بافڵ تاڵەبانی، سەرکردەی قۆناغێکی نوێ

10:34 - 2024-10-01
سەعدی ئەحمەد پیرە*
130 خوێندراوەتەوە

جووڵەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر ستەیجی کەرنەڤاڵی راگەیاندنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەلای هەندێ کەس سەرنجڕاکێش بوو، لای هەندێکی تریش شۆکهێنەر بوو.
بافڵ، لەم بۆنەیەدا وتارێکی گەنجانەی دا، بە زمان و جووڵەی گەنجانە، پەیامەکانی خۆی گەیاندە ئەو توێژە بەرفراوانەی کۆمەڵگەی کورد کە لە هەموو توێژەکانی تری کۆمەڵگە بێ بەشتر و مەحروومتر بوون لەژیانێکی شایستە و بە کەرامەت و ئازادانە، چونکە گەنجانی کوردستان لە پێویستیی گۆڕانکاریی ریشەیی و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی تەندروست و خزمەتگوزار تێدەگەن و بە ئاواتی خۆیانی دەزانن حکومەتێکی خزمەتکار و خەمخۆری میللەت بێتە کایەوە، بۆئەوەی کۆتایی بەم حوکمڕانییە سەقەت و شکست خواردووە بهێنرێت کە 17 ساڵ و نیوە بەرۆکی کوردستان و میللەتەکەی گرتووە و کایەی دەسەڵاتی نقومکردووە لەگەندەڵی و ناعەدالەتی و شێواندنی سیما و بەها جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری.

سەرۆك بافڵ، پیاوی ئەم قۆناغەیە، سەلماندیشی كە بەڵێن بدات جێبەجێی دەكات، بۆیە جووڵە و دەركەوتنەكانی لەم سەردەمەدا مایەی سەرنج و شۆكیش بوو بۆ ئەوانەی ئێستاش لە رابردوودا دەژین

راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لەکوردستان دروشمی سەرەکیی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەو و خۆسەپێنیش دروشمی سەرۆکی یەکێتییە. هەر بۆیە پێویستە بە وردی باسی ئەم دوو دروشمە بکەین.
لەوەتەی پارتی بە شێوەیەکی تاکڕەوانە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کایەی حوکمڕانیی کوردستاندا سەپاندووە، گەندەڵییەکی بێ ئەندازە لەناو حکومەتدا بڵاوبۆتەوە، هەر لەدزینی سامانی نەوت و غاز و داهاتە گومرگییەکانەوە بیگرن، تا دەگات بە قۆڕخکردنی بازاڕ بەهەموو سێکتەرەکانیەوە، فرۆشتن و دەستبەسەردا گرتنی کارگە و مەعمەلەکانی سەردمی رژێمی بەعس، لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، بە مەعمەل تەعلیبیشەوە، هەتا داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی و تەنانەت باخچەی ناو گەڕەکەکانی شارەکانیشەوە، بۆ داگیرکردنی دەیان و سەدان دۆنم زەوی و تەخشان و پەخشانکردنی بەسەر مۆدیل و گۆرانیبێژ و خەڵکانی دژ بە کوردیشدا، تا دەستخستنە ناو کاسبیی بازاڕەکان کە هەندێجار گەیشتۆتە شەریکایەتی لەگەڵ کاسبکارە بچووکەکانیش. لەولایشەوە زەوتکردنی ئازادی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و گرتن و کوشتنی رۆژنامەنووسان و نووسەرە ئازادەکان، تا بڵاوکردنەوەی فەسادی ئەخلاقی لەناو کۆمەڵگەی خواناس و محافزکاری شارەکانی هەرێمدا بە کردنەوەی گوندی لوبنانی و سەدان مەلها و دیسکۆ، لەناو گەڕەکەکانی شار و سەرشەقامەکان کە ئەمەش زۆر دژە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەکەماندا.
هەروەها بڵاوکردنەوەی تلیاک و حەشیشە لەناو گەنجاندا کە ئەوەش هەمووی بە هۆی بێکاری و نەبوونی هەلی دامەزراندن لەناو سێکتەرەکانی حکومەت بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆکانەوەیە، لە کاتێکدا بچووکترین منداڵی بنەماڵەی حوکمڕان دەیان زانکۆ و خوێندنگە و کۆمپانیایان هەیە جگە لە دامەزراندنی سەدان هەزار کۆیلەی حزب بە بندیوار، لەولایشەوە بێ بەهاکردنی رۆڵی پەرلەمانی کوردستان و قوفڵکردنی دەرگاکەی، ئەگەر لەدژی دەسەڵاتی بنەماڵە هەڵوێستی هەبێت، بۆ لاوازکردنی رۆڵی دادوەری و یاسا بەرکارەکان لەرێگەی تەداخولاتی حزبی و بەکارهێنانیان دژ بە نەیارەکانی بنەماڵە و حزبی دەسەڵات، تا رووخاندنی سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروردە و جیاکاریی کردن لە دابەشکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەنێوان شارەکاندا. ئەمانە بەگشتی ئەو کارەساتانەن کە پێویستە بە گۆڕینی دەسەڵاتی تاکڕەو و رەهای بنەماڵەی بارزانی، راستبکرێنەوە. لەهەموو ئەمانەش گرنگتر، خیانەت و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکانی کورد و چاوساغییە بۆ داگیرکارییەکانی خاکی پیرۆزی کوردستان.
بەڵێنەکانی سەرۆک بافڵ، بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەو و خۆسەپێن، هەمووی لەم کارەساتانەی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت و پەیامەکەشی هاندانی خەڵکە بۆ پشتگیریی لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا، تا بتوانێ بە هێز و بازووی خۆی و بە پشتیوانیی جەماوەرە تێکۆشەرەکەی کوردستان، کۆتایی بەم دەسەڵاتە بۆگەنە خیانەتکارە بهێنێت و حکومەت و دەسەڵاتێکی نوێ دابمەزرێنێت کە بەڕاستی لە خزمەتی هاووڵاتیان و هێنانەکایەی گۆڕانکاریی راستەقینەدا بێت.
سەرۆک بافڵ، پیاوی ئەم قۆناغەیە و سەلماندیشی کە بەڵین بدات جێبەجێی دەکات. بۆیە جوڵە و دەرکەوتنەکانی سەرۆک بافڵ، مایەی سەرنج و شۆکیش بوو بۆ ئەوانەی ئێستاش لە رابردوودا دەژین و بەشێوازە تەقلیدییە کۆنە بەسەرچووەکانەوە لەسەر ستەیج رادەوەستن و لەدوایانەوە دەیان سەرکردەی ئێکسپایەر و سەربۆیاخکراو رادەگرن و بۆ سەدان جار دروشمە سواوەکانی خۆیان بە میللەت دەفرۆشنەوە، بۆ چەواشەکردنی دەنگدەر و هاووڵاتیانی کوردستان.
جووڵەکانی سەرۆک بافڵ، جووڵەی گەنجانەی سەردەمیانەیە، تەنها ئەوانە لێی تێدەگەن کە چاویان لە ئایندەیەکی گەشتر و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری و تاکڕەوی و خۆسەپاندنە. ئەمەش سەرمایە تازەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە جەماوەری کوردستان بە هەموو توێژەکانییەوە لەژێر چەتری یەکێتی دا کۆدەبنەوە و بەدەنگی خۆیان ئەم حوکمڕانییە راستدەکەنەوە و کۆتایی بە حکومەتی گەندەڵ و شکستخواردوو دەهێنن.
* وتەبێژی ی.ن.ک



 بافڵ تاڵەبانی، بەمتمانەوە هەنگاو بەرەو سەرکەوتنی نوێ دەنێت

وتارەکانی نوسەر