بەرژەوەندیی شاردراوە لە سایەی ناوبژیوانیدا

10:35 - 2025-07-07
جەمال ئارێز
57 خوێندراوەتەوە

 لە دیدی واشنتۆنەوە «هەموو ئەو جەنگ و پێکدادانانەی دیکەی ئیسرائیل لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا پەیوەستن بە رۆڵی ئێستا و پێشووی تارانەوە» بۆیە دەیەوێت لە دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا ناوبژیوان نەبێت

مانگی رابردوو هەموو چاوەکان لەسەر جەنگی (ئێران – ئیسرائیل- ئەمریکا) بوون، بەڵام پێدەچێت رووداوەکانی ئەم مانگە هەمووی لەسەر دانوستاندن بێت، بەڵام وەک دەردەکەوێت دانوستاندنەکان هەمووی بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی ناوبژیوانەوە بەڕێوەبچێت.
دەبینین لەلایەک دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەناوبژیوانیی قەتەر و میسر و تورکیا بەڕێوەدەچێت، لەلایەکی دیکەشەوە دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل بە ناوبژیوانیی راستەوخۆی فەرەنسییەکان و ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. هەرچی دانوستاندنی نێوان سوریا و ئیسرائیلیشە بە ناوبژیوانیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە، رۆڵی واشنتۆنە، چونکە لەم کێشە و گرفتانەی ئاماژەمان پێدان هەم وەک نەیار و هەم وەک ناوبژیوان مامەڵە دەکات و هەم وەک داڕێژەری نەخشەڕێگەی سازان و ئاگربەست خۆی دەردەخات.
جەنگی حەماس و ئیسرائیل،  رۆڵی دوولایەنەی ئەمریکا 
ماوە و بەردەوامیی دوایین جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023-ەوە بە سێ قۆناغی شەڕ و ئاگربەست بەردەوامە، لەم جەنگەدا ئەگەرچی هەر لەسەرەتاوە واشنتۆن ئەوەی نەشاردووەتەوە کە پشتیوانیی ئیسرائیل دەکات، بەڵام شێوازی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ حەماس ئاستی جەنگی رۆتینی تێپەڕاند، ئەمەش جۆرێک لە ئیحراجیی بۆ ئەمریکا بەهەردوو قۆناغی بایدن و ترەمپیشەوە دروستکرد، چونکە ئەگەرچی حەماس وەک هێرش و پەلامار لە جەنگەکەدا دەستپێشخەر بوو و سەرەڕای ئەوەش چەندین کەسی مەدەنی هەم ئیسرائیلی و هەم بیانی لەو وڵاتە بە بارمتە گیران، بەڵام وەڵامەکەی ئیسرائیل لە رووی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی سڤیلەوە هەموو پێوەر و پرەنسیپەکانی جەنگی تێپەڕاند و ئەوەی هەیە پیادەکردنی سیاسەتی (بەسوتماککردنی خاک – سیاسة الارض المحروقة)یە، پیادەکردنی ئەم جۆرە سیاسەتە وەحشیگەرییەش کە دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێت، جۆرێک لە شەرمەزاریی بۆ ئەو وڵات و میللەتانە دروستکردووە کە بانگەشەی مافی مرۆڤ و پابەندبوون بە یاسا و رێساکانی جەنگەوە دەکەن و هەروەک جۆرێک لە شەرمەزاریشی بۆ ئەو وڵاتە عەرەبییانەی ناوچەکە دروستکردووە کە هاوپەیمانی ئەمریکان و تازە بەتازە جۆرێک لە بنەمای پەیوەندیی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئیسرائیلدا دامەزراندووە، هەربۆیە ئەو وڵاتانە لەڕێگەی پەیوەندییەکانیانەوە تاڕادەیەک توانیویانە کاریگەرییەک (ئەگەر کەمیش بێت) لەسەر سیاسەتی واشنتۆن دابنێن تا یان پشتیوانیی ئیسرائیل نەکات، یاخود ئەگەر بتوانێت رۆڵێک ببینێت بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست.
شەڕی حزبوڵڵا - ئیسرائیل و   رۆڵی فەرەنسا 
