بەگوێرەی بروسکەیەک کە گوایە ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە وڵاتانی جیهان (ئەوانەی بەنیازن بەشداریی لەو کۆنگرەیەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەن کە بڕیارە لە رۆژی 17/6/2025 لە نیویۆرک ببەسترێت سەبارەت بە تاوتوێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین). بەگوێرەی بروسکەکە ترمپ تەنانەت هۆشداریی لە بەشداریکردن لە کۆنگرەکەش داوە و هەڕەشەی لانیکەم سەپاندنی سزا و لێکەوتەی دیپلۆماسیی دەبێت بۆ هەر وڵاتێک کە بەشداریی بکات یان کۆدەنگی بکات لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەت و گوایە ئەوەی بە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی وەسفکردووە!
تائێرە بروسکەکە گریمانەییە و پشتڕاستکراوە نییە، بەوپێیەی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ کۆمێنتێکی بە پشتڕاستکردنەوە یان رەتکردنەوە نەبووە، ئەمەش لە راستی یان ناڕاستیدا چەند ئەگەرێک رووبەڕووی ئەمریکا و خودی سەرۆکی ئەمریکا دەکاتەوە.
گریمان بروسکەکە راستە!
گریمان بروسکەکەی ترەمپ راستە، ئەوکاتە هەموو ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەبن کە لە چ بەرەیەکی ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییە هەنووکەییەکاندا راوەستاون، چونکە ئەمڕۆ و بەتایبەتی لەدوای جەنگی (روسیا - ئۆکرانیا) و (جەنگی غەززە)وە جیهان جەمسەرگیرییەکی ئاشکرای پێوە دیارە و ئەو سەردەمە رابورد کە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی سۆڤییەتەوە دەوترا جیهان بووەتە یەک جەمسەر، بۆیە ئەوانەی بەشداریی لە کۆنگرەکەی نیویۆرکدا دەکەن، بەئاشکرا بێبەرییبوونی خۆیان لە جەمسەربەندیی ئەمریکا دادەماڵن، دیارە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەشدا یان دەبێت یاریی بە ئاگر بکەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەو جەمسەرەدا، یاخود ئەڵتەرناتیڤێکیان دۆزیبێتەوە کە لەلای جەمسەری (روسیا - چین)ەوە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەکانی خۆیان مسۆگەرکردبێت، ئەمەش بە پێناسەیەکی ئاسان بریتییە لە زەقکردنەوەی جەمسەربەندییەکانی ئێستا و ئەگەری ئەوەی دەبێت زلهێزەکان بەشێوەیەکی ئاشکراتر بخاتە سەنگەربەندییەوە لە دژی یەکتر و دۆخی سیاسیی جیهان بەگشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
پێدەچێت ئەمریکا کاتێک دان بە فەلەستیندا بنێت کە رێککەوتننامەی (سەودای سەدە) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش کاتێک دەبێت دراوسێکانی ئیسرائیل گەرەنتیی ئاشتی بدەن، بەڵام ئەوە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە کارێکی ئاسان نییە
ئەگەر بروسکەکە هەڵبەستراو بێت!
بەوپێیەی هێشتا ئەمریکا نە لە زاری وتەبێتژی وەزارەتی دەرەوە و نە لە زاری وتەبێژی کۆشکی سپییەوە ئەو بروسکەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، کەواتە ئەگەری هەیە چەند وڵاتێک بەشداریی بکەن لانیکەم ئەوانەی دوای رێککەوتننامەی ئۆسلۆ کە ژمارەیان (78) وڵات بوو، دانیان بە ئەندامێتیی فەلەستیندا نا وەک ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەرچی ئەو ئەندامێتییە وەک (ئەندامی چاودێر) جێگیرکرا، بەڵام ژمارەی وڵاتەکان لە کۆی نزیکەی (175)ی ئەو سەردەمە ژمارەیەکی ئاسان نەبوو، جگەلەوەش ئەو سەردەمە ئەمریکا خۆی پاڵەوانی بێ رکابەری سەر گۆڕەپانی سیاسی و ئابووریی و سەربازیی نێودەوڵەتی بوو، بۆیە ئەو (78) دەنگە لە کۆی (175) توانیی قورساییەک دروستبکات و ئەندامێتیی فەلەستین وەک (چاودێر) جێگیربکات.
