خۆمانە و خێزانیی

خۆکوشتن، ئابڕووچوونی بەدواوەیە؟

10:03 - 2024-09-22
رۆزا دڵشاد مەریوانی
146 خوێندراوەتەوە

(20)

مانگی ئەیلوولی هەموو ساڵێک بە مانگی هۆشیارکردنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خۆکوشتن دادەنرێت لە دنیادا. ساڵانە 700 هەزار کەس خۆیان دەکوژن، هەر 40 چرکە جارێک کەسێک لە جیهاندا خۆی دەکوژێت، خۆکوشتن دووەم هۆکاری مردنە لە تەمەنی نێوان (15-29) ساڵ، بۆیە ساڵانە چەندین هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە، لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و ژنانەوە دەکرێت، نیشانەکانی ئەو کەسانەی مەترسیی خۆکوشتنیان لەسەرە بڵاودەکرێتەوە، لەگەڵ ئەو چارەسەرانەی دەکرێت بگیرێتەبەر بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی گومانی خۆکوشتنیان لەسەرە یان لە دۆخێکی دەروونیی ناجێگیردان.

 

ساڵانە 700 هەزار کەس خۆیان دەکوژن، هەر 40 چرکە جارێک کەسێک لە دنیادا خۆی دەکوژێت، خۆکوشتن دووەم هۆکاری مردنی ئەوانەیە تەمەنیان لەنێوان (15-29) ساڵیدایە 

 

خۆکوشتن لە خۆرئاوا لەمێژە بۆتە دیاردە و چەندین رێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە. لە ئامارێکی ساڵی 2023 دا مەملەکەتی لیسۆتۆ لە باشووری ئەفریقا لە پلەی یەکەمدا هاتووە بۆ بەرزترین رێژەی خۆکوشتن، هەرچەندە عیراق لە پلەی 150 دا هاتووە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پلەی 13 دایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە گرنگی زیاتر بەو مەسەلەیە بدرێت، چونکە کاتێک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبیستین کەسێک خۆی کوشتووە، دەبێتە باسی خەڵک و میدیاکان، ئەو کەسە سەرەڕای ئەوەی گەورەترین تاوان کە کوشتنە بەرامبەر بە خودی خۆی کردووە، بەداخەوە دوای مردنیشی لە قسەوقسەڵۆکی خەڵکی رزگاری نابێت و بیرلەوە ناکرێتەوە دەبێت هەستی خێزانێک بەرامبەر خۆکوشتنی ئازیزێکیان چی بێت، کاتێک ئەو قسانە دەبیستنەوە یان لە سۆشیال میدیادا دەیخوێننەوە.
ئەوەی لە وڵاتی ئێمە تائێستا گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە ئەو مەسەلەیەیە و بگرە بابەتێکی لەو جۆرە، ئابڕووچوونی کەسەکە و خێزانێکی بەدواوەیە «کە ئاخۆ بۆچی خۆی کوشتووە» ئەگەر ژن بێت بێگومان ئابرووچوونەکە دووقات دەکرێت، لەجیاتی ئەوەی پەنا بۆ رێگە راستەکە ببەین و نەهێڵین ئەو بابەتە ببێتە دیاردە و تەشەنە بکات و رێوشوێنی گونجاو دابین بکەین بۆ ئەوانەی بەدەست  کێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن و لە هەر ساتێکدا بێت دەکرێت ئەو بڕیارە بدەن، کەچی جارێ هەر یەکە لەلای خۆیەوە سیناریۆیەک بۆ خۆکوشتنەکەی دادەنێت. لەبری ئەوە پێویستە وەک وڵاتان هێڵێکی گەرم هەبێت بۆ ئەو کەسانەی کێشەیان هەیە و رەنگە خۆیان بکوژن، تا لە کاتی پێویستدا پەنای بۆ ببەن، چونکە زۆرجار ئەو مرۆڤانە چاوەڕێی کەسێکن، وەک دوا چانس بۆ ژیان هانای بۆ بەرن.

وتارەکانی نوسەر