هەژماری من وەک «صراف»ێک

دروستکردنی بانکێکی نیشتیمانی چارەسەرە

09:30 - 2024-09-04
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ
515 خوێندراوەتەوە

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک)




لە ماوەکانی رابردوودا و بە دیاریکراویش لە دوو ساڵی رابردوودا کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم لەسەر چەند دۆسێیەکی جیاواز بەتایبەتیش لەسەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە هەڵکشان کرد.
 ئەم تەنگژە و گرژییانەش ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی ئیتیحادی و هەرێمی خستە بەردەم ئاقار و قۆناغێکی دژوارتر لەوەی کە هەبوو لە رابردوودا.

 

 

دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی پێویستییەکی هەنوکەییە و لایەنە ئەرێنییەکانی جیاوازییەکی زۆر و نابەرابەری هەیە لەگەڵ پرۆسەی (هەژماری من)دا



لەسەر هەردوو ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی
 دەرئەنجامی ئەم دۆخە دژوارەش، لەلایەک بووە هۆکاری لاوازبوونی پێگە و رۆڵی حکومەتی هەرێم لەسەر هەردوو ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی، لەلایەکی دی بووە هۆکاری خراپتربوونی دۆخی ئابووری و دارایی و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. 
بەشێوەیەکی گشتیش کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکرێت وا وێنا بکرێن کە کۆمەڵە کێشەیەکی فرەڕەهەند، هەمەچەشن، جۆراوجۆر، تا رادەیەکی زۆریش چارەنووسسازن بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەم بۆ داهاتووی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.
 لەبەر هەستیاریی دۆخەکەش، لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کە مامەڵەیەکی دروست و ئیدارەدانێکی دیپلۆماسییانە لەگەڵ ئەو دۆخە دژوارانەدا بکەین. مامەڵەیەک کە پشت ئەستوور بێت بە دنیابینییەکی نیشتمانییانە،  بەشێوەیەک کە چارەسەرکردنی کێشە و تەنگژەکان  بکرێتە ئەولەویەت و بخرێتە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی حزبی و سیاسی و کەسییەوە، چونکە هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی هەموو ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە و هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەیان پێوە گیرۆدە بووە، دەگەڕێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا.

دەرەنجامە نەک هۆکار 
سەرەنجام ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا روودەدات، دەرهاویشتە و ئەنجامن نەک هۆکار. ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت،  کاردانەوەیە لە هەمبەر خراپ مامەڵەکردن و ئیدارەدانی دۆسێکان کە گرنگرتینیان لە ئیدارەدانی دۆسێی نەوت و بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمدا خۆی بەرجەستە دەکات.
ئەوەی کە لەم نووسینەدا گرنگە روونیبکەینەوە بۆ سەرکردایەتی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە دەبێت ئەولەوییەت بۆ چارەسەرکردن مەسەلەی ئیدارەدانی سیستمی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، بەر لە گرنگیدان و چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و یەکلاییکردنەوەی بابەتی بەبانکیکردن (تەوطين)  بێت.  بەشێوەیەک کە لە زووترین کاتدا بتوانرێت میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسێ هەستیارە بدۆزرێتەوە .

پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی
بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرایە، کە دادگای فیدراڵی بە بڕیارێکی رەسمی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی چارەسەرکردووە، کە لە دوایین نووسراویشدا کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ناردووە، تێدا هاتووە بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق، بڕی (11.5 ترلیۆن)ی بەبێ مەرج تەرخانکردووە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جێگیرکراوە لە بودجەی ساڵی 2024 دا.
بەڵام،  ئەوەی تا ئەمڕۆ بۆتە هۆکاری خەرجنەکردن یان دواخستنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، یان خەرجنەکردنی مووچەی هەندێک توێژی مووچەخۆرانی هەرێم، بریتییە لە دواکەوتنی پرۆسەی بەبانکیکردن پارەدان (تەوطين)  و بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پێداگریی حکومەتی هەرێم لەسەر بەبانکیکردن لەرێگەی (هەژماری من)، کە سەرەڕای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە ئیتیحادییەکان بە دادگای باڵای ئیتیحادیشەوە زۆرترین مشتومڕ و ناڕەزایی و رەتکردنەوەی پرۆژەکەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، بەڵام پێداگیریی حکومەتی هەرێم لەسەر پرۆسەی (هەژماری من) (سیستمی قاصە و صەراف)، لە ئێستادا ئەم کێشەیەی گەیاندووەتە دۆخێکی ناجۆر کە بەردەوام مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت باجەکەی بدەن.

لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی گشتگیری نیشتمانیدا

 ئێمەش، لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی و لەگەڵ قەناعەتی تەواومان بە زەروورەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، هەوڵدەدەین لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی گشتگیر و نیشتمانیدا  پێشنیازە چارەسەرێک بخەینەڕوو، بە جۆرێک  کە لە بەرژەوەندیی حکومەت و خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت:-
بێگومان هەرێمی کوردستان بە هۆکاری خراپ بەڕێوەبردن و نادامەزراوەیی لە بواری دارایی و بانکیدا، تائێستا نەیتوانیووە نە سوود لە دەرفەت و کەلێن و بۆشاییەکانی دەستووری عیراق وەربگرێت، نە سوودیش لەو پێگە و هەژموونە سیاسییەی خۆی وەربگرێت کە لە رابردوودا هەیبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا کاتەکە درەنگ نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. تا بتوانین کۆمەڵێک دەرچە و چارەسەری یاسایی پێشنیازبکەین، هیچ نەبێت بتوانین بەشێک لەو کێشانەش چارەسەر بکەین تا دەرفەتەکان لەدەست دەرنەچوون.

 

  ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت، کاردانەوەیە لە هەمبەر خراپ مامەڵەکردن و ئیدارەدانی دۆسێکان کە گرنگرتینیان خۆی لە دۆسێی نەوت و بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمدا بەرجەستە دەکات

لەجیاتی (هەژماری من)
بەبۆچوونی  ئێمە پەیوەست بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران، دەکرێت حکومەتی هەرێم لە جیاتی پێشنیازکردنی پڕۆژەی (هەژماری من) و زیاتر قووڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، پێشنیاز و چارەسەرێکی گونجاوتری هەبێت کە لەلایەک هەم مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکات و هەم لە خەمی خزمەتی مووچەخۆر و خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت، واتە بەجۆرێک هەم دژیەکی نەبێت لەگەڵ یاسا و رێساکان، هەم لە بەرژەوەندیی حوکمڕانیی هەرێمدا بێت. لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە کە چارەسەری بنەڕەتی و گونجاو بۆ ئەم کێشەیە، بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم بابەتە جگەلەوەی گرنگییەکی زۆری هەیە و دەبێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان و لە هەمان کاتدا زەمینەسازی یاساییشی هەیە، چونکە ئەم بابەتە بە بڕیاری ژمارە 66 ی ساڵی 2008ی بانکی ناوەندیی عیراق چارەسەرکراوە و ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە کە ببێتە خاوەنی بانکێکی نیشتمانی، کە وێنەیەکی کۆپیکراو و بچووک کراوەی بانکی ناوەندیی عیراق دەبێت لە هەرێمی کوردستان و بانکی ناوەندیی عیراق بە پشتبەستن بە یاسا، دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی رەسمیی دەبێت بە بانکی حکومی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەیەکی یاساییدا ئەم بانکە دروست دەکرێت و لە خوارەوە باس لە گرنگیی دامەزراندن و تەفعیلکردنی دەکەین و پاش خستنەڕووی گرنگی و سوودەکانی، خەڵکی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەگەڵ پڕۆسەی (هەژماری من) بەراوردی بکەن بۆئەوەی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی هەرێمی کورستان روون و ئاشکرا بێت.
 
گرنگترین سوودەکانی ئەم بانکە نیشتمانییە :
1- کۆکردنەوەی هەموو بانکە حکومی و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چەتری ئەم بانکە و دەبێتە بەشێکی گرنگی سیاسەتی نەختینەیی عیراق.
2- بە ئەلکترۆنی کردنی سیستمی بانکی هەرێمی کوردستان.
3- سوودمەندبوون لە هەموو ئەو شایستە داراییانەی کە لە بەغداوە بڕیاریان لێ دەدرێت.
4- سوودمەندبوون لە پێشینەکانی خانووبەرە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و پێدانی قەرز.
5- دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی بانکی ناوەندیی عیراق و فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئەلەکترۆنی بۆ داواکردنی دۆلار.
6- بەستنەوەی سیستمی بانکیی هەرێم بە جیهانەوە بەشێوەیەک کە حەواڵاتی دەرەکیی راستەخۆ لە رێگەی جەی پی مۆرگان و سیتی بانکەوە ئەنجام بدات.
7- گێڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان و بازرگانان و وەبەرهێنەران.
8- جێگیرکردنی ئەندامێتی حکومەتی هەریم لە بانکی ناوەندیی عیراق.
9- راستەوخۆ مانگانە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی ئەم بانکەوە بە ئاسانی دەگوازرێتەوە.
10- رێگە دەگرێت لە بەهەدەردان و سپیکردنەوەی پارە و تۆمارکردنی داهات و خەرجییەکان بە شێوەی سیستماتیک کە بواری گەندەڵی و فەسادی ئیداریش کەم دەکاتەوە.
11- سیولەدارکردنی بانکی نیشتمانی لەجیاتی بانکە ئەهلییەکان، واتە ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەران دێت، لەجیاتی ئەوەی لە بانکێکی ناحکومی ببێتە سیولە، ئەوکاتە دەبێتە سیولە لە بانکی نیشتمانی.