رەنگە ئەمریکا بەشداریی نەکات، بەڵام ئەگەری هەیە هاوشێوەی ساڵی 1993 - 1994 نەتوانێت رێگریی لەو وڵاتانە بکات کە بەشداریی دەکەن کە هەرخۆی ئێستا لە کۆی (193) وڵات (139) وڵات دانیان ناوە بە فەلەستیندا وەک دەوڵەت، لەبەرئەوەش کە ئێستا گۆڕەپانەکە بە تەنها بۆ ئەمریکا پاوان نییە و هێزی دیکەی ئابووریی و سەربازیی لە گۆڕەپانەکەدا لەئارادان.
کاتەکەی بۆ واشنتۆن گونجاوە؟
پێدەچێت ئەمریکا ئەگەر وەک بنەماش لەگەڵ ئەوەدا بێت کە چارەسەری دوو دەوڵەت وەک دوا بژاردە ببێتە ئەڵتەرناتیڤی دۆخی ئێستای نێوان فەلەستین و ئیسرائیل بەگوێرەی هەردوو رێککەوتننامەی کامپ دەیڤید و ئۆسلۆ، ئەوا هێشتا کاتەکەی بە گونجاو نەزانێت، چونکە:
*ئەمریکا نایەوێت یان ناتوانێت ئیسرائیل لەخۆی بڕەنجێنێت، لەکاتێکدا (لۆبی جوو) ژمارەیەکی کەم نییە لە وڵاتەکەیدا و جگەلەوەش ئابووریی ئەمریکا بە رێژەیەکی زۆر گەورە لەدەستی سەرمایەدارە جووەکاندایە کە پشتگیر و پشتیوانی قەوارەی ئیسرائیلن.
*واشنتن ئەگەر لەڕووی واقیعیشەوە لەگەڵ ئەو چارەسەرەدا بێت، ئەوا تا کەرتی غەززە بەدەست بزووتنەوەی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامییەوە بێت، ناچێتە ژێر باری پیشاندانی رەزامەندیی زارەکیشەوە، چجای رەزامەندیی نووسراو.
*ئەمریکا دەیەوێت کاتێک ئەو هەنگاوە بنێت کە رێککەوتننامەی (سەودای سەدە) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش گرنگترین خاڵی ئەوەیە کە دەبێت وڵاتانی دراوسێی ئیسرائیل هەمووان زامنی ئاشتی و ئارامی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکەن، ئەوەش کاتی پێویستە، چونکە هیچ کام لە وڵاتانی هاوسێی ئیسرائیل لە ترسی تەوژم و رەوتی ئایینی و نەتەوەیی وڵاتەکانیان بوێریی ئەوەیان نییە بچنە ژێر باری داواکارییەکی لەوجۆرەوە بەتایبەتی لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023-وە.
*سەودای سەدە بۆخۆی بێ دوژمن و رکابەر نییە چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمیش، بۆیە کارێکی ئاسان نییە بۆ ئەمریکا و ترەمپ سەرکێشییەکی لەوجۆرە بکەن ئەگەرچی وڵاتانی ناوچەکەش رەزامەندیی نیشان بدەن، چونکە لەو هەنگاوە چەند وڵاتێک سوودمەند دەبن، بەڵام چەندین وڵات زیانمەند دەبن لەڕووی ئابوورییەوە، ئەوانەش کە
زیانمەند دەبن هێزگەلی ئەوتۆن کە دەتوانن کارتی بەهێز بەکاربهێنن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر رێککەوتنێک کە بەزیان بۆخۆیان بشکێتەوە جا لەڕێی خۆیانەوە بێت یان لەڕێگەی بریکارەکانیانەوە لە ناوچەکەدا.
لە ئەگەری بەڕێوەچوونیدا هەڵوێستی ئەمریکا چی دەبێت؟
لەو کۆنگرەیەی 17ی ئەم مانگەی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکەن سەبارەت بە تاوتوێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین)، راسپاردە و بڕیاری کۆنگرەکە هەرچییەک بێت، ئەوا ئەمریکا وەک هەر پرسێکی دیکە کە لە بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسیی خۆیدا نەبێت یان مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت، یاخود لە ئەگەری دروستبوونی گوشاریشدا وەک پێشنیاز دەیخاتەوە ناو گۆڕەپانی کۆنگرێسی وڵاتەکەی بەهەردوو ژووری نوێنەران و سیناتەوە و لە یەکەمیش دەربازی ببێت، لە ئەنجومەنی پیراندا پەکی دەخرێت، وەک چۆن ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لەو بڕیارانەدا کە لەبەرژەوەندیی خۆیاندا نییە هەمان هەڵوێست دەنوێنن.
1993 - رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی ئۆسلۆ