حزبوڵڵا کە وەک هاوپشتییەکی ئایینی لەگەڵ حەماس و هاوسنووری لەگەڵ ئیسرائیلدا بەویستی خۆی یان تێوەگلا بوون بە بەشێک لەو جەنگە، هاوکات لەگەڵ تێکەڵبوونیشی بە جەنگەکە، کەوتە نێوان چەند گوشارێکی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە. لەسەر ئاستی لوبنان کە ئەگەرچی حزبێکە لە لوبنان، بەڵام بەهۆی ئەو هێزە چەکدارە تۆکمە و پۆشتەیەی کە هەیەتی لەڕووی کەرەستەی جەنگییەوە، چەندین ساڵە لە لوبناندا کردوویەتی بە هێزی یەکەم و بۆخۆی دەوڵەتێکی بەهێز بووە لەناو دەوڵەتێکی لاوازدا، بەڵام بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا هاتنەئاراوە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر و 8ی کانوونی یەکەمی 2024 کە تێیدا رژێمی ئەسەد رووخا و هەروەها لەدوای بەئامانجگرتنی حەسەن نەسروڵڵا و سەرکردە دیارەکانی دیکەی ئەو حزبە لەلایەن ئیسرائیلەوە، حزبوڵڵا کەوتە ژێر گوشارەوە چ لە ناوخۆی لوبناندا و چ لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و چ لەسەر ئاستی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا، بۆیە ئێستا کە ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە لە لوبنان نەکشێتەوە تا حزبوڵڵا چەک دانەنێت، ئەمەش هەم پشتیوانیی وڵاتانی ئەوروپا و لە پێش هەموویانەوە فەرەنسای لەگەڵدایە کە هێشتا لەڕووی سیاسییەوە شام و بەتایبەتی لوبنان بە میرات و شوێنپێی مێژوویی خۆی دەزانێت، بۆیە بۆ راگرتنی باڵانسی دۆخەکە هەم حکومەتی بەیروت و هەم ئەوروپاش پەنایان بۆ واشنتۆن بردووە تا ئەو بتوانێت ئیسرائیل هێوربکاتەوە تا ئەوانیش بتوانن بە خۆشی بێت یان ناخۆشی حزبوڵڵا قایل بکەن چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکات. بەمەش واشنتۆن وێڕای هاوپەیمانییە ستراتیژییەکەی لەگەڵ تەلئەبیبدا، دووبارە دەیەوێت لەو مەیدانەشدا رۆڵی دیپلۆماسیی خۆی ببینێت بەوپێیەی دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بەیروت و تەلئەبیب-یش دابنێت.
سوریا و ئیسرائیل
لە نوێترین پێشهاتیشدا، ماوەیەک بەر لە ئێستا هەوڵێک خرایەگەڕ سەبارەت بە ناوبژیوانی لە نێوان سوریای دوای ئەسەد و ئیسرائیل، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا دیمەشق ناڕەزایی دەربڕی سەبارەت بە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییانەی پاش رووخانی رژێمی ئەسەد کە لەژێر پاساوی پارێزگاریی سنوورەکانی و بەهاناوەچوونی دروزەکانەوە لە چەند ناوچەیەکی نوێ لەدەرەوەی هێڵەکانی جۆلان داگیرکردووە. ئەم بابەتەش لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سوریادا تاوتوێکراوە و لەوبارەیەشەوە واشنتۆن بەڵێنی داوە ئەگەر دیمەشق پابەندبێت بە ئارامی و ئاسایشی سنوورەکانییەوە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوا دەتوانێت هەم نێوەندگیرییان بکات و هەم لەمەسەلەی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکاندا چاو بەسیاسەتی خۆیدا بخشێنێتەوە، بەجۆرێک کە ببێتە نەخشەڕێگەی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لەنێوان دیمەشق و تەلئەبیبدا.
ئاگەربەستی ئێران و ئیسرائیل
ئەگەرچی بەشی زۆری گرفتەکان لە دیدی واشنتۆنەوە لەدەوری ئەو کێشەیە دەخولێتەوە و واشنتۆن پێیوایە «هەموو ئەو جەنگ و پێکدادانانەی دیکەی ئیسرائیل لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا پەیوەستن بە رۆڵی ئێستا و پێشووی تارانەوە»، بەڵام لە هەموویاندا دەبینین لایەنی پشتیوانی ئیسرائیلیش ئەمریکایە و لایەنی نێوەندگیریش ئەگەرچی قەتەر و سوڵتاننشینی عومان و ئیمارات و میسر و تورکیا رۆڵی تێدا دەبینن، بەڵام قسەی کۆتایی و ناوبژیوانی سەرەکی ئەمریکایە، ئەمریکاش لە هەموو ئەم کێشە و گرفتانەدا خاڵی هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکاندا، بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی خۆیەتی و تاچەند ئەو بەرژەوەندییانەی لە مەترسیدابن، واتە هێندەش لایەنە ناکۆکەکان لەیەکتریی دوورن و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە دەیەوێت لە دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا ناوبژیوان نەبێت.

نوێنەری ئیدارەی ئەمریکا ستیفن ویتکۆف و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی

وتارەکانی نوسەر