حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر خاوەنی ستراتیجییەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت، دەبێت بووژاندنەوەی گوندەکان بکات بەکاری لە پێشینەی خۆی
هەموو دان بەو راستییەدا دەنێین، کە شاڵاوەکانی ئەنفاڵ و سیاسەتی شۆڤێنییانەی حکومەتەکەی سەدام حسێن، تەواوی گوند و زۆربەی شارۆچکەکانی کوردستانی خاپوور کرد، بەو کارەش بنەمای ئابووریی کوردستانی نزیک بە سفر کردەوە و کەلتوریی کوردی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیی لەبەریەک هەڵوەشاند، ئەوە کاری داگیرکەر و رژێمە دیکتاتۆرەکانە، دیارە هەر ئەوەش لە داگیرکەر و رژێمی دیکتاتۆری دەوەشێتەوە.
بەڵام، پاش سێ دەیە لە حکومڕانی کوردی، ئایا دەکرێت گوندەکانی کوردستان بەم شێوەی ئێستا بە پەراوێزخراوی بمێننەوە؟ دەبێت هەر چاومان لە بەروبوومی وڵاتانی دراوسێ بێت؟ لەکاتێکدا سەرەکیترین بنەمای مانەوەی حکومڕانی پاراستنی ئاسایشی خۆراکە، کە ئەمەش تەنها لە لادێکانەوە دابین دەکرێت. دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991، کە تەنها سێ ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا تێپەڕیبوو، زۆر لە گوندنشینەکان شار و ئۆردوگا زۆرەملێکانیان بەجێهێشت و خۆرسکانە گەڕانەوە سەر کێڵگە و مەزراکانیان، جارێکی تر قۆڵی مەردانەیان لێ هەڵماڵی و بەشێک لە گوندە خاپوورکراوەکانیان ئاوەدان کردەوە، لەو کاتە ناهەموارەی ساڵانی نەوەدەکان و لەژێر هەردوو ئابڵوقەی عیراقی و جیهانیدا، گوندنشینان توانیان تا ئاستێکی باش کۆمەڵگەی کوردی لە برسێتی و قاتوقڕی بپارێزن.
دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن، جارێکی تر و بەشێوەیەکیتر گوندەکانی کوردستان چۆڵکرانەوە، ئەمجارەیان حکومەت و دەسەڵاتی کوردی بەهۆی نەبوونی ستراتیجی نەتەوەییەوە، بوون بە هۆی چۆڵکردنی گوندەکان، دامەزراندنی بە لێشاوی گوندنشینان لەناو دام و دەزگا فەرمییەکاندا، جارێکیتر کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەوە کردەوە بە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر، لە هەمان کاتدا بارگرانییەکی گەورەشی لەسەر حکومەت و حکومڕانی دروستکرد، کە بەردەوام هاووڵاتییانی کوردستان باجەکەی دەدەن.
ژمارەی خێزانی کورد
ئەنجامەکانی سەرژمێریی زەنگێکی مەترسیداری بە گوێی دەسەڵات و کۆمەڵگەی کوردی و ئایندەی نەتەوەیماندا -دا، دەبێت ئەو زەنگە تەواو رامانچڵەکێنێت و بە کۆی بەرنامە و سیاسەتی حیزبی و حکومڕانیماندا بچینەوە، لەکاتێکدا رێژەی گوندنشین 15 ٪ی دانیشتوانی هەرێم تێناپەڕێنێت، لەو رێژەیەش نزیک بە نیوەی بەساڵاچوو و منداڵە و توانای بەرهەمهێنانی نییە، کەواتە نزیک بە٪90ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەکاربەرن، ئەمەش وا دەکات، لە هەر گۆڕانکارییەکی ناوچەیی و هەرێمایەتیدا، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەڕووی بژێوی و دابینکردنی خۆراکەوە رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە ببنەوە.
