پارتی و خیانەت دوانەیەکی لێک دانەبڕاون

02:30 - 2024-09-03
ئەرکان محەمەد
200 خوێندراوەتەوە



پارتی و خیانەت گرێدراوی یەکدین، چونکە پارتی دۆستی هەموو دوژمنێکی کورد و دوژمنی هەموو کوردێکی ئازادیخوازە و 28 ساڵ تێدەپەڕێت بە سەر خیانەتی 31ی ئاب، کە خیانەتێکە هیچ کات لە بیری هیچ نەوەیەکی کورد ناچێتەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە بەهاری 1991 بە خوێنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە ئازادکرا، بەڵام پارتی لە 31ی ئابدا دەستی بەعسی گرت، کە ئەنفالی گەرمیان و بارزانیەکانی کرد و هەروەها کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و هێنایەوە ناو خاکی کوردستان.
کاتێک دەڵێین، پارتی و خیانەت دوانەیەکی لێک دانەبڕاون، قسەیەک نییە لە ڕقێکی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو مێژوو بەڵگەکان ئەو ڕاستیە دەردەخەن، بە جۆرێک تەنها لە مانگی ئابدا پارتی دوو خیانەتی دژی گەلی کورد ئەنجامداوە، بەجۆرێک لە ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 بە زیاتر لە 12 هەزار هێزی سەربازییەوە لە سنووری شنگال هەڵات و ناوچەکە و هاووڵاتیانی ڕادەستی تیرۆرستانی (د ا ع ش) کرد، کە گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتین و دواتر، جگە لە کۆمەڵکوژی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی سنوورەکە، هەزاران کچ و ژنی شنگال کەوتنە دەست ئەو تیرۆرستانە و بازرگانیان پێوە کرا و تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران لەو ژنانە بە نادیاری ماوەتەوە.
پارتی هێزێکە  خۆی بە هەڵگری دروشمی کوردایەتی دەزانێت
، بەڵام ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە دەبنین، لە مێژوودا هیچ هێزێک نیە هێندەی پارتی دووژمنی کوردبێت، ئەمەش نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکو لەسەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستانیش کێشە بۆ کوردان و گەلەکەمان دروست دەکات و هەوڵی لاوازکردنی پێگەیان دەدات.

لە ئێستاشدا پارتی، زۆر بێ مۆراڵانە شانازی بە خیانەتی 31ی ئاب دەکات، ئەمەش شەرمەزارییەکی کلتوری، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتییە، چونکە ئەو خیانەتە بووە هۆی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەش.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە بری ئەوەی پارتی پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی خۆیدا بکات و ئەگەر بۆ تەنها جارێکیش بێت بێتە ڕیزی ئەو هێزانەی، کە دژی داگیرکەرانن، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین، پارتی چاوساغی سوپای تورکیا دەکات بۆداگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری سنوری دهۆک لەلایەن ئەو وڵاتەوە داگیرکراوە و لە هەمانکاتیشدا داوای چۆڵکردنی ناوچەکە لە دانیشتوانەکەی دەکەن، چونکە بنکە و بارەگای سەربازیان تێدا دادەمەزرێندرێت.

بە هەڵوێستەکانی و ئێستا و ڕابردوودا بۆمان دەردەکەوێت، پارتی هیچ کات لە سەنگەری بەرگری لە کورد نەبووە، بەڵکو لە هەر شوێنێکەوە سەنگەر لە کورد گیرابێت، ئەوا پارتی لەو سەنگەرەدا بووە دژی کورد.

وتارەکانی نوسەر