جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا تائێستا سێ ساڵی خایەندووە، سەرەتای دەستپێکی جەنگەکە پێشبینی و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەکان وابوو، روسیا لەبەر ئەوەی زلهێزە و خاوەنی چەکی ئەتۆمی و قورس و پتەوە، بە کورترین ماوە، دەتوانێت تەواوی خاکی ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەگەرچی چەند هەرێمێک لە ئۆکرانیا بەبێ بەرگری و جەنگکردن خۆیان رادەستی روسیا کرد، بەڵام دەسەڵاتی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ئۆکرانیا و خەڵکی ئەو وڵاتە، دوای سێ ساڵ بێ وچان، بەرگری و پارێزگارییان لە خاکەکەیان کرد و نەیانهێشت داگیر بکرێت.
قوربانی هەردوولا
بەردەوامی جەنگیش وایکرد، روسیا قوربانییەکی زیاتر بدات، وەک لە ئۆکرانیا، بە جۆرێک روسیا (95) هەزار و ئۆکرانیا (45) هەزار قوربانی بدات، هەروەها چەندین وڵات گەمارۆ و سزای ئابووری بخاتە سەر روسیا و هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵدا ببچڕێنێت.
هەر بەردەوامی جەنگ، قورسایی و سەنگی هێزی روسیای دەرخست بەرامبەر ئۆکرانیا، بە لاوازی دەرکەوت، ئەگەرچی ئۆکرانیا چەند هەرێمێکی لەدەستداوە، بەڵام نازانرێت دوای رێکەوتنی ئاشتی، دەگەڕێنەوە سەر وڵاتی ئۆکرانیا یان بەسەربەخۆیی لە ژێڕ رکێفی روسیا دەمێننەوە.
هەزاران کەس کۆچیان کردووە
هەزاران هاووڵاتی ئۆکرانی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و داوای مافی مانەوەو پەنابەرییان لەو وڵاتانە کردووە، بەڵام نازانرێت ئەوروپا دوای ئاشتی و کۆتایهاتنی جەنگ، لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، رێگەی مانەوەیان پێ دەدات یاخود بە زۆرەملێ دەیاننێرێتەوە، یان سەرپشکیان دەکات یاخود گەڕانەوە بۆ ئۆکرانیا.
زیانەکانی ئەو جەنگە هێندە زۆرە پێوانە ناکرێت، نەک بە تەنها لە ئۆکرانیا و روسیا، بەڵکو وایکردووە، زۆر وڵاتی ئەوروپا دووچاری قەیرانی ئابووری و کەمی خۆراک و سووتەمەنی ببن و گرانی دروست بێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە، ئەوروپا ناچار دەبێت مووچەی کەرتی گشتی و تایبەتی خەڵکی وڵاتەکانی زیاد بکات، هەروەها بۆ پاراستنی خۆی، هاوکاری و پشتیوانی دارایی مرۆیی و کەرەستە و ئامێری جەنگی ئۆکرانیا بکات و نەهێڵێت داگیر بکرێت، ئەمە چ جای شوێنی نیشتەجێبوون و خۆراک و پێداویستی بۆ هەڵهاتووان و کۆچبەرانی ئۆکرانیا دابین بکات.
لە کاتێکدا دەبێت وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا، دەیان ملیار دۆلار یارمەتی ئۆکرانیا بدات و هێز لە سنوورەکان جێگیر بکات، ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا داوای ئەو پارانە دەکاتەوە کە لەکاتی جەنگدا بە ئۆکرانیای داوە.
زیانەکان زۆرن
زیانەکانی ئۆکرانیا، هێندە زۆرن لە باسکردن نایەن، ئێستا وێرانکاریی و کاولکاریی تەواو وڵاتەکەی گرتۆتەوە و بە سەدان ملیار دۆلار ناگەڕێتەوە دۆخی پێشتری.
شەڕی سێ ساڵەی روسیا و ئۆکرانیا زیانی ماددی و گیانی گەورەی لێکەوتۆتەوە