تەختەی شەترەنجەكەی كەركوك

پێش مەلیک، كێ توانی فیلەكە بخات

09:20 - 2024-08-20
ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
318 خوێندراوەتەوە

                                   
بنەمای كێبڕكێ لەسەر خاك و هەوڵدان بۆ گۆڕینی بە زۆنی هەژموون، یەكێكە لە سەرەكیترین ستوونە بنەڕەتییەكانی جیۆپۆلەتیك، سەرەتا لە ماكندەرەوە بۆ ماهان و پاشان بۆ سپایكمان و سڤرسكی و بریجنسكی لە رێگەی تیۆرگەلی جیاوازەوە، هێزی دەوڵەتیان كردۆتە بنەما بۆ نەخشەرێگای فراوانخوازی و هەژموونگەرایی دەوڵەت لە دەرەوەی سنووری سیادە و سەروەری، لەوانەیە كەركوك یەكێك بێت لە ئاڵۆزترین ناوچەکان، كە بنەما و لۆژیكی جیۆپۆلۆتێكی تێدا رەنگبداتەوە، بەتایبەتی ئەو بنەما جیۆپۆلۆتیكییەی كە واباوە و دەوترێت «ئەوەی دەست بەسەر دڵی زەویدا بگرێت، دەست بەسەر جیهاندا دەگرێت»، بۆ عیراق و هێز و تەواوی پێكهاتەكانیش كەركوك ئەو دڵەیە، كە هەژموون و باڵایی بەسەریدا، هەژموونە بەسەر عیراقدا.
لەناو ئەو دڵ و تەختە شەترەنجەی ناوی كەركوكە، دەبێت شارەكە یان بە تێڕوانینەكەی سەرۆك مام جەلال رادەستی پزیشكی دەمار و مێشكی سیاسی بكرێت یان هاوشێوەی گریمانەی توێژەری ئەمەریكی (لاری هانو) هەر وەک گرێ دەمێنێتەوە، كاتێك دەڵێت «كەركوك هاوشێوەی داشی پادشا وایە لەسەر تەختەی شەترەنج، كەس ویستی نییە ئەم بەردە بكەوێتە دەستی یەكێك لە هەڵسوڕاوانی ململانێ، نەك تەنها لەنێوان هەرێم و ناوەند، بەڵكو لە نێوان دەوڵەتانی هەرێمیش، چونكە كەس ناتوانێت لە ململانێی جیۆپۆلەتیكی عیراق تێبگات، بەبێ تێگەیشتن لەوەی لە كەركوك چی رودەدات».

كات تێپەڕی و ئێستا كەركوك پارێزگارێكی كورد و یەكێتی هەیە، لەسەر ئەو تەختە شەترەنجە، ململانێكان هەر دەمێننەوە، بەڵام لەیەک کاتدا هەم فیل و هەم ئەسپ و لەگەڵیشیاندا مەلیک، بەهێزی یاسا، کش کراوە..

جیۆپۆلۆتیکی کەرکوک
ئەگەر ناونیشانی كتێبەكەی (بریجینسكی)  وەربگرین و وێنەی كەركوك لەناو چوار گۆشەی تەختەی شەترەنجەکە سەیر بکەین، بە تەواوی بایەخی جیۆپۆلەتیكی ئەم شارە بۆ زۆر كارەكتەری ناوخۆیی و هەرێمیی روون دەبێتەوە، لە زاویەیەکەوە كورد بە بەڵگەی مورافەعە و مێژوو  و خاوەندارێتی خەم لە پاراستنی ناسنامەكەی دەخوا، عەرەب بە زەبری تەعریب شوناسەكەی بە هی خۆی دەزانێت، توركمانیش بە لۆژیكی پشتیوانی هەرێمیی بە شوێن سەپاندنی (قەیوم)ێكەوەیە، لەوسەریش دەوڵەتانی ئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش دەیبەستنەوە بە رادەی كاریگەریی و باڵاییەوە، لەناو ئەم هەموو هاوكێشەیە و شوێنەوارەكانی ریفراندۆم و فرە لیستی كورد و پەرتەوازەیی ریزی كوردایەتی، هەر ئەوەندە بۆ یەكێتی مایەوە، بە تەنیا و پاڵپشت بە ستراتیژیی قۆناغی دووەمی جێبەجێكردنی مورافەعەكەی مام جەلال، كەركوك لە دەمی نەهەنگ دەربێنێتەوە و فیلەكە لەبەرژەوەندی كورد بخات و دەمەزەردی ناسنامە كوردستانیەكەی كەركوك بكاتەوە.

