(9)
ململانێی نەوەکان لە کۆمەڵدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و کاتێک روودەدات کە تێڕوانینی نەوە جۆربەجۆرەکان جیاوازی بەخۆوە دەبینێت لەسەر هەندێک پرس و بابەتی جیاواز. ئەم ململانێیە خۆی لە گرژییەکانی نێوان تاکەکانی تەمەنە جیاوازەکاندا دەردەخات و رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییانە دەبێت کە کۆمەڵ لە بوارەکانی وەک، تەکنۆلۆژیا، پەروەردە، بەها کۆمەڵایەتیی و رۆڵە کەلتوورییەکاندا بەخۆیەوە دەبینێت.
یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ململانێی نەوەکان لەم بوارەدا، بریتییە لە جیاوازی تێڕوانینەکان سەبارەت بە تەکنۆلۆژیا. گەنجان کە لە ژینگەیەکی دیجیتاڵیدا گەورە بوون حەز دەکەن تەکنۆلۆژیا بە خێرایی و بەرفراوانی بەکاربهێنن، لە کاتێکدا گەورەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە خۆگونجاندن لەگەڵیدا.
بوونی ئەو جیاوازییە دەبێتە هۆی جیاوازیی لە شێوازی ژیان و پەیوەندیدا. ململانێکان درێژ دەبێتەوە بۆ بەها و پرەنسیپەکان و بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێن.
لەوانەیە گەنجان بیرۆکەی نوێی ئازادی تاکەکەسی و یەکسانی بوونیاد بنێن، لە کاتێکدا کەسانی بەتەمەن پەیوەست دەبن بە بەها نەریتییەکانەوە کە لەوانەیە بە بنەمای سەقامگیریی کۆمەڵ دایبنێن.
ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان و لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێدا، ئاڵەنگارییەکی نوێ سەرهەڵدەدات
ئەم جیاوازییە دەبێتە هۆی پێکدادان لەسەر بابەتەکانی، ئازادی، ئایین و سیاسەت. گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش، رۆڵیان هەیە لە ململانێکاندا، گەنجان تووشی گرفت دەبن لە بازاڕی کار، یان دەستگەیشتن بە دەرفەتی یەکسان کە دەشێت بەهۆی سیاسەتەکانەوە بەسەرچوو بێت، یان نەگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی هاوچەرخدا.
لەگەڵ ئەمەشدا، کارلێک لەنێوان نەوەکاندا سوودی بەرچاوی لێدەکەوێتەوە، وەک ئاڵوگۆڕی زانیاریی و ئەزموون کە یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵ.
دواجار ئەو کۆمەڵانەی کراوەن و توانای گونجاندنیان هەیە لەگەڵ جیاوازیی نەوەکاندا، دەتوانن هاوسەنگییەک لەنێوان نەریتی باو و هاوچەرخدا دروستبکەن و یارمەتی داهاتوویەکی هاوبەش بدەن و هەمووان تێیدا بەشدار بن.
ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان و لەگەڵ هەر نەوەیەکی نوێدا، ئاڵەنگارییەکی نوێ سەرهەڵدەدات، بەڵام بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کەلتووری کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین ئەم ململانێیەی زیاتر هەمەجۆر کردووە.
چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیی نێوان نەوەکان جۆراوجۆرن لەوانە، پەروەردەی هاوبەش و هۆشیاری کە پێویستە دیالۆگی نێوان نەوەکان پەرەی پێبدرێت و دەرفەتی فێربوونی هاوبەش دابین بکرێت، چونکە گەنجان دەتوانن ژیری و ئەزموون لە نەوەکانی پێشتر فێر ببن، لە کاتێکدا کەسانی بەتەمەن دەتوانن ئەو پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیایە، لە گەنجانەوە فێر ببن.
چاکسازیی ئابووری، سیاسەتە ئابوورییەکان، پێویستە گشتگیرتر و دادپەروەرانەتر بن و دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو نەوەکان دابین بکەن و بۆشایی ئابووریی نێوانیان کەمبکەنەوە و بەدەر لە گونجاندنی کەلتووری کە پێویستە کار بکرێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان دابوونەریتی کەلتووری و کراوەیی بۆ گۆڕانکارییە مۆدێرنەکان لە کۆمەڵدا.
ململانێی نەوەکان دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کۆمەڵە و بەشێکە لە کارلێکردنی سروشتی نێوان نەوەکان. هەرچەندە ئەم ململانێیە لەوانەیە هەندێک جار جێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بێت، بەڵام دەرفەتێکە بۆ گەشەکردن لە رێگەی تێگەیشتنی هاوبەش و خۆڕاگرییەوە.
ئەو کۆمەڵانەی کە دەتوانێت هاوسەنگی بکات لە نێوان کۆن و نوێدا، بەردەوامیی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و کەلتووری، بە شێوەیەکی بەردەوام مسۆگەر دەکەن.
[email protected]