پڕشنگدارتر بێت یادی زێڕینی دامەزراندنی یەکێتی

12:04 - 2025-05-26
هاشم غەمگین
165 خوێندراوەتەوە

مێژووی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی پڕە لەداستان و سەروەری و نەبەردی و چاونەترسی و قارەمانێتی، پڕە لە رۆڵەی شەهید و بریندار و زیندان و قوربانیدان، پڕە لە شەوەزەنگی نائومێدی و هەڵڕشتنی تاڵی و سوێری، پڕە لە گرتنەبەری ڕێیی سەخت و دژواری کوێستان و گەرمیانی کوردستان، لەماندوێتی و کۆسپ و برسێتی و تینوێتی و کۆڵنەدان و خۆڕاگری و لە سەرکردە و فەرماندە و تێکۆشەران و کادر و  پێشمەرگەی ئازا و بوێر. ئەو حزبە هەمیشە ئامێزی کردۆتەوە بۆ کەسایەتی بیرمەند و روناکبیر و ئەدیب و هونەرمەند و رۆشنبیر و ئاوێتە و هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
یەکێتی لەئان و ساتێکدا هاتە مەیدانی تێکۆشان و رووبەڕوبوونەوەی دوژمنانی کورد و هەڵگیرساندنی شۆڕش کە هیچ جوڵانەوەیەکی دیکە ئامادەی بەرخۆدان نەبوو، هیچ کوردێک لەو سەردەمەدا بڕوای بەوە نەبوو هێزێکی کوردی دروست بێتەوە خەبات بۆ پاراستنی ماف و خاک و رزگاری و دەرخستنی سەنگ و پێگەی گەل بکات و لەو پێناوەشدا بەگژ دوژمندا بچێتەوە. دوژمنان هەموو جۆرە چەکێک و فڕۆکەی جەنگی و کیمیاباران و چەندین بەرنامە و پیلان و سیاسەتی دڕندانەی بەرامبەر یەکێتی گرتەبەر، بەڵام نەیتوانی ئەو حزبە لەتێکۆشان و فیداکاری رابگرێت، چونکە پشتئەستوور بوو بە جەماوەرو بیروباوەڕێکی کوردانەوە.
گەردەلوولی شۆڕشی نوێ بەڕابەرایەتی یەکێتی، هەزاران سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە و کادر و ڕێکخستنی ئازاو چەلەنگی تێدا هەڵکەوت، چونکە سەرکردەیەکی وەک مام جەلال بە لێهاتوویی و ژیریی خۆی رابەرایەتی دەکردو توانی شۆڕش بگەیەنێتە ئامانج و دوامەنزڵگەی سەرکەوتن و رزگاری کە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان و دواتریش ئاوەدانکردنەوەی شارو شارۆچکەو شارە دێیەکانی کوردستانی لێکەوتەوە و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر کرد.
سیاسەت و بەرنامە و چالاکی و مێژووی پڕ سەروەریی یەکێتی وایکرد لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق، مام جەلال وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، کە لەو دۆخە ناسەقامگیر و ئاڵۆزەدا، توانی برایەتی و تەبایی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق پتەو بکات و لەسایەیدا مافی هەموو چین و توێژێک وەک خۆی پارێزراو بێت. یەکێتی وایکرد کورد پێگەیەکی دیار و پرشنگداری هەبێت، زمان و خاک و کەلتووری رەسەنی نەتەوەییمان بپارێزرێت، وەک حزبێکی شۆڕشگێڕی مۆدێرن بچێتە ریزبەندیی  ئەو حزبانەی جیهان کە بڕوای تەواویان بە ئازادی و یەکسانی گەلان هەیە و پێشەنگ بێت لەدیموکراسی و لە پاراستنی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
ئێستا لەنێو یەکێتیدا سەکردایەتییەکی نوێ و تەبا و یەکڕیز هەیە، پێگەیەکی باڵای هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهاندا، هیوادارین یادی زێڕینی (50) ساڵەی دامەزراندنی ئەو حزبە پێشەنگە ببێتە مایەی چاکسازی لە گشت سێکتەر و کایەکان و کاری رێکخراوەیی و حزبی و گۆڕانکاریی نوێ بێتە ئاراوە بۆ خزمەتکردن بە گشت چین و توێژەکان.

وتارەکانی نوسەر