كەركوك، كێكە یان شەترەنج؟ 
كێك و شەترەنج وەك دوو ئاماژەی باو لە كایەی سیاسیدا دەمێكە بەكاردێن، یەكەمیان ئاماژە بۆ ویستی دابەشكاریی و بەدەستهێنانی زۆرترین دەستكەوت، هێزی براوە بۆ دەستبەسەراگرتنی (كێك)ەكە هەوڵدەدات بێ رەچاوكردنی ئەوەی ئەم چاوچنۆكییە پرسەكە بە كوێ دەگەیەنێت، لە كاتێكدا تەختەی شەترەنج گوزارشتە لە گۆڕەپانێكی پڕ لە ململانێ و بەریەككەوتن، كە پادشا و فیل و ئەسپەكان سەرباز وەك قەڵغان بۆ ئامانجی بردنەوە بەكاردەهێنن، لێرەوەیە ستراتیژیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هێزەكانی تر جیا دەبێتەوە، هەموو ئەو هێزانەی هەناسە سواربوون بۆ رێككەوتن، خۆبەستنەوەیانە بە ئەجێندای هەرێمی، مەبەستیانە كێكەكەی كەركوك دەست بەسەردا بگرن و خێر و بێرەكەی بخەنە قاسەی حزب و كەسایەتییەكانەوە و خەڵكەكەی برسیتر بكرێت، یەكێتیش بە پێچەوانەی ئەوانەوە، شارەكە وەك تەخت و تەختەی شەترەنج سەیر دەكات، بەڵام بۆ (كش نەتەوە) و پێكهاتەكانی تر نا، بەڵكو بۆ (كش مەلیك)ی ئەو خۆسەپێنەرانەی بە لێكەوتەكانی ریفراندۆم كەركوكیان لێكردین بە سەربازگە.
ناكۆكیەكانی ئێستا روون و راشكاون، ئەوەی دەیویست كێكی كەركوكی لە دەرەوەی بەركەوتەی هەڵبژاردن و قورسایی جەماوەری پێ ببڕێت، ئەوانە بوون كە لە چوارچێوەی پیلانگێڕی ناوخۆیی و ئیقلیمی، لەگەڵ شەیتان دەسازان بۆ (ئاوت) كردنی یەكێتی، ئەوەشی مەبەستی بوو لەو یارییە شەترەنجییەدا بێ بەریەككەوتن و ناكۆكی قووڵ، پارێزگاری لە دەنگ و سەنگی خەڵك بكات، یەكێتی بوو، كە دواجار بە دووربینی و راستگۆییەوە فیلەكەی خست و پادشاشی بە ئیمزایەك خانەنشین کرد.

كەركوك چی بە هەرێم دەبەخشێت؟
لە دەرەوەی دروشمسازیی نەتەوەیی و سەنای بانگەشەی حزبایەتی، جیاواز لە رەهەندە تیۆرییەكەی جۆشدانەوەی خەباتی حزبەكان لە وێناكردنی ئەم شارە بە قودس و دڵی کوردستان، كەركوك و وەرگرتنەوەی شەرعییەتی حوكمڕانییەكەی، دەستكەوتێكی جیۆپۆلۆتیكی گەورەیە و بە تەنها كەركوكییەكان لێی سوودمەند نابن، بەڵكو هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی لە رووی سەقامگیریی و ئارامییەوە دەبن بە سوودمەندی یەكەم، دەشێت ئەم چەند رووكارە لە سەرەكیترین دەستكەوتە جیۆپۆلۆتیكییەكانی وەرگرتنەوەی حكومڕانی كەركوك بێت:
ـ راگرتن و رێگریكردن لە پرۆسەی دووبارەی تەعریب، بە تایبەتی كە لەدوای لێكەوتەكانی ریفراندۆم و لاوازكردنی رۆڵی كورد لە شارەكەدا، كاربەدەستانی عەرەب بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای كەركوك هەمیشە لە پیلانگێڕیدا بوون.
ـ راگرتنی ئەو هەڕەشانەی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستانن و بەكارهێنانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارێزگای كەركوك كە وەکو سەکۆ بۆ هەڵدانی مووشەک و هەڕەشە بەكارهێنراون بوونەتە مەترسی جددی لەسەر ئارامی كوردستان.
ـ لە رووی زهنییەوە كاریگەریی لەسەر دنیابینی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێدەهێڵێت، بەوەی كە لە دۆخی دیموكراسی و هەڵبژاردن و ساتەوەختی ئارامدا كورد بێ ئاریشە دەسەڵاتداری یەكەمی شارەكەیە و لە کاتی جەنگ و خۆسەپاندن و كاولكاریشدا ئەو ماف و شایستە جوگرافی و مرۆییە لە خەڵكە رەسەنەكەی زەوت دەكرێت.

