بە کوردی نووسین

10:25 - 2024-08-06
محەمەد حەمە تەقی
208 خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمە تەقی

 

پەروەردە و فێرکردن کایەیەکی گرنگی ژیارییە، لەهەر کونجێکی ئەم سەرزەمینە چەند ماڵێک هەبێت، لە تەنیشتیاندا خوێندنگەیەک هەیە بۆ پەروەردە و فێرکردن، هیچ کایەیەکی ژیان هێندەی کایەی خوێندن و پەروەردە فراوان و گشتگیر نییە، رۆژانە لە سەرتاسەری جیهاندا بە سەدان ملیۆن مرۆڤ روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، ساڵانە سەدان ملیار دۆلار لە کەرتی پەروەردەدا خەرج دەکرێت، هەموو ئەمانە بە ئامانجی هێنانەدی نەوەیەکی بەتوانا و داهێنەرە، نەوەیەک کە لەڕووی جەستەیی و هزرییەوە ئامادەکرابێت بۆ بەشدارییکردن لە رەوتی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەدا. 
یەکەم کاری پەروەردە، فێرکردنی خوێندنەوە و نووسینە، ئامانجی سەرەکی قوتابخانەکانی سەردەمی شۆڕشیش هەر ئەوەبوو منداڵانی کورد فێری خوێندنەوە و نوسین بکرێن.
دەکرێت نووسین بە گەورەترین داهێنانی مرۆڤ دابنرێت لە مێژوودا، گەرچی نووسین سەرەتا بەشێوەی هێما و وێنە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکانەوە دەستیپێکرد، بەڵام دواتر هەر ئەو فۆرمەی نووسین گەشەی پێدراو دوای سەدان ساڵ ئەم شکڵانەی ئەمڕۆی وەرگرت، کە هەموو مرۆڤایەتی لێی سودمەندبووە، بەهۆی نووسینەوە رووداوەکان تۆمار دەکرێن و هەموو بیری مرۆڤایەتی و زانست و زانیاریەکانیش لە ڕێگەی نووسینەوە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاودەبێتەوە. 
کورد، زۆر درەنگ بە زمانەکەی خۆی دەستی دایە نووسین، تا نزیکەی سەد ساڵ پێش ئێستا، تەنها ناوەندە ئاینییەکان، حوجرە و خانەقاکان ناوەندی خوێندن بوون، ئەوانیش خوێندن تیایاندا بە زمانی عەرەبی یان تورکی و فارسی بوو، بەپێی بۆچوونی بەشێک لە مێژوونووسان و ئەدیبانی کورد، ئەحمەدی خانی، کە لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەم ژیاوە، یەکەم کەس بووە زمانی کوردی لە نووسینەکانیدا بەکارهێناوە، یەکەم فەرهەنگی کوردیش (فەرهەنگی زارۆکان) هەر لەلایەن ئەحمەدی خانییەوە نووسراوە. دواتر شێخ مارفی نۆدێی فەرهەنگی (ئەحمەدی) دانا بۆ ئەحمەدی کوڕی (کاک ئەحمەدی شێخ)، بەمەبەستی فێرکردنی زمانی عەرەبی و تێگەیشتن لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر، پاشان ئەم فەرهەنگەی (ئەحمەدی) لە حوجرەکانی کوردستاندا بایەخی زۆری پێدرا و زۆربەی فەقێکان لەبەریان دەکرد. گەرچی تا ناوەڕاستی سەدەی هەژدە هیچ ئاماژەیەک بۆ خوێندن و نووسینی کوردی نییە، بەڵام مەستورەی ئەردەڵان و نالی و سالم و کوردی و حاجی قادری کۆیی، لەو منەوەرانەی کوردبوون کە لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەی زاینیدا، بەکوردی نووسیویانە و لە رێگەی شیعر و نووسینەکانیانەوە هانی کەسانی تریان داوە کە بایەخ بە نووسینی کوردی بدەن. 
لە چارەکی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، شەپۆلێکی ناسیۆنالستی ناوچەکەی گرتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆر لە دەستەبژێر و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی هاندا بۆ گرنگیدان بە زمان و نووسینی کوردی، بەدەرخانییەکان لە ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم (22/4/1898) بۆ یەکەم جار رۆژنامەیەکی کوردیان بەناوی (کوردستان) لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەچاپ گەیاند، دواتر گێوی موکریانی و پیرەمێرد نەخشی گەورەیان لە پێشخستن و گەشەپێدانی نووسین و بڵاکراوەی کوردیدا گێڕا، عەلادین سەجادی و خاڵ و بلە و قانیع و بێکەس لە سلێمانی و هەژار و هێمن لە مەهاباد و جگەرخوێن و قەدری جان لە ڕۆژئاوا، درێژەپێدەری کاروانی نووسینی کوردی بوون تا گەیاندیانە ڕۆژگاری ئەمڕۆ.  
هەموو کورد بەگشتی و ئەم نەوەیەی ئێستا بەتایبەتی قەرزاری ئەو زاتانەن کە لە سەد ساڵی رابردوو و لە پێشتریش، توانیان فۆرمێکی نووسین بۆ زمانی کوردی دابنێن و بناغەی نووسینی کوردی دابڕێژن. 

 

 

عەلادین سەجادی و خاڵ و بلە و قانیع و بێکەس لە سلێمانی و هەژار و هێمن لە مەهاباد و جگەرخوێن و قەدری جان لە ڕۆژئاوا، درێژەپێدەری کاروانی نووسینی کوردی بوون

گرنگیدان بە نووسینی کوردی، گرنگیدانە بە مێژوو و کەلتووری کوردی، گرنگیدانە بە ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی شکۆی نەتەوەیمان، ئەو زاتانەی پێشینەمان لە رۆژگاری ژێردەستەیی داگیرکەران و لە ژیانی کولەمەرگیدا بەردی بناغەی نووسینی کوردییان داڕشت، ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا و بەدەستی خۆمان نووسینی کوردیمان شێواندووە و لەژێر کاریگەری کەلتووری داگیرکەراندا زمان و نووسینی کوردیمان پەراوێز خستووە، بە شێوەیەک لە نووسینی تابلۆی سەر دوکانێکەوە تا نووسراوە فەرمیەکان، پریەتی لە هەڵەی چاپ و هەڵەی زمانەوانی و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی ناجۆری بیانی. ئەم پاشا گەردانیەی نووسین، دەبێت لە رێگەی ناوەندەکانی خوێندن و ناوەندە رۆشنبیریی و دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە هەڵوێستەی لەسەربکرێت و رێگەی لێبگیرێت، دەنا لە کۆتایدا باجەکەی قورس دەبێت. 
 

وتارەکانی نوسەر