کێ بەدیلی پارتییە لە کوردستان؟

10:52 - 2024-09-03
شێرزاد شێخانی
299 خوێندراوەتەوە

زۆربەی خەرکی کوردستان بەتایبەتیش هەولێرییەکان لە دەسەڵاتی پارتی بێزار و تووڕەن. هیچیان لە حوکمی پارتی رازی نین، مەگەر کۆیلە و موستەفیدەکانی خۆی نەبی. لەگەر ئەوەشدا دەوی هەریەکیان دەکەیەوە پێت دەرێ ناچمە ئینتخابات، چونکی باش دەزانم هەر پارتی دێتەوە سەر حوکم و پارتی بەدیلی نییە لۆ خۆم هیلاک بکەم؟!. ئەو قسەیە زۆر ناحەقیە. چونکی هەر تەنها خەرکە دەنگدەرەکەیە بتانی ئەو وەزعە بەدەستی خۆی بگۆڕی. با پرسیارەک لەو خەرکە بێئومیدە بکەم: ئەگەر زۆرینەی خەرکی هەولێر و کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی پارتی لە نانبڕین و مووچەبڕین و ناعەدالەتی و تێکدانی گەڕەکەکانی شار و کوشتوبڕی خەرکە ئازادیخوازەکان و بێ ئاوی هاوینان و لافاوی زستانان و بێ کارەبایی چار فەسڵی سار، تێبەردانی ئەو هەموو کۆیلەیە لە خەرک، شێواندنی رەوشتی کوردەواری و شارستانی هەولێر، بێکاریی گەنجان و دزی و تاڵانی سەروەت و سامانی میللەت و پشتشکاندنی کاسبکاران بە دەیان نەوعە باجی زاڵمانە، ئەوانە و دەیان تاوانی تری پارتی لەبەرچاوبگرن و سبەی کە چوونە سەر سندووقەکان دەنگ بە پارتی نەدەن، کوو گۆڕانکاری نایەتەدی؟ .
خەرکی کوردستان حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنیان تاقیکردەوە. حزب هەبوو 25 کورسی هەبوو، 12 کورسی هەبوو، 14 کورسیشیان هەبوو، هەمووشیان لەناو دەسەڵات بوون، بەرام هیچیان پێنەکرا، چونکە هێزیان نەبوو لەبەرامبەر پارتی راوەستی. لۆیە تاکە بەدیل لۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆرداری پارتی تەنهاو تەنها یەکێتییە کە هێزی هەیە و سەنگ و رەنگی لە عیراق و ناوچەکە و دونیاش هەیە، خاوەن شۆڕش و تەجروبەی سیاسییە و توانای مونافەسەی پارتی هەیە.
هەموو خەرکی هەولێر شاهێدی دەدەن کە بەدرێژایی 30 ساری رابردی حکومەتی هەرێم تەنها ئەو دوو سارەی حکومەتی یەکێتی بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرهەم ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری لەکوردستان هەبوو. کەواتە ئەگەر یەکێتی لەو هەڵبژاردنە سەرکەوی و حکومەتی بکەویتە دەست، بەهەمان نەفەس خزمەتی خەرکی دەکات. ئەوەشتان لەبیر نەچی نە لەحکومەتەکانی هەرێم و نە لەحکومەتەکانی بەغداش هیچ وەزیر و مەسئوولەکی یەکێتی بە تۆمەتی گەندەڵی دەرنەکراون و دۆسییەیان لەسەر نییە وەکو مەسئوول و وەزیرەکانی پارتی کە هەر رۆژەو دەیان کەیسی گەندەڵییان لێ ئاشکرا دەبی. ئەوجا ئەنگۆ خۆتان و زەمییر و ویژدانتان. باقی وەسسەلام.

وتارەکانی نوسەر