بڕۆن و قۆچانی ناوچە کوردستانییەکان نوێ بکەنەوە

10:54 - 2024-11-19
سەعدی ئەحمەد پیرە
80 خوێندراوەتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە



پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان یەکێکە لەو ئامرازە سەرەتاییانەی کە وڵاتان بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاریدەهێنن. سەرژمێریی دانیشتووان داتای ورد و متمانەپێکراو سەبارەت بە قەبارەی دانیشتووان و پێکهاتە و دابەشبوونی جوگرافی دەدات، ئەمەش یارمەتیدەرە لە بڕیاردانی بەئاگایانە لەسەر بنەمای زانیاریی راستەقینە.
 سەرژمێری یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی پێداویستییە راستەقینەکانی دانیشتووان، لەڕووی دابەشکردنی سەرچاوەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە،  ئەوەش بە زانینی قەبارە و پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکان، دەتوانرێت سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر و کاراتر تەرخان بