به‌ناوى خواى گه‌وره و میهره‌بان
هاونیشتمانیانى هه‌ولێری خۆشه‌ویست...
ده‌مانەوێت له‌رێگاى ئه‌م په‌یامه‌وه ده‌ستپێكى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى خولی شەشەمی په‌رله‌مانى كوردستان رابگه‌یه‌نین.
ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانمان له لیستى (129) ى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەھەمان رۆحییه‌تى شۆڕشگێڕانه‌ى 11 ئازاری ساڵی 1991 کە تێكۆشه‌رانى ئێمه له‌دژی زوڵم و سته‌م، دیكتاتۆری و ناعه‌داله‌تى، چه‌وساندنه‌وه‌و ماف زه‌وتكردنى هاووڵاتیان راپه‌ڕین و مژده‌ى رۆژێكى نوێ و ئازادیان به شاره‌كه دا‌و رزگاریان كرد، ئێمەش بە پشتیوانی خوا و پاڵپشتیی ئێوە دەمانەوێت ھەمان مێژووی پڕشنگدار بنووسینەوە.
لاى هه‌مووتان ئاشكرایه كه ئه‌و حوكمڕانییه‌ى ئه‌مڕۆ له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، حكومه‌تێكى شكستخواردووى تاكڕە‌وی ئەوتۆی بەدیهێناوە کە گوێ به هیچ نادات، بە خواست و داواکاری هاووڵاتیان کار ناکات و ژیان و گوزەران و قووتى خه‌ڵکیشی كردۆته‌وه قوربانى عینادى و تاكڕه‌وى خۆی، ته‌نها ھێزێکی نیشتمانی رەسەنی وەک (ی.ن.ك) ده‌توانێت رێگری له‌و شێوازی حوكمڕانییە شكستخواردووه بكات، كه بۆته مایه‌ى چەندین نه‌هامه‌تى لە مووچه‌بڕین و بێ بازاڕی و بێ خزمه‌تگوزارى بۆ سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستان.
ئێمه وه‌ك كاندیدانى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ھەموو لایەک دڵنیا دەکەین کە درێژە‌پێده‌رى خه‌بات و قوربانیدانى شۆڕشگێڕە‌كانمان دەبین، ئه‌وان شۆڕ‌شیان دژی رژێمى به‌عسی فاشیست كرد، ئێمه هاتووین ده‌مانه‌وێت شۆڕشێكى مەدەنی و دیموكراسی ئه‌نجام بده‌ین و پشتیوان بەخوا و بە پشتبەست به ده‌نگى هاووڵاتیان به‌رامبه‌ر ئه‌و زوڵم و قۆرخكارى و ناعه‌داله‌تییه بوه‌ستینه‌وه كه هه‌رێمه‌كه‌مان له‌سایه‌ى ئه‌م حكومه‌ته شکستخواردووەدا رووبه‌ڕووى بۆته‌وه.
هاونیشتمانیانى خۆشه‌ویست:
پشتیوان به ده‌نگى ئێوه، به پاڵپشتى ئێوه به ده‌نگێكى دلێر ده‌ڵێین: رێگە نادەین چیتر هاووڵاتیانى هه‌رێم بكرێنه قوربانیى ده‌سته‌یه‌ك و تاقمێك كه ته‌نها خۆیان لا راسته‌و هه‌رێمى كوردستانیان گه‌یانده ئه‌م قۆناغه دژوارە، بەڵێنیش دەدەین کە ئەوپەڕی توانا بخەینەگەڕ تا دووباره سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێم رێكبخەینەوە و کارایان بکەینەوە تا لە ئاست خواستی رەوای خەڵکی کوردستاندا بێت، بتوانێت مافی ھەمووان دەستەبەر بکات و ھەمووان لە خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان سوودمەندبن، به یه‌كسانى و بێ جیاوازی چینایەتیی و ناوچەگەرێتی دەستی خزمەتکردن و خزمەتگوزاری بۆ هه‌موو ناوچه‌كان دەستەبەر بکرێت.
سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى كوردستان باش ده‌زانن چیتر ئه‌م حوكمڕانییه فاشیلە ناتوانێت به‌رده‌وام بێت، ھەربۆیە پێویستمان به‌وه‌یه تاك به‌تاكی ئەم کۆمەڵگەیە، پیر و گه‌نج، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند، كرێكار و خاوه‌ن كار، مووچه‌خۆر و بێ مووچه، هه‌موو پێكه‌وه بە دەنگی خۆیان پشتیوانمان بن بۆ راستكردنه‌وه‌ى رێڕە‌وى حوكمڕانى، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین حكومه‌تێك بونیادبنێین کە خزمه‌تکاری هاووڵاتیان بێت به‌بێ جیاوازى، نه‌ك وەک ئەو حکومەتە شکستخواردوەی ئێستا به ته‌نها لە خزمەت دەستەبژێرێکدایە و خەڵکی تری کردۆتە خزمەتکار، حکومەتێک بونیاد دەنێین کە سوود و خێری بۆ ھەموان بێت نەک تەنها بۆ ده‌سته‌یه‌ك یان كۆمه‌ڵه‌یه‌ك سوودمه‌ندبن تێیدا و خه‌ڵك ببنە قوربانى.
ده‌نگده‌رانى ویژدان زیندوو..
تەنها (25) رۆژ ماوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌كمان پێكه‌وه ویژدانى خۆمان ئاسووده بكه‌ین و دووباره حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ینه نموونه‌یه‌كى جوانى حوكمڕانى کە شایستەی کۆمەڵانی خەڵک بێت. (ی.ن.ك) له رابردوودا سه‌لماندوویه‌تى هه‌ركات یه‌كێتی باڵاده‌ست بووبێت و سوكانى حوكمڕانى له‌لا بووبێت، به‌بێ جیاوازى خزمه‌تى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانی کردووە و ده‌یکاتەوە، ئازادی و سەربەخۆیی کار و جوڵە و چالاکی بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات بێ جیاوازی.
بۆیه ئێمەش داوامان به ته‌نها له ئه‌ندام و لایه‌نگرانى خۆمان نییه، داوامان له سه‌رجه‌م خه‌ڵكى كوردستانه به هه‌موو جیاوازییه‌كانیانەوە، ئه‌وانه‌ى له‌م حوكمڕانییه و حكومه‌ته تاكڕە‌وه بێزارن، متمانه به لیستى 129ى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكه‌ن، به‌ڵێنتان پێ ده‌ده‌ین كه حوكمڕانی كه‌وته ده‌ست یه‌كێتی، جیاوازى ناهێڵین و ناوچه‌یه‌ك ناكه‌ینه قوربانى ناوچه‌یه‌كى تر.
به گفتوگۆی جددی و له‌پێناو بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری لە بەرژەوەندیی مووچه‌خۆرانى هه‌رێم و خه‌ڵكى كوردستان روو له به‌غدا ده‌كه‌ین بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه ره‌واكانى گه‌له‌كه‌مان بەپێی دەستوور.
دڵنیابن ئێمه ده‌بینه پارێزه‌رى قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان و ژیان و ماف و بار و گوزه‌رانى هاووڵاتیان، هه‌رگیز ئێمه قه‌واره‌ى هه‌رێم و ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك ناكه‌ینه قوربانى بەرژەوەندیی بەرتەسکی گروپێكى دیاریكراوى خۆسه‌پێن.
مێژووش سه‌لماندوویه‌تى هه‌میشه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و هێزه بووه پشتیوان به خوا و گه‌لى كوردستان له سه‌رتاسه‌ریى كوردستان له هه‌ر جێگایه‌ك مه‌ترسی له‌ناوبردن له‌سه‌ر كورد و كوردستان هه‌بووبێت، قوربانیمان له‌پێناودا داوه و پاراستوومانه، ئه‌مجاره‌ش پشتیوان به‌ده‌نگى ئێوه قوربانى ده‌ده‌ین و ناهێڵین ئه‌م هه‌رێمه جارێکی تر بكرێته قوربانیى حوكمڕانییه‌كى تاكڕە‌و.
دەنگی ئێوە سەنگی مەحەکە بۆ کۆتاییھێنان بەم مۆدێلی حکومەتە شکستخواردووە، بە دەنگی ئێوە و بە ئەرکی ئێمە کۆتایی بەم حکومەتە شکستخواردوە دەھێنین.