پێداویستیی لاوەكین. بە مانایەكی تر مرۆڤی هەرێمی كوردستان یان هەر جێگایەكی دیكە ئەگەر بژێوی ژیانی نەبێت، ئەگەر شوێنی نیشتەجێبوونی نەبێت، ئەگەر ئەمن و ئاسایشی دابین نەكرابێت، هیچ بەلایەوە گرنگ نییە لە وڵاتەكەیدا جادەی دوو ساید و گەورە هەبن.
كەواتە پێداویستییەكانی تری دەنگدەری هەرێمی كوردستان بریتین لەو ئاسانكارییانەی بۆ ژیانی دەنگدەر و ماڵ و مناڵی دەكرێت، بۆ ئەوەی ژیان و گوزەران و تەندروستی و  سەلامەتیان پارێزراو بێت. وەكو رێگەوبان، تەندروستی، ئاو و كارەبا، قوتابخانە و خوێندنگە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هاتوچۆ، هۆیەكانی گواستنەوە، شوێنی گەشتیاریی و كەلتوریی و هونەری و هتد.
لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت دەنگدەری ئێمە دوو جۆر پێداویستی هەیە پێداویستی سەرەكی و پێداویستی لاوەكی، ئەركی لیست و قەوارەكانی ئەم هەڵبژاردنەیە لەم دوو جۆر پێداویستییەی دەنگدەری هەرێمی كورستان تێبگەن و بیكەنە بەرنامەی خۆیان، گومان لەوەشدا نییە ئەم ئەركە بە لیستێكی خاوەن هێز و نفوز جێبەجێ دەكرێت و پێم وایە باشترین لیست بۆ جێبەجێكردنی ئەم پێداویستیانە لیستی ژمارە 129 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاندیدەكانێتی.بۆیە پێویستە دەنگدەری ئێمە بەرلەوەی بچێتە سەر سندوقی دەنگدان بیر لەوە بكاتەوە ئەم پێداویستیانە بە هێزێكی راستگۆی خاوەن بەڵینی وەكو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، نەك ئەوانەی بەڵێنی گەورە دەدەن و هیچیان پێ ناكرێت.

وتارەکانی نوسەر