هاشم غەمگین
راپەڕین کاردانەوەیرق و توڕەیی گەلی کورد بوو، بەرامبەر بەرژێمێکی دڕندە و ستەمکار و خۆسەپێن و چەوسێنەر، راپەڕین لەلایەن رێکخستنەکان و پێشمەرگە و خەڵکەوە بۆ ئەوە کرا، تا رزگاری و ئازادی سەرتاسەری بۆ خەڵکی کوردستان بەرجەستە بێت و کۆتایی بە حکومی دیکتاتۆری بێت و حکومی خۆجێی کوردی بێتە ئاراوە بۆ خزمەتکردنی خەڵک.
وەک شار و شارۆچکەکانی دیکە خەڵکی ئازا و تێکۆشەری شاری چەمچەماڵ بە هاوکاری و پێشڕەوی پێشمەرگە وڕێکخستنەکان لە ٨/٣ راپەڕینیان بەرپا کرد و سەرجەم دامودەزگاکانیان لە رژێمی بەعس پاککردەوەو ئازادی و سەربەخۆییان زامنکرد.
راپەڕین بەئاگاهێنانەوە و ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ هەر نەیار و دوژمنێکی کورد کە زوڵم و زۆر و چەوسانەوە تا سەر بۆ هیچ دەسەڵاتێک ناچێتە سەر.
هەروەها راپەڕین ئەوەی دووپاتکردەوە، کە ئەنفال و کمیاباران و خاپوورکردن و وێرانکردنی گوندەکان، کورد لە داواکردنی رزگاری و سەربەخۆیی و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی، هیچ کارێکی دڕندانە و وەحشیانە رایناوەستێنێت.
بۆیە لە یادی 34 ساڵەی راپەڕیندا درود و سڵاو بۆروحی پاکی سەربەرزی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەنێرم و سەریرێز و نەوازش بۆ کەسوکاریان نەوی دەکەم.
با یادی ٣٤ ساڵەی راپەڕین ببێتە مایەی جۆشدانەوەی زیاتری خەباتی خزمەتکردن و ئاوەدانی و بوژانەوەی کوردستان. با یادی راپەڕین خوڵقێنەری خۆشگوزەرانی و نوێگەری و بنیاتنان و پتەوکردنی بەرهەمهێنان و سەرخان و ژێرخانی ئابووری کوردستان بێت.
با یادی راپەڕین چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی و سەروەری یاسا بێت، کۆتایهێنان بێت بە گەندەڵی و کارکردن و بەرپرسیارێتی بە گیانی هاووڵاتیبوون.
با یادی راپەڕین پتەوکردنی یەکڕیزیی گەلەکەمان و بەرەنگاربوونەوەی خراپەکاران دژی مافەراوەکانی گەلی کورد. با راپەڕین زیندووکردنەوە و چاندنی روحیەتی گیانی نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی خاک بێت لە دڵ و دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا.
با یادی راپەڕین ببێتە هۆکاری ئاشتکردنەوەو ئارامکردنەوەی دڵ و دەروون و گیانی توڕەیی تاکەکانی کۆمەڵگە و خۆشحاڵی و خۆشگوزەرانیان. با یادی راپەڕین هەوڵدانی جددی بێت بۆ گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی سنوور تا خاکی حەمرینی کوردستان.
خەڵکی چەمچەماڵ تا ساڵی ٢٠٠٣ ش لوولەی دەبابەکانی دوژمن لەسەر سەری خەڵکەکەی بوو، لەپێناوی رزگاری و پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان شەهید و قوربانییەکی زۆری داوە، بۆیە شایەنی خزمەتکردن و ئاوڕلێدانەوەی زیاترن، نەک بەشێوەی ئێستا ساڵانێکی زۆرە هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەو سنوورە ئەنجامنەدراوە.