لە بناری شاخی کەڵۆش لە ناوچەی قەرەداخ، روو لە قیبلە و بەرامبەر قۆپییەکان و گوندە خنجیلانەکانی تەکیە و بەردێ و بەلەکجاڕ، گوندێکی سەدان ساڵە و ئاوەدان، گوندێکی پڕ لە وەفا و میهرەبانی، پڕ لە جووڵە و چالاکی، ناوەندێک بوو بۆ کۆکردنەوەی هەمووان، ئەویش گوندە رازاوەکەی سێوسێنانە، کە نزیکەی(65)کم لە ناوەندیی شاری سلێمانییەوە دوورە.
تا دەسپێکی شاڵاوەکانی ئەنفال، بەتایبەتی شاڵاوی دووەمی ئەنفال کە بۆ سەر ناوچەی قەرەداخ بوو، سێوسێنان گوندێکی گەورەو ئاوەدان بوو، ژمارەی ماڵەکانی سێوسێنان نزیکبوو لە 400خانەوادە، سەرەڕای بوونی مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە، بازاڕێکی فراوانیشی هەبوو کە خۆی دەدا لە 30 دوکان و ناوەندیی بازرگانی، ئاسنگەر، دارتاش، سەرتاش، چێشتخانە، چایخانە، بەرگدروو، چەخماخساز و ئاش و گەلێک پیشەی دەستی وەک ناڵبەنی و تەنەکەچی و قاڵی دروستکردن، لەگەڵ بوونی ئەم بازاڕ و کار و پیشانەدا، بەشێکیتر لە دانیشتوانەکەی سێوسێنان بەکاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداریی و بەخێوکردنی هەنگ و پەلەوەرەوە خەریک بوون.
کێشەی کەمئاویی لە سێوسێناندا وەک کێشەی مووچەی هەرێمی لێهاتووە وهەر چارەسەرنەکرا
ژمارەیەکی زۆر کانی و کارێز لە سێوسێناندا هەبوون، کە بۆ پێویستیی رۆژانە و ئاژەڵداریی و کشتوکاڵ سوودیان لێوەردەگرتن، سەرەڕای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و سەوزە (بەتایبەتی بامێ و تەماتە)، تووتن سەرەکیترین بەرهەمی کشتوکاڵیان بوو، تا سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو تووتنەی بەرهەمیان دەهێنا، پایزان کاروانیان رێکدەخست و دەیانبرد بۆ مەندەلی و ناو قەڵەوز ساخیان دەکردەوە، بە پارەکەی خورما و شەکر و چا و پێداویستیی ناوماڵیان لێدەکڕی و دەگەڕانەوە، دواتر بەهۆی دروستکردنی کارگەی پوختەکردنی تووتن لە سلێمانی، حکومەت خۆی تووتنەکەی لێ دەکڕینەوە. لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، رژێمی بەعس قوتابخانە و نەخۆشخانەکەی داخست، شۆڕش ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانەکەی کردەوە، بەندەش ئەو شانازیەی پێ بڕا ماوەیەک لە سایەی شۆڕشی نوێدا لەو قوتابخانەیەدا مامۆستا بووم.
ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی گوندەکە دروستکردبوو، ئەو بۆردمان و تۆپبارانە بوو کە ناوە ناوە لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە دەکرایە سەر گوندەکەیان، زۆرجار دەبوو بەهۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی چەند هاووڵاتیەک، ئەمە جگە لە زیانی بەردەوامی ماددی بە لەوەڕ و رەز و باخ و ئاژەڵ و ماڵەکانیان.
سێوسێنان، دڵێکی ئارام و فراوانی هەبوو، ماڵێکی گەرم و گوڕ بوو بۆ پێشمەرگە و رێبواران، گوندێکی پڕ ژیان و پڕ فەرمان و پڕ وەفا و خزمەت بوو، ژنان رۆڵێکی بەرچاویان لە کار و فەرمان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبوو، سێوسێنان هەموو جۆرەکانی شەهیدبوونی تاقیکردووەتەوە، شەهیدی ناپاڵم و تۆپباران، شەهیدی سەر پەتی سێدارە و زیندان، شەهیدی کیمیاباران و ئەنفال، دواترینیشیان شەهیدی درۆنی داگیرکەرانی کوردستان.
لە ئێوارەی 22/23ی مارتی 1988، لەوکاتەی کە خێزانەکان لە دەوری خوانی ئێوارە کۆدەبنەوە، رژێمی بەعسی بە راجیمەی کیمیاوی سێوسێنانی بۆردمان کرد، لە ئەنجامدا 67 کەس لە دانیشتوانی گوندەکە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون شەهید دەبن و بە دەیانی تریش بریندار دەبن. تەنها دوو رۆژ دوای ئەو تاوانە گەورەیە، شاڵاوی سوپای رژێم دەگاتە سەر جەستەی برینداری سێوسێنان و تەواوی گوندەکە بە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانەوە خاپور دەکات، لە هەمانکاتدا دەستی رەشی سوپای داگیرکەر دەگاتە چەند هاووڵاتیەک و ئەنفالیان دەکات.
شاڵاوەکانی ئەنفال، سێوسێنانی لە شارۆچکە و گوندێکی ئارام و ئاوەدانەوە، گۆڕی بۆ شوێنەوارێکی وێرانەی دوای جەنگ، تا ئێستاش بەشێک لە کەلاوەکان ماونەتەوە و ئاوەدان نەکراونەتەوە.
ئێستا سێوسێنان کراوە بە ناحیە و ناوەندیی کارگێڕیی 17 گوندی ناوچەی قەرەداخ، خاوەنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی و تۆڕی رێگاوبانە، زۆربەی کۆڵانەکانی کۆنکرێت کراوە، خاوەنی شارەوانییەکی چالاکە، مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانەکەی بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروستکراوەتەوە و هەمووی لە خزمەتدان، خاوەنی مۆنۆمێنت و مەزاری شەهیدانی کیمیابارانە، بەڵام ژیان تێێدا راوەستاوە، زۆربەی هەناوی کانی و کارێزەکانی، وەک هەناوی دانیشتوانەکەی وشکی کردووە، کێشەی کەم ئاوی لە سێوسێناندا وەک کێشەی مووچەی هەرێمی لێهاتووە و هەر چارەسەر نەکرا، بێکاری ناخی گەنجانی خواردووە. گەرچی سێوسێنان لە ئێستادا خاوەنی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجی خاوەن بڕوانامەی بەرزە، بەڵام لە زێد و نیشتمانی خۆیاندا، خۆیان وەک ئاوارەیەک دەبینن و نازانن ئایندەیان بەچی دەگات.
دیمەنێک لە ناحیەی سێوسێنان