مەرج نییە هەموو پێشکەوتنێک سوودی هەبێت

10:23 - 2022-05-28
رۆزا دڵشاد مەریوانی
511 خوێندراوەتەوە

هەوڵەکانی لەم ساڵانەی دواییدا دەدرێن بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و مافەکانی ژنان و کرانەوە و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دونیای پێشکەوتوو بۆ ژنان دڵخۆشکەرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکجار وەرگرتنی کەلتور و سیمای وڵاتانی پێشکەتوو بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە باش نابێت کە تائێستا بەکۆمەڵگەیەکی پیاوسالار دادەنرێت و هێشتا ئەقڵییەتی زۆربەی زۆری خەڵکەکەی بە ژن و پیاوە وە لە ئاستێکدایە زۆر لەو پێشکەوتنانە کاریگەری باشی نابێت لەسەریان یان بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێنرێن یاخود ناتوانرێت بە ئاسایی و سروشتی وەربگیرێن، بۆیە دەبینین  کاریگەرییەکەی وا دەکەوێتەوە لە جیاتی ئەوەی ئەو پێشکەوتنانە لە سوودی مەسەلەی ئازادی ژنان و یەکسانیدا بێت بۆیان کاریگەری پێچەوانەی دەبێت لەسەریان و لەبەرامبەردا لە هەندێ چالاکی و ماف بێبەش دەبن یان بەربەستیان بۆ دروست دەبێت.
سیمایەکی وڵاتانی پێشکەوتوو
یەکێک لەو سیمایانەی لە وڵاتانی پێشکەوتووە وە وەرگیراوە بابەتی وەرزشکردن و گرنگیدانی ژنانە بە جەستە و تەندروستییان و زۆربوونی هۆڵەکانی لەشجوانییە بۆ ژنانە جا بە کردنەوەی هۆڵی تایبەت بێت بۆ ژنان یان جیاکردنەوەی کاتەکان و دیاریکردنی بەشێک لە سەعاتەکانی رۆژ بێت بۆیان، بێگومان ئەمە وەرگرتنی بەشێکی جوانی سیمای شارستانی وڵاتانی پێشکەوتوو بوو بۆ ئەوەی ژنانیش جگە لە ئەرک و کاری رۆژانە و منداڵ و خێزانەکانیان گرنگی بە جەستە و لەشساغی خۆیان بدەن، هەروەها بە جۆرێک بوو لەگەڵ کەلتور و ئایینی ئێمەدا بگونجێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە و بۆتە جێی نیگەرانیی زۆرێک لە ژنان و بەشێکیش لە پیاوان ئەوەیە چەند ساڵێکە لەگەڵ زۆربوونی هۆڵەکانی وەرزشکردن و لەشجوانیدا وردە وردە هۆڵەکان دەکرێن بە تێکەڵ جگە لەوەی هۆڵی تایبەت بە پیاوان نەماوە ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە و هۆڵەکانی پیاوان ناونراوە تێکەڵ کە ئەوەش زۆرجار بەشێک لە پیاوان ناڕەحەت دەکات بەوەی وەکو پێویست هەست بەحەوانەوە ناکەن لە جێیەکدا وەرزشبکەن ژنی لێبێت وەک لەوەی تەنیا بۆ پیاوان بێت.

لەبەر هەندێ بەرژەوەندی
لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین وردە وردە ئەو هۆڵانەی تایبەت بوون بە ژنان بەرەو کەمبوونەوە دەچن و ئەوەی تەنیا هۆڵێکی هەبووە و کاتی بۆ ژنان دیاریکردبوو لەبەر هەندێ بەرژەوەندی دەیکاتە تێکەڵ یان لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبووندا تەنیا هۆڵێکی لەشجوانی دادەنرێت و ناوی تێکەڵی لێدەنرێت، لەو نێوەندەدا ژنان مافیان دەخورێت و ئەوانەی خۆیان یان هاوسەرەکانیان پێیان قبوڵ نییە لە جێیەکدا وەرزشبکەن تێکەڵ بێت، چونکە بە داخەوە لە ئێستادا هەر چۆنێک بێت بەشێکی زۆری ئەو هۆڵانەی ناوی تێکەڵی لێنراوە یان ژنان زۆر بەکەمیی رووی تێدەکەن یان بووەتە جێی نمایشکردنی جەستە و کەشی هۆڵەکە لەبابەتە وەرزشیی و تەندروستییەکە دوورکەوتۆتەوە.
کاریگەری باشی نییە
بە رای من وەرگرتنی هەموو جۆرە سیمایەکی وڵاتانی دەرەوە کاریگەری باشی نابێت لەسەر ئەو کۆمەڵگانەی وەکو کۆمەڵگەی ئێمەیە کە هێشتا بە دواکەوتوو لەقەڵەم دەدرێت، چونکە بەوشێوەیە لەبری پێشخستنی ئەقڵیەتەکان لەڕێی پەروەردە و فێرکردنەوە تەنیا رووکاری دەرەوەی سیمایەکی پێشکەوتووی دەدەیتێ، جگەلەوەی ئەو جلوبەرگەی کاتی وەرزشکردن لەبەر دەکرێت ئەگەر تەنیا بۆ ژنان بێت شتێک لەبەردەکرێت پێیەوە بحەوێتەوە و گەرمای نەبێت، بەڵام ئەگەر لە هۆڵێکی تێکەڵدا بێت و بەمەبەستی وەرزشکردن چووبێت بێگومان دەبێت لە هەموو جووڵەیەکدا ئاگای لەخۆی بێت و لە دڵەڕاوکێدا بێت، هەروەها لەبری ئەوەی بتوانێت بچێتە هۆڵێک کە لە ماڵەکەیەوە نزیکە ناچارە بچێتە هۆڵێکی تایبەت بە ژنان ئەگەر دووریش بێت لێیەوە و رەنگە دوای ماوەیەک هەر واز لەو بیرۆکەیە بێنێت و جەستەی خۆی فەرامۆش بکات تەنیا لەبەر نەبوونی شوێنی گونجاو، بۆیە بە زۆر سەپاندن و بڵاوکردنەوەی سیما و کەلتورێک کە لەگەڵ دونیا و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی ئێمەدا نەگونجێت نابێتە هۆی پێشکەوتنمان، چونکە هەندێکجار راست نییە وابزانرێت بە هێنانی کەلتورێکی بیانی پێشدەکەوین و ماف و یەکسانی دەدرێت بە ژنان، بەڵکو زۆرجار کاریگەری پێچەوانەی دەبێت و مافی هەستکردن بە ئازادی و حەوانەوە لە ژینگەیەکی دیاریکراودا دوور لە کێشەو جەنجاڵییەکانی ژیان لە ژنان زەوت دەکرێت و لەبری سوود زیانی دەبێت.  

وتارەکانی نوسەر