لۆ پشە و پێشوولەكان

09:47 - 2024-09-04
شێرزاد شێخانی
59 خوێندراوەتەوە

شێرزاد شێخانی

 

جاران حكومەت و دەوڵەت رێز و تەقدیر و ئیحترامی پیاوماقوڵان و كەسایەتییە دیارەكانی هەولێرەكەمانی زۆر دەگرت، لەو ‌سەردەمە هیچ زەلامەكی هەرچی و پەرچی و بێ شەخسیاتی وەكی ئێستای پارتی نەدەكرانە‌ مەسئولی حكومەت، هەموو مەسئولەكانی ئەو سەردەمە كوڕی ئەرباب و عائیلە شەریف و خانەدان و ناسراوەكانی شار بوون. ئێستا دەبینن ئەو شارەی مە چی بەسەر هاتیە بە ‌دەست خەركی ناكەس بەچەوە، كە كەس نازانی كوڕی كێن و لە چ كەوكەبەكی عاسمانێ دابەزینە ناو شارەكەمان‌.
مەسڵەحەتی تەسكی حزبی و چاوچنۆكیان وایكردیە خەركی نامۆ بە تاریخی هەولێر‌ بینن و بیانكەنە مەسئولی شارەكەمان. ئەوجا با لەو مەسئولە هەڵتۆقیوانەی ئێستای هەولێر بپرسین: ئایا ئەنگۆ دەزانن جەلال خەلیل و جەمال خەلیل كێن و چ كارە بوون لەو هەولێرە؟. دەزانن مام رەئیس و حاجی حیكمەت و حاجی یاسین و بەشیر كۆكا و ئیكرەم وەهاب و تەحسین پۆدرە دوكانەكانیان لە كێندەرێ بوون؟. دەزانن مستۆ یانەسیبەكەی لەپێش كام سینەما دادەنا؟. دەزانن كامیل حەداد و ئەحمەدە كەڕە و وەستا عەبدوك و حاجی واحید ئیشیان چ بوو؟. دەزانن رەئوف دیشچی و خەلیل دیشچی و ئیبۆ بەربەر و دكتۆر سەبوور و دكتۆرە ئومەیە و دكتۆرە عەتیە عیادەیان لە كێندەرێ بوو؟. دەزانن مەمەد عارەبانەكەی لە كێ رادەگرت، خارە حەمە لە كام مزگەفت دەنوست، هەیاس لە پشت كام دیواری بارگەی خستبوو؟. دەزانن ئاوی كەسكو سۆر و ئاوی میری لە چ فولكەیەكی شاردا بوون؟. دەزانن شیرۆ خەلیل و نەجات عەبدولواحید و سەید مورسەل و كانەبی حەمبال ئیشیان چ بوو؟. دەزانن ماری مەحمود حیلمی و جەمال شەشخان و تەڵعەت موشیر ئاغا و ئیبراهیم شەریف و عومەر ساقی و عزەدین فەیزی لە كام گەڕەكی شاردا بوون؟. دەزانن چایخانەی حاجی مستیل و عەبۆ قاوەچی و ئەمین قاوەچی و حاجی كانەبی و عزەتە كەچەر و مام هەینی لەسەر كام جادەی بوون؟. دەزانن موحسینە كۆر چەند مەدالیای پاڵەوانیەتی وەرگرت‌، هاشم ریازی ناوی بابی چ بوو؟. دەزانن مەكتەبەی سەربەستی و مەكتەبەی سەید ئەحمەد و قرتاسیەی حاجی هاشمی لە كێندەرێ بوو؟. دەزانن كۆرانی بەلوعە و مەیدانی مریشكان و قەسابخانە كۆنەكە لە كام گەڕەكی شار بوون؟. دەزانن حەمامی مۆدە لەناو‌ كام بازاڕدا بوو، كێ ناتری حەمامی سەڵا‌حەدین بوو؟. دەزانن چەند حەسار لە گەڕەكی خانەقا و تەعجیل و عارەبان-دا هەبوون؟. دەزانن زوبیر بیلال ئیسماعیل چەند كتێبـی هەیە. چوارینەكانی جاهید و دیوانی عەونی كۆیی و شیعرە عەرەبییەكانی پیرباڵ مەحمودیان خیندیتەوە؟. دەزانن تەشریبـی شەریف قاورمەچی و كەباب كویسنجق و كەباب بەهار و كەباب شەوقی و پاچەی عەدنان و مەتعەم فەجر و فندق فەڕەح لە كام سوچی شار بوون. ئەوانە و هەزاران پرسیاری دی كە بێگومانم هیچ وەڵامەكیان پێنادرێتەوە و لە دەرسی ئیمتحانی هەولێر ساقیت دەبن!.

وتارەکانی نوسەر