یاسای پاراستنی سروشت

11:41 - 2024-09-01
هاشم غەمگین
124 خوێندراوەتەوە

پاراستنی سروشتی کوردستان پێویستی بە یاسایەکی توند و پتەوی گشتگیر هەیە، بۆئەوەی هەموو تاکێکی دانیشتووی وڵات پابەند بکات بە جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنییەوە، بۆئەوەی ناوچە شاخاویی و سروشتییەکان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، دارودرەخت و سەوزاییەکان، بەنداو و دەریاچە و رووبار و کانیاوەکان، بە یاسای پاراستنی سروشت بپارێزرێن.
چونکە سروشت پێویستی بە پاراستنی دروست هەیە، هەروەها ژینگەیەکی سروشتی تەندروست دەرفەتی زیاتر بۆ چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەڕەخسێنێت.
جێبەجێکردنی هەموو یاسایەکیش پێویستی بە چاودێری ورد هەیە، ئەگەر چاودێریکردن لاواز بێت، پێشێلکاری روودەدات و هیچ یاسایەک وەک خۆی پەیڕەوناکرێت، هیچ سوودێکی ئەوتۆ لە سروشت وەرناگرین.
هەرێمی کوردستان خاوەنی هێزێکی زۆری جۆراوجۆری ئەمنییە، لەبری ئەوەی بخرێنە بارەگایەکەوە تەنها پارێزگاری لەخۆیان بکەن، پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان کەڵکیان لێوەربگیرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم هێزێکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە دابین بکات، بۆئەوەی راوکردن و بڕینەوەی دار و درەخت و مەلەکردن لەشوێنی مەترسیدار و پێشێلکردنی پاکوخاوێنی نەهێڵرێت و سروشتی ناوچەکە رازاوەتر و دڵگیرتر ببێت، لەداهاتووشدا ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات کە خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەکە بخوڵقێنێت.
هەموو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەین، کەشوهەوا و ئاسمانی ناوچەکە تەندروست نییە، ئەویش بەهۆی کارگەکان و دوکەڵی ئۆتۆمبێل و خراپ فڕێدانی خاشاک و پاشەڕۆکانەوەیە، ئەگەر بێت و شوێنی لەبار و گونجاو بۆ ئەو مەبەستانە تەرخان نەکرێت و یاسای مۆڵەتی ژینگە و سروشت و دارستان پەیڕەو نەکرێت، ئەوا تەندروستی هەر تاکێک دەکەوێتە مەترسییەوە، بەجۆرێک نەخۆشی کوشندەی وەک شێرپەنجە بەرەو زیادبوون دەڕوات.
سروشتی خاکی کوردستان لە زۆر وڵاتی پێشکەوتوو جوانترە، بەڵام ئەگەر چاودێریی و یاسای پاراستنی نەبێت، هیچ کاریگەرییەکی سوودبەخش و ئەرێنی بۆ ناوچەکە نابێت.

وتارەکانی نوسەر