نەوتراو

پزیشكیان، وەك پزیشكی چارەسەری سەرئێشەی پەیوەندییەكان..!

09:37 - 2024-09-12
د.عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا
136 خوێندراوەتەوە

دیدێکی شیکارییە بۆ ڕووداوەکان

لەكاتێكدا كە سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆك وەزیرانی عیراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بە پتەو و بەهێز ناودەبەن، بەكارهێنانی دەستەواژەی(سەرئێشەی پەیوەندییەكان) دەبێتە جێی پرسیار، لەگەڵ ئەوەشدا بیرمان نەچێت كە لەكایەی سیاسەتدا، بەتایبەتی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، نەك تەنها ناكۆكی، بەڵكو ململانێ -ش، لەو چەمكە سەرەكییانەن كە بەشێوەیەكی بەردەوام ئامادەییان هەیە و لە پراكتیكدا سەرئێشە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا دروستدەكەن. 

ئیرادەكە روونە كە هەم سودانی و هەم پزیشكیان، دەیانەوێت، لەم قۆناغەدا، رۆڵی پزیشكی چارەسەركردنی هەندێ سەرئێشە بگێڕن كە لە پەیوەندییەكاندا هەیە

هەر خۆی بواری سیاسەت و فەرمانڕەواییش، چ لە ناوخۆی وڵات و چ بە رووی دنیای دەرەوەدا، شانۆی بەربەرەكانی و ململانێ و ناكۆكییەكانیشە.
 راستە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و تاران، وەك دوو وڵاتی دراوسێ، بەهێزن، بگرە هەروەك ئاژانسی(میهر)ی حكومەتی تاران نووسیوێتی، «درێژدەبنەوە بۆ تەنانەت پێش ئاینی ئیسلامیش و هیچ كێشەیەكی تیا نەبووە، تەنها لەسەردەمی رژێمی سەدام حسێندا نەبێت»، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، راگرتنی ئەو پەیوەندییە بەهێزە، كاری سیاسی و دیپلۆماسیی هاوبەش و بەردەوامی دەوێت، بەتایبەتی كە هەر وڵاتە بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی لێی دەڕوانێت، بۆیە چاوەڕوانكراوە كە جیاوازی لە هەندێ بەرژەوەندیشدا بێتەئاراوە، بگرە هاوواتای جۆرێك لە ناكۆكی و ململانێش بێت كە پێویستییان بە جڵەوكردن و كۆتایی پێهێنانە. 
 لەو بارەیەوە، ئیرادەكە روونە كە هەم سودانی و هەم پزیشكیان، دەیانەوێت، لەم قۆناغەدا، رۆڵی پزیشكی چارەسەركردنی هەندێ سەرئێشە بگێڕن كە لە پەیوەندییەكاندا هەیە. لەوانە، سەبارەت بە عیراق، دۆسێی هەندێ گروپی چەكدار كە بەغدا ناتوانێت كۆنترۆڵیان بكات، پێدانی ئەو شایستە داراییانەی کە حکومەتی عیراق قەرزاری لایەنی ئێرانییە و بە پێچەوانەشەوە، هەندێ جیاوازیی تێڕوانین سەبارەت بە هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق، بەتایبەتی كە ئێرانییەكان، ئەمجارەشیان لەسەر زمانی پزیشكیان خۆیەوە، بەدەنگی بەرز عیراقێكی سەربەخۆ و بەهێز و خاوەن سەروەرییان دەوێت. هەروەها پرسی بەردانەوەی ئاوی رووبارەكانی سنووری هاوبەشی هەردوو وڵات، بەتایبەتی كە ئەم پرسە لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقیشەوە جەختی لەسەر كراوەتەوە و...هتد. 
  سەبارەت بە ئێرانیش، لەدۆسێ ئەمنییەكاندا، پرسی كۆتاییهێنان بە بەرهەڵستكارانی وڵاتەكەی لەسەر سنووری هاوبەش. بێگومان لەمەدا تاران بەوە دڵخۆشە كە بەغدا هەنگاوی ناوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، قاسم ئەعرەجی، وتوێتی كە بنکە چۆڵكراوەکانی گروپەكانی بەرهەڵستكاری ئێران كە(77) بنكەن، رادەستی پاسەوانی سنوور و چەکە قورسەکانیشیان رادەستی هێزی پێشمەرگە کراون. 
دۆسێی تر، بوونی سوپای ئەمریكایە لەسەر خاكی عیراق كە تاران داواكارە بەغدا خێراتر كاری تێدا بكات.
لەڕووی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیشەوە، جێگرەوە بۆ ئێران نەدۆزرێتەوە، بەتایبەتی كە سودانی لەو بوارانە و هی تریشدا، سەرگەرمی پەرەپێدانی پەیوەندی و زیادكردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن و رێككەوتنامەكانە لەگەڵ جیهانی عەرەبی و توركیادا. 
بەهەرحاڵ، دۆسێی تر زۆرن، ئەوەی بۆتە واقیع ئەوەیە كە ئێستا هەردوولا 14 یاداشتی لێكگەیشتنی نوێیان لە بوارەكانی ئابووری، هاوکاریی راهێنان، گەنجان و وەرزش، ئاڵوگۆڕی رووناكبیری، هونەری و شوێنەوارناسی، هاوکاریی پەروەردە، میدیا و پەیوەندییەکان و گەشتیاریی ئایینی، هاوکاریی لە بواری ناوچە ئازادەکان و کشتوکاڵ و سامانە سروشتییەکان، پۆست، پاراستنی کۆمەڵایەتی و راهێنانی پیشەیی و تەکنیکی و پەرەپێدانی هێزی کاری لێهاتوو و هاوکاریی نێوان ژوورەکانی بازرگانیان ئیمزاكردووە. 
ئەم لێكگەیشتنانەش، بەگشتی یارمەتیدەرن بۆئەوەی ئازارشكێنێكی مەعنەوی و بەهێزبن بۆ هەندێ سەرئێشە كە لەپەیوەندییەكانی هەردوو وڵاتدا هەن. 

وتارەکانی نوسەر