محەمەد كەریم
سەرۆكی كابینەی نۆ مەبەستێتی لە رێگەی (هەژماری من)ەوە بۆ هەمیشە مووچەخۆران و فەرمانبەران بە بارمتە بگرێت
بڕوا ناكەم هیچ بابەتێكی كابینەی نۆهەمی مەسرور بارزانی هێندەی پڕۆژەی هەژماری من، یان راستتر هەژماری مەسرور بارزانی مایەی بێزاریی فەرمانبەران و مووچەخۆران بێت، كەسێك نییە فەرمانبەر و مووچەخۆر بێت و بە بیستنی زاراوەی هەژماری من رووگرژ نەكات و بێتاقەت نەبێت. ئەوانەشی كە لە بەردەمی جیهازەكانی هەژماری مەسرور بارزانیدا كامێرا بەگیری هێناون و بە باڵای ئەم هەژمارە شوومەدا هەڵدەدەن، روون و ئاشكرایە هیچ رووناكییەك بە روخساریانەوە نییە و وەك رۆبۆت قسە دەكەن. هەر لە سەرەتاوە خەڵك ناویاننا (هەشت ماری من) یانی وەك هەشت مار وایە و لە هەشت جێگاوە دەدات بە فەرمانبەر و مووچەخۆرەوە و پرزەی لێدەبڕێت. هەروەها هەر خەڵك ناویاننا (رەشماری من) یانی وەك رەشمار وایە و دەدات بە سەری مووچەخۆر و فەرمانبەرەوە و تووكی سەری با دەیبات.
راستییەكەشی ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی مانەوەی پارەی مووچەخۆران و فەرمانبەران لەو هەژمارە كەسییە شوومەدا بۆ خۆی پارە دەكێشێتەوە و دەبێتە شوێنی پارە كێشانەوە، لە لایەكی تریشەوە سەرۆكی كابینەی نۆ مەبەستێتی بۆ هەمیشە مووچەخۆران و فەرمانبەران بە بارمتە بگرێت و هەر حسابێكی ویست بەبێ ویست و رەزامەندیی خۆیان لێیان بكێشێتەوە و بۆشیان نەبێت فزە بكەن.
بەڵێ سەرۆكی حكومەت پێی وایە حەقی خۆیەتی مووچەی خەڵك زەوت بكات و نەیداتەوە، بەڵام ئەگەر مووچەخۆرێك پارەی كارەبا یان هەر پارەیەكی تری لابێت، دەبێت لە رێگەی هەژمارەكەیەوە بە زۆر لێی بسەنێتەوە. ئیتر مەگەر هەر خوا خۆی بزانێت لیستی ئەو باج و خەراجەی ئەم هەژمارە دەیكێشێتەوە چەندە؟ ئیتر مووچەخۆر و فەرمانبەر رێك وەكو داماوی ناو ئەم حیكایەتەی لێدێت. دەڵێن پاشایەك یاساوڵەكانی خۆی دەنێرێتە بازاڕ، دەڵێت: هەر كەسێك شەل و كوێر و كەچەڵ بوو، غەرامەی بكەن. یەكسەر كابرایەكی داماو دەگرن، سەیر دەكەن كوێرە چەند لیرەیەك غەرامەی دەكەن، كڵاوەكەشی لەسەر لادەبەن سەیر دەكەن كەچەڵیشە چەند لیرەیەكی تر غەرامەی دەكەن، كابرا هەڵدەسێت بڕوات سەیر دەكەن شەلیشە بۆ ئەمەش چەند لیرەیەك غەرامەی دەكەن.
كەواتە هەموو مووچەخۆر و فەرمانبەرێك بۆئەوەی بەم شێوەیە تاڵان نەكرێت، دەبێت بە هیچ جۆرێك نەچێتە ژێر باری هەژماری من. لەجیاتی ئەوە پێویستە وەك هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێكی عیراق لە بانكە فیدراڵییەكاندا تەوتین بكات و ژیانی خۆی ماڵ و منداڵی زامن بكات.