بەڵێنەكەی سەرۆكی یەكێتی 
کورتترین پێناسەكردنی سیاسەت هەر ئەوە بووە كە دەووترێت «هونەری مومكین»ە، بەو پێیەی سیاسەتمەدار مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاری و دۆخی ئاوەژووی ناو كایە جۆراو جۆرەكان دەكات، بەڵام بەڵێنی ئەخلاقی و سەرڕاستی لە خەبات بۆ دروشمەكانیش بۆ هەندێكیان ئەستەم نابێت، لەبەرئەوەی بە گوێرەی یاساكانی ریالیزمی سیاسی هەر لە سەرەتاوە دەبێت بۆ ئەوە سازابین كە سەرەڕای پارادۆكسە سەختەكان، بەڵام پابەندبوونەوە بە بەڵێنە ئەخلاقییەكان پێویستە لە پێشینەی کردەوەکاندا بێت. 
وتارەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و روون و راشكاو و بەجێ بوو، تەنها لە چوارچێوەی بانگەشەكەی سێ دەستەواژەی كردە دیاری كەركوكییەكان، یەكەمیان (جێتان ناهێڵین) و دووەمیان (وەریدەگرینەوە) و سێهەمیش (پارێزگاری لە فەرهەنگی سەرۆك مام جەلال دەكەین)، بۆ ئەم سێ بەڵێنەش، سەرەڕای ئاستەنگ و پیلانگێڕییەكان پابەند بوو، لە ساتی یەكەمەوە كەركوكییەكان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵكی شارەكەی جێنەهێشت و رێگەی نەدا رێككەوتنی ژێر بەژێر و ئەجێندای دەوڵەتانی دیكە بۆ ئاوتكردنی هیچ هێزێك سەربگرێت، هەروەك بە میتۆدی ئەخلاقی و بەرگریكردن لە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار دروشمە سەرەكییەكەی (وەریدەگرینەوە) كردە بنەمای سەرەكیی خەبات و سەرەنجامیش ئەوەی بە زەبری چەك و خۆسەپێنی دەستی بەسەردا گیرابوو، بە رێكاری دیموكراسی و ستراتیژیی ئالیانس وەرگیرایەوە، دواجاریش لە دۆخی سەركەوتن و باڵاییدا لەبری لووتبەرزی و خودباڵایی، ئاكاری سەرۆك مام جەلال-ی دوپاتكردەوە، لە پێویستیی حكومڕانییەكی رەشید و دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان و بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینە بۆ هەموو پێكهاتەكان.

ریالیزمی سیاسی لە بەرامبەر لووتبەرزیی نا سیاسی
نەك هەر كۆبوونەوەكەی هۆتێل رەشید و دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و هەڵبژاردنی كاربەدەستانی تر بۆ شارەكە، بەڵكو پێشتریش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سەلماندی لە دۆخی پەرتبوونی ریزەكانی بزووتنەوەی سیاسی كوردی لە هەرێمی كوردستاندا، كەوتووینەتە نێوان دوو فۆڕمی بیركردنەوە: یەكەمیان یەكێتی نوێنەرایەتی دەكات كە خۆی لە دیدێكی واقیع بینانەی سیاسیدا دەبینێتەوە و بە گیانی سازان و رێككەوتن پارێزگاری لە پشكی كورد دەكات. 
ئاراستەی دووەمیش پارتی خۆی بە خاوەنی دەزانێت كە جۆرێكە لە لووتبەرزیی سیاسی و سیاسەتی ئاوتكردن و پەیڕەوكردنی میتۆدێكی خۆویستانەیە، بەڵام چونكە چیتر ئەم فۆڕمە لە عیراقدا نایخوات، لەبەرئەوەیە بە مایەپووچی ‌و دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە.
كاتێك هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆیەك بەهێز و گوێ لێگیراوبوو، ئەو دەمەی ریفراندۆم و سەركێشیكردن بە دەستەكەوتەكان نەببوو بە دەستكەلای هەرێمی، هێزی جیۆپۆلەتێكی هەرێم لە ناوچە دابڕێندراوەكان بەهێز و كاریگەر بوو، لەبەرئەوەش بوو هەمیشە هەژموونی پارتی لە موسڵ و یەكێتیش لە كەركوك لە ئارادا بوو، بەڵام كاتێك هەرێم لاواز دەبێت و قەوارەكەی دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی نەمانەوە، سیاسەتی دروست واقیعبینیەكەی یەكێتییە كە بە گەڕانەوە و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا پارێزگاری لە بوون و مانەوەمان بكرێت نەك سیاسەتی پارتی كە بە زمانی هەڕەشە و گوتاری توند بە نەفەسی دێرین مانەوەی خۆی بكات بە مەرج و نەهێڵێت كەسی تر بە دەستكەوتەكانی بگات.
كات تێپەڕی و ئێستا كەركوك پارێزگارێكی كورد و یەكێتی هەیە، لەسەر ئەو تەختە شەترەنجە، ململانێكان هەر دەمێننەوە، بەڵام لەیەک کاتدا هەم فیل و هەم ئەسپ و لەگەڵیشیاندا مەلیک بەهێزی یاسا کش کراوە و رەوانەی ماڵ کراوەتەوە.

ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک کاری لە پێشینەی پارێزگاری نوێ و ستافەکەیەتی

وتارەکانی نوسەر