ئاڕاستەی فیلادیلفیا و ئاشتی لە غەززەدا

10:00 - 2024-09-11
پ. د.جەزا تۆفیق تالیب*
240 خوێندراوەتەوە

د. جەزا تۆفیق تالیب*
پڕۆفیسۆری یەکەم



گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وەفدی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرە و بە نێودگیریی ئەمریکا و قەتەر و میسر، بە مەبەستی گەیشتنە خاڵێک کە ئاگربەستی تێدا رابگەیەنن و کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنرێت.
 لەم گفتوگۆیانەی قاهیرەدا خاڵێکی سەرەکی وەک بەربەست وایە و ئاراستەی پێشکەوتنی  گفتوگۆکانی سستکردووە، ئەویش هێڵی سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسرە، کە بە«ئاراستەی فیلادیلفیا» ناسراوە و هەردوو لایەنی ئیسرائیل و حەماس جەخت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی  ئەم ‌‌هێڵە سنوورییە دەکەنەوە و بە حوکمی هاوسنووریی میسریش لەگەڵ کەرتی غەززەدا، لە رێگەی ئاراستەی فیلادیلفیاوە بۆچوونی تایبەت بەخۆی هەیە و وەك لایەنێکی پەیوەندیدار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە «دەروازەی رەفەح» لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە ببڕێت بەڕێوە. 

 

بەگوێرەی رێکەوتننامەی کامپ دەیڤید، دەبێت ناوچە سنوورییەکانی فەلەستین لەژێر رکێفی هێزی ئیسرائیلدا بێت و چاودێریی دەروازەکانی هاتوچۆ بکات، هەروەها بە گوێرەی هەمان رێککەوتننامە، رێگەی لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی میسر گرتووە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و میسردا

 


جوگرافیای ئاراستەی فیلادیلفیا:
ئاراستەی فیلادیلفیا بریتییە لە هێڵێکی سنووریی جیاکەرەوە لەنێوان باشووری کەرتی غەززە و میسردا، درێژییەکەی 14 کیلۆمەتر دەبێت، وەک ناوچەیەکی ستراتیژیی سنووری  نێوان  میسر و ئیسرائیل رۆڵی جیاکەرەوە و ئاسایشی دەبێت و بەگوێرەی رێککەوتننامەی «کامپ دەیڤید» ی ساڵی 1979 ئەم هێڵە سنوورییە، وەک ناوچەیەکی جیاکەرەوە و لە چەك داماڵراو بڕیاری لەسەر دراوە.
درێژیی ئەم هێڵە 14 کیلۆمەترە و لە باکوورەوە لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستەوە درێژدەبێتەوە تا رێڕەوی «کەرەم ئەبو سالم» لە باشوورەوە، لە نزیک خاڵی بەیەکگەیشتنی سنووری نێوان میسر و کەرتی غەززە و ئیسرائیل. بڕوانە نەخشەکە.
پانتایی ئەم هێڵە سنوورییە چەند سەد مەترێک دەبێت و دەروازەی «رەفەح»ی تێدا بنیاتنراوە، کە تەنیا دەروازەی سەرەکیی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە بە رووی جیهانی دەرەوەدا.

رێککەوتننامەی «کامپ دەیڤید» و سنوور
بەگوێرەی رێکەوتننامەی کامپ دەیڤید، دەبێت ناوچە سنوورییەکانی فەلەستین لەژێر رکێفی هێزی ئیسرائیلدا بێت و چاودێریی دەروازەکانی هاتوچۆ بکات. هەروەها بە گوێرەی هەمان رێککەوتننامە، رێگەی لە جێگیرکردنی هێزی سەربازی میسر گرتووە لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیسرائیل و میسردا و تەنیا رێگە بە هێزی پۆلیس دراوە کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، ئەویش بە چەکی سووکەوە.
هێزی سەربازیی ئیسرائیل تا ئابی 2005 بە درێژایی سنووری فیلادیلفیا جێگرکرابوو، بەڵام لەدوای ئەو رێکەوتەوە هێزەکانی ئیسرائیل پاشەکشەیان کرد و رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینیان کرد، بەم پێیەش چاودێریی دەروازەی «رەفەح» لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستین و بە ئامادەبوونی چاودێرانی یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەدەبرا.
ئێستا لەدوای بەرپابوونی جەنگی غەززە، ئیسرائیل سەرتاپای کەرتی غەززەی داگیرکردووە و ناوچە سنوورییەکان و دەروازەی رەفەح-یشی بەدەستەوەیە و لە گفتوگۆکانی قاهیرەدا خاڵێکی گەوهەری وتووێژەکان لەسەر خاڵی دەروازەی رەفەح و میکانیزمی بەڕێوەبردنێتی. لەمبارەیەشەوە حکومەتی میسر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت دەروازەی رەفەح لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە بەڕێوەببرێت، تا بەشێوەیەکی رەسمی مامەڵەی لەگەڵدا بکات و رێگە بە کاروانی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بدات بچنە نێو کەرتی غەززەوە، لەو بارەیەشەوە لایەنی ئەمریکاش پێی باشە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ئاگربەستەکەدا، ئیسرائیل لە دەروازەی رەفەح پاشەکشە بکات و دەروازەکە لە دیوی کەرتی غەززەوە رادەستی دەسەڵاتی فەلەستین بکرێت.

*پسپۆڕی جێوسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

 

 

وتارەکانی نوسەر