سەرەڕای ئەو مەترسیەی سەرەوە، سەرژمێری مەترسییەکی تریشی بۆ خستینەڕوو، ئەویش دیاریکردنی ژمارەی خێزانی کوردە لە هەرێمی کوردستاندا بە کەمتر لە پێنج کەس، لەکاتێکدا خێزانی عیراقی (عەرەب) نزیکەی حەوت کەسە، واتە پاش چەند دەیەیەکی تر رێژەی کورد لە عیراقدا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ئەوەی رێژەی کوردی بە بەرزی هێشتبووەوە، گوندنشینەکان بوون، گوندنشین بەهۆی ئەوەی لە ژینگەیەکی کراوەدایە و لەڕووی کار و فەرمانەوە پێویستی بە منداڵە، لە شارنشین زیاتر منداڵ دەخاتەوە، واتە سەرەڕای دابینکردنی خۆراک و پاراستنی بنەمای ئابووریی نەتەوەییمان، دیسانەوە بۆ راگرتنی باڵانسی نەتەوەیی لە عیراقدا بوژاندنەوەی گوندەکان، دەبێت بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی.
هەڵمەتی نیشتمانی بووژاندنەوەی گوندەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر خاوەنی ستراتیجییەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت، دەبێت بووژاندنەوەی گوندەکان بکات بەکاری لە پێشینەی خۆی، بۆ ئەم کارەش بودجەیەکی زەبەلاحی ناوێت، پێویستی بە دەستی کاری بێگانەش نییە، دەتوانێت بە چەند قۆناغێک، هەڵمەتی نیشتمانی بووژاندنەوەی گوندەکان رابگەیەنێت، پێش هەموو شتێک گوندنشین پێویستی بە دابینکردنی سەرچاوەی ئاوە بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، سەرچاوەی ئاویش لەکوردستاندا زۆرە، دەکرێت لە رێگەی بەنداوی بچووک یان بە لوولەکێشی ئەم کارە بکرێت، بۆ هاندانی گوندنشینان دەکرێت پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە تەنها بۆ گوندنشینان بکرێتەوە، کە ئەم پارەیەش جارێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، خوێندکاری گوندنشین لە قۆناغی بنەڕەتی دەرماڵەیەکی بۆ نموونە (پەنجا هەزار دیناری) بۆ ببڕێتەوە، لە قۆناغی ئامادەیی و هاتنە ناوشاریدا بۆ خۆێندن دەرماڵەکەی بۆ بکرێت بە دوو هێندە.
خاکێکی بەپیت
وەک ئەزموون دەکرێت ئەم بەرنامەیە لە سەرەتادا بە شێوەی جوگرافی جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە لە قۆناغی یەکەمدا گوندەکانی گەرمیان، پێنجوێن، قەڵادزێ و باڵەکایەتی بگرێتەوە، بە دڵنیاییەوە لەماوەی ساڵێکدا دەتوانرێت کەموکورتی و ئاستی سەرکەوتنی پرۆسەکە دەستنیشان بکرێت. دواتر بە چارەسەرکردنی کەموکورتییەکان، دەتوانرێت پرۆسەکە لە سەرتاسەری هەرێمدا جێبەجێ بکرێت. بووژاندنەوەی گوندەکان، لە زۆر رەهەندی ترەوە کاریگەریی لەسەر حکومڕانی و کۆمەڵگەی کوردی دادەنێت، جەنجاڵی ناوشار و رێژەی نەخۆشی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەکاتەوە و رێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگە دەباتە ئاستێکی بەرزتر. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەبووژێتەوە و کەلتور و زمانی کوردی پارێزراوتر دەبێت.
کوردستان خاکێکی بە پیت و ئاو و هەوایەکی لەباری هەیە بۆ بەرهەمهێنان، پەراوێزخستنی ئەم سامانە سروشتییە، تاوانێکی نیشتمانی و نەتەوەییە و لەکۆتایدا باجێکی قورسی لەسەردەدەین.
ماهاتما گاندی: دڵی هەموو وڵاتێک لە گوندەکانیدا لێدەدات