خاڵی هاوبەشی هەندێک بانگخواز و میدیاکار

07:58 - 2022-05-26
جەمال ئارێز
600 خوێندراوەتەوە

بەداخەوە چەواشەکاری و داڕشتنی حیکایەتی جۆراوجۆر لەلایەن بەشێک لە میدیاکاران و بانگخوازانی ئاینییەوە خەریکە دەبێتە دیاردە ئەمیان بەناوی تەلەفۆنی ژنێکەوە و ئەویان بەناوی سەرچاوەیەکەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت.
 ئەوەی زیاتریش ئەو دیاردەیەی پەرەپێداوە، پەیجەکانی سۆشیال میدیا و هەندێک لەو سایتانەن کە بەهۆی بێ بابەتیی جدیی و خەمی خەڵکەوە یان ئەوەتا پەنا بۆ مۆنتاژ و هەڵبژاردنی بڕگەی کەتکراو لە قسە و گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک یان کچە مۆدێلێک دەبەن، یان لە کۆی وتارێکی ئایینی بانگخوازێک یان وتاربێژێکی ئایینی بڕگەیەکی مۆنتاژکراو بڵاودەکەنەوە بەمەستی ئەوەی لەڕێی چەند کۆمێنت و لایکێکەوە باڵانسی خۆیان بەرزبکەنەوە.
ئێستا بەشێک لە میدیاکاران پەیدابوون کە بەناوی سەرچاوەیەکی تایبەتەوە کە گوایە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، چەندین حیکایەتی جۆراوجۆر دەهۆننەوە و دەرخواردی خوێنەر و وەرگری دەدەن، کە دیارە لەو جۆرە حاڵەتەشدا لەبەر ئەوەی ناوی کەس نەهاتووە، هەرچییان بوێت دەیخەنە ئەستۆی ئەو کەسە گومناوە.
لەولاشەوە بەشێک لە (زانایانی ئایینی) و بانگخواز لە دەرەوەی قسەکردن لەسەر بنەماکانی قورئان و شەرع و فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلامەوە، کۆمەڵێک چیرۆک دادەڕێژن و بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانیشیان باس لەوە دەکەن کە گوایە درەنگانێکی شەوی رابردوو ئافرەتێک تەلەفۆنی بۆ کردوون و لەبارەی سەرجێیی خۆی و مێردەکەیەوە سکاڵای کردووە، یان ئافرەتێک تەلەفۆنی بۆ کردوون و باسی ئەوەی بۆ کردوون کە مێردەکەی خیانەتی لێدەکات و... هتد، کە ئەم چیرۆکانە خەریکە بەشێکیان دەبنە نوکتە و مایەی گاڵتەجاڕی لای خەڵک. 
ئێستا تەلەفۆنی ئەو ئافرەتە نادیارانە بۆ مەلاکان و لێدوانی سەرچاوە نادیارەکان بۆ میدیاکان بوونەتە خاڵی هاوبەشی نێوان بەشێک لە بانگخواز و پیاوانی ئایینی و بەشێک لە میدیاکاران کە هەندێکیان گوایە بە مەبەستی چاکسازیی لە کۆمەڵگەدا دەیکەن، بەڵام خەریکە ئامانجەکەیان پێچەوانە دەبێتەوە و بە زیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەشکێتەوە.
ئەوەندەی لە گوتار و ئیرشادەکانی بەشێک لەو مەلایانەوە باسی سێکس دەکەن و هەندێک لە گەنجان و مێردمنداڵانی پێ دەوروژێنن، لە فیلمە پۆڕنەکان زیاتر زیانیان بە گەنجان و مێرمنداڵان  گەیاندووە و مێشکیان سەرقاڵ کردوون.  
جگە لەوەش خێزانەکانیان زیاتر لەبەریەک هەڵوەشاندووە، لەبەرامبەردا بەشێک لە میدیا و میدیاکارانیش بەترش و خوێ کردن و گرافیک دروستکردن بۆ بڕگە وروژێنەرەکانی قسەی ئەو مەلایانە زیاتر تەرویج بەو بابەتانە دەدەن وەک ئەوەی خەڵک هیچ کێشەی تری نەبێت.

بەشێک لە میدیاکاران پەیدابوون کە بەناوی سەرچاوەیەکی تایبەتەوە کە گوایە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، چەندین حیکایەتی جۆراوجۆر دەهۆننەوە و دەرخواردی خوێنەر و وەرگری دەدەن

وتارەکانی نوسەر