بهگشتی لە كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەكاندا هەڕەشەكردن وەك شێواز و ئامرازێك بەكاردەهێنرێت بۆ دژایەتیكردنی مرۆڤەكان بەهەر هۆكارێك بێت، بەئامانجی تۆقاندن و دڵەڕاوكێ، خۆبەدەستەوەدان و ناچاركردن و خوڵقاندنی ترس، بەڵام بێگومان بەكارهێنانی لە شوێنێکهوه بۆ ئەویدی دەگۆڕێت و تەنانەت شێوازەكانی بەكارهێنانی لە شوێنێكەوە بۆ ئەویتر جیاوازە.
هەڕەشەكردن: یەكێكە لە جۆرەكانی توندوتیژی كەسێك یان لایەنێك بەكاریدەهێنێ لە بەرامبەر ئەویتردا بەمەبەستی هێنانەدی بەرژەوەندیی و خواست و داوایەكی دیاریكراو، دەرئەنجام توندڕەوی و ئازار و كێشەی جۆربەجۆر دەخوڵقێنێ و دەبێتە هۆی هێنانەكایەوەی نائارامیی و ناجێگیریی و ناسەقامگیریی لەسەر ئاستی تاك و خێزان و كۆمەڵ.
تەشەنەسەندنی ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا كەناڵێكی دیاری بەكارهێنانەكانی هەڕەشەكردنە لەكاتێكدا دەكرێت بە دوو شێوەی پێچەوانەیی و دژبهیهک بەكاربهێنرێت، لایەنێكیان بۆ كارئاسانی و خزمەت و سوودی مرۆڤەكان ئهویتریان دەشێت دەروازەیەك بێت بۆ بەكارهێنانی شێوازهکانی هەڕەشەكردن. بێگومان خراپ بەكارهێنانی لە كۆمەڵە رۆژهەڵاتییەكاندا زیاترە و لە هەمانكاتدا زۆرترینی ئەو جۆرەیە كە لەلایەن كوڕانەوە بەكاردەهێنرێت بۆ كچان، ئەوەشە وادەكات رێژەی کردنی وكاریگەری و ئاسەوارەكانی بەگشتی زۆرتر بێت و ئەنجامدەرەكەیشی بەئاسانی قوتار بێت، بەمەش نائارامیی و ناسەقامگیریی نەك تەنها باڵدەكێشێت بەسەر لایەنی دەروونی تاكەكاندا، بەڵكو شڵەژان و ئاسەواریشی بەسەر ئارامی خێزان و كۆمەڵگەدا دەبێت.
بە نموونە هەڕەشەكردن؛ لەڕێی تەلەفۆنی نادیارەوە وەك دەڵێن (ژمارەی علوج) یان لە رێی فەیسبووكی دروستكراو بهناوی شاراوە یاخود، لهڕێی گرتنی ڤیدیۆ و وێنهگرتن بهشاراوهیی، دەشێت بوونی ئەم كاردانەوانە هۆكاری جۆربەجۆری لە پشتەوە بێت واتە هۆكاری سیاسی، كۆمەڵایەتی، پهروهردهیی و ئابوری..هتد، بەشێوەیەك ئەنجامدەرەکەی ئەم شێوازە بەكاربهێنێت بۆ رەوینەوە و بەتاڵكردنەوەی ساتەوەختی لایەنهدەروونییهکهی كە تەنها هۆكار ئیرەیی بێت یان وەڕسكردنی بەرامبەر یاخود بەسەربردنی كات بێت و هۆکاری مادیی لهپشتهوهبێت.
بوونی ئەم دیاردەیە گرفتی گەورەتر دەخوڵقێنێت كە دەرئەنجام بەدەر لەپشێوی ونائارامی لە كۆمەڵگەدا، تۆوی رق و كینە و توندوتیژی و بێمتمانەیی و هەروەها دواخستنی ئامانجە گەورەكان دروست دەكات لە نێوەندی پەیوەندییەکاندا و دواتر توندڕەوی و پشێوی و كێشە خێزانییەكان و هەندێ جاریش كوشتنی ژنان، جگە لەوەی بەدیوێكی دیكە خودی ئامانجی ئەنجامدەرەكان ناپێكێ، چونكە زۆرن ئەو مرۆڤانەی ماندووبوون لە بونیادی كەسایەتیاندا و هیچ ترس و تۆقاندنێك نابێتە رێگر لەبەردەم وەستانیان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان و خزمەتكردن یان رەنگدانەوەی بەشێوەیەكی دی رۆحی تەحەداكردن دەخوڵقێنێ دواجار بە نەمانی كەسێك یان چەند كەسێك كۆتایی نایەت، بۆیە بەكارهێنانی ئامرازی هەڕەشەكردن جگە لە خۆكوژی هیچ بەرهەمێكی مرۆیی و خزمەت ناگەیەنێت، لەو روانگەیەوە پێویستە لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسەكان بەئاگاتر و وریاتربن و لێپرسینەوە لە تاوانباران و جێبەجێكردنی یاسا بەسەر ئەنجامدەرانی ئەو جۆرە كارانەدا بەربەست و رێگری سەرەكییە لەبەردەم كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئەو دیاردانە، چونكە دەرئەنجام سڵكردنەوە و ترس دەخوڵقێنێ لە بەردەم ئەو كەسانەی دواجار دەبنە نموونەی ئەو رەفتارە نەشیاو و نامرۆڤ و توندڕەوانەی دەبنە مەترسی و تێكدەری خۆشی و ئارامی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەكان و سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵگە.