یەکبێژ

شۆڕشگێڕ نەک تیرۆریست

07:42 - 2022-05-26
هیوا محەمەد
223 خوێندراوەتەوە

تیرۆریست بەوانە دەوترێت کە لە ناخافڵەوە مڕۆڤەکان دەکوژن، هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراویان نییە، ئەگەر هەشیان بێت خۆسەپاندن و رەتکردنەوەی ئەوانەیە کە لە روویاندا دەوەستنەوە، داعشییەکان دەکرێت ئیتاعەتی خۆیان لە مزگەوتەکان بکەن، بێ ئەوەی کەسێک رێگرییان لێبکات، ئەوان ئەمە دەکەن و لە رێیەوە پێمان دەڵێن ئەوەی لەگەڵمان نەبێت سەری دەبڕین.
 ئەوانەش کە بە کۆمەڵ هەڵگری بیروباوەڕێکن و لەناو یەک حزب و رێکخستندان، پشتبەست بە پێوەرە جیهانییەکان و سەلماندن و بەڵگە، داوای مافی نەتەوەیەک دەکەن کە زەوتکراوە، پێیان دەڵێن شۆڕشگێڕ.
تا ئێستا لەسەر ئاستی تاک نەبێت هیچ گروپێک بە تاوانی تیروریستی سزا نەدراوە، چونکە ئەم نازناوە مەرامێکی سیاسیی لەپشتە و جاری وا هەیە هەمان ئەو تیروریستانە ناوی نیشتمانپەروەریان بەسەردا دەبڕێت، چونکە دۆخەکە واپێویست دەکات.
ئەوەی تورکیا پێی دەڵێت تیرۆریست و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ لەناو بردنیان، لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا رێزیان لێدەگیرێت و بەشداریی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانیان پێدەکرێت، لەلایەن حزبە سوشیال دیموکرات و چەپەکانەوە دۆستایەتییان دەکرێت.
ئەوەی تورکیا داوای دەکات لە سوید و فینلاند لەبەرامبەر پەسەند کردنیان لە ناتۆدا دان بەوەدا بنێن پەکەکە تیروریستن، شتێکی نوێ نییە، لە مێژە تورکیا دەزانێت کە ئەوان و زۆرێکی دیکەش لە جیهان داڵدەی زۆرێک لە پەکەکەیان داوە و هاوپشتییان بوون.
یەکێتی ئەوروپا بە ئەندام بوونی تورکیا رەت دەکاتەوە بە هۆکاریی کێشە ناوخۆییەکانی تورکیا لەسەروویانەوە چارەسەرنەکردنی ئاشتیانەی کێشەی کورد.
ئەمریکا داڵدەی فەتحوڵڵا گویلەن دەدات، تورکیا بە تیروریست ناوزەدی دەکات.
لە سوریا سوپای روسیا لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئیران مامەڵە دەکات و پێکەوە قوربانی دەدەن لە دژی پلانگێڕییە ئیقلیمییەکان کە لەرێی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە دەکرێت، کەچی لای ئەمریکییەکان داوا دەکرێت ئەو هێزە ئیرانییە لەناو لیستی تیروریستاندا بمێنێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی لەلایەن روسیاوە هاوپەیمانی دەکرێن و بە تیرۆریست ناناسرێن.
پێوەری بە تیرۆریست زانین، مەبەستی سیاسی لە پشتە، ئەمریکا بیست ساڵ بەدوای تالیبانەوە بوو لە ئەفغانستان، بەڵام بە دوو هۆکار، یەکەمیان مقاوەمەی بەردەوامی تالیبان، دووەمیان رۆڵ و کاریگەریی دەرەکی وڵاتێکی وەک قەتەر، وایکرد ئەمریکییەکان چۆڵی بکەن و بیدەنە دەست تالیبان و داواشیان لێبکەن ئیدارەی وڵاتەکەیان بدەن و مامەڵەشیان لەگەڵدا دەکەن.
دەکرا پێوەرێکی جیهانی هەبوایە بۆ بە تیرۆریست ناساندنی هەر کەس و گروپێک، تا خەباتی ئەو شۆڕشگێڕانەش بە تیرۆریست نەناسێندرایە کە بە ئاشکرا داکۆکی لە گەلێک دەکەن و دژی شەڕ و کوشتنن و چەندین جار یەکلایەنە ئاگر بەستیان راگەیاندووە، شار و گوندی خۆیان جێهێشتووە و لە ئەشکەوت و دۆڵ و چیاکان دەژین.
هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم و تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان لێرە و لەوێ بە دڕۆن و بۆردومانکردنیان کاری تیرۆریستی نییە؟ یان پێشێلکاریی و بەزاندنی سنووری نێودەوڵەتی کاری ناڕەوا و دژی رێکەوتننامە نێو دەوڵەتییەکان نییە بۆ رێز گرتن لە سنوورەکانی یەکتر و نەبەزاندنی سیادەی وڵاتێک؟

وتارەکانی نوسەر