سیستمی قاصە و صەراف
وەک دەرەنجام دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە زەروورەت یاخود پێویستییەکی هەنوکەییە و لایەنە ئەرێنییەکانی جیاوازییەکی زۆر و نابەرابەری هەیە لەگەڵ پرۆسەی (هەژماری من)دا لەگەڵ ئەوەی بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی بە دامەزراوەییکردنی سیستمی بانکی و نەخێر بۆ سیستمی قاصە و صەڕاف (هەژماری من)، چونکە ئێستا دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئابووریناسەکان هاوڕا نین، پاشەکەوتی گشتیی مووچەی مووچەخۆران لە چەند بانکێکی ئەهلیدا کۆببێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی هیچ یەدەکێکی نەختینەیی نەبێت بۆ حاڵەتە کتوپڕەکان، ئەویش لەو دۆخە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی هەرێم، عیراق و هەرێمایەتی ناوچەکە. 
بەم پێیەش پەلەکردن لە دروستکردنی بانکێکی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کە  ببێتە ناوەندی ئیدارەدانی بانکەکانی تر و هەموویان بە سیستمێکی زیرەکی ئەلەکترۆنی بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەو دەرەنجامەمان بۆ بەدیدەهێنێت کە چیتر بانکەکانمان تەنها وەک قاسەیەک نەبن هەر ئیشی دابەشکردنی مووچە بکەن، بەڵکو وەک بانکەکانی تری عیراق و ناوچەکە هەموو کاروبارێکی بانکی بکەن و جێی متمانەی خەڵک بن. 

پەلەکردن لە دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی
هەربۆیە پێویستە حکومەت کار لەسەر بەهێزکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی خۆی بکات، نەوەک ببێتە هۆکاری بەهێزکردنی بانکە ئەهلییەکان، چونکە پرۆژەی (هەژماری من) تەنها بانکە ئەهلییەکان لێی سوودمەند دەبن، بەلایەکی دیکەشدا لاوازکردنی بانکە حکومییەکانی بەدوودا دێت.
باشتر وایە حکومەتی هەرێم بەپێی یاسا و بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عیراق، پەلە بکات لە دامەزراندن و وەگەڕخستنی بانکی نیشتمانی، تا وەک بانکەکانی تری رەشید و رافیدەین، کارەکانی خۆی رایی بکات و ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بەسیستماتیککردنی بانکسازی لە هەرێمی کوردستان وعیراق.
بەم شێوەیە بانکی ناوەندیی عیراق، دەتوانێت لە چوارچێوەی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانیدا، رێگە بە دروستکردنی لقێکی دیکەی بانکی ناوەندی لە هەرێم بدات، تا ناوەندێکی چاودێریی گەورە بێت بەسەر کارکردنی بانکە حکومی و تایبەتەکانەوە. 

بەڵێ بۆ ئەمیان و نەخێر بۆ ئەویان 

وەک دەرەنجام، دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە ئێجگار زەروورە، یان دەکرێت بوترێت پێویستییەکی هەنووکەییە و لایەنە ئەرێنییەکانی جیاوازییەکی زۆر و نابەرابەری هەیە لەگەڵ (هەژماری من) دا، لەبەرئەوە بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردنی سیستمی بانکی و نەخێر بۆ پشتیوانیکردنی بانکە ئەهلییەکان لەڕێی (هەژماری من)ەوە.
 لە کۆتایدا ئێمە تێبنی و رەخنەمان لە (هەژماری من) لە ئەهلیکردن یاخو قۆرغکردنییەتی بۆ چەند بانکێکی تایبەت نەک بە نیشتمانیکردن و خۆماڵیکردنی.

وتارەکانی نوسەر