خۆمانە و خێزانیی

بەکاڵاکردنی ژن

10:10 - 2024-09-08
رۆزا دڵشاد مەریوانی
93 خوێندراوەتەوە

(18)

لە رادیۆی ئۆتۆمبێلەکەمەوە گوێم لە ریکلامێکە، گفتوگۆی نێوان کوڕ و کچێکە لە کۆتاییدا کوڕەکە بە کچەکە دەڵێت «دەموفڵقت ئاوا لێمەکە با نەکێشم بە دەمتا» کە گوێم لەو ریکلامە بوو تووشی شۆک بووم و پرسیم ئایا هیچ سانسۆرێک بۆ ئەو ریکلامانەی لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێنەوە هەیە؟ یاخود ئەوە تەنیا بۆ خاوەنی کەناڵەکە دەگەڕێتەوە تا چەند بەلایەوە گونجاوە و پەخشی دەکات. هاوکات ئەو ریکلامانەی تێیدا ژن سووک دەکرێت بەداخەوە دووبارە دەبنەوە، هەندێکجاریش وەک ئەو ریکلامەی باسمکرد هانی توندوتیژیی دەدات و وەک بابەتێکی تەنزئامێز  تەماشای دەکەن، جگەلەو ریکلامانەی تێیدا ژن وەک رەگەزێکی وروژێنەر بەکاردەهێنن، تەنانەت هەندێکجار ئەو بابەتەی ریکلامی بۆ دەکەن هیچ پەیوەندییەکی بەو ژنەوە نییە کە تێیدا بەکارهاتووە، وەک ریکلامکردن بۆ بابەتێکی پاکەرەوە، راستە ریکلام دەبێت هەندێ کەرەستە لەخۆ بگرێت زیاتر لەهەر بابەتێکی دیکەی میدیایی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام مەرج نییە تێیدا ژن وەک کاڵایەک بۆ وروژاندنی حەزی سێکسی بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمەی ریکلامی بۆ دەکرێت راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژنەوە هەیە نەک پیاو.

 

مەرج نییە ژن بۆ وروژاندنی حەزی سێکسی بەکاربهێنرێت، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمەی ریکلامی بۆ دەکرێت، راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژنەوە هەیە نەک پیاو

 

 

بێگومان ئەم مەسەلەیە تەنیا لە وڵاتی ئێمەدا نییە، بەکاڵاکردنی ژن لە ریکلامدا جیهانییە و جار جار لە رێی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لە هەموو دنیادا ئەوە روودەدات دژی پەخشکردنی ریکلامی کۆمپانیایەک دەوەستنەوە، تا ئەو لایەنە ناچار دەکەن ریکلامەکەی رابگرێت بە تایبەتی ئەگەر تێیدا هانی رەگەزپەرستیی و توندوتیژی دژی ژنان بدات.
بەڵام وڵاتی ئێمە کە هێشتا مەسەلەی ئازادیی و یەکسانیی جێندەریی تێیدا دواکەوتووە و ژن بە نیوەی ئەو مافانەی نەگەیشتووە کە داوای دەکات، بۆیە پێویستە ئەگەر نییە لایەنێک یان دەزگایەک هەبێت سانسۆر بێت بەسەر ئەو ریکلامانەی لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بڵاودەکرێنەوە بە خوێندراو و بینراو و بیستراو، تەنانەت سۆشیال میدیاشەوە، بۆئەوەی تێیدا مەسەلەی بە کاڵاکردنی ژن وەک کەرەستەیەکی وروژاندن یان گاڵەتپێکردن قەدەغە بکەن. ئەو دەزگایانەشی کاری ریکلام دەکەن، هەوڵبدەن لەو وێنە کۆنەی تێیدا ژن لە قاڵبدراوە دەربچن و بیرۆکەی نوێ بدۆزنەوە وەک ئەو ریکلامی برنجەی هونەرمەندێکی کورد دەیکات، تا هاوسەرەکەی لە کار دەگەڕێتەوە ئەو برنجەکە لێدەنێت و خواردن ئامادە دەکات. هەروەها بەڕای من ئەو ریکلامانەی مۆرکێکی کوردەوارییان پێوەیە بۆ تاکی کورد زۆر جوان و سەرنجڕاکێشن.   

وتارەکانی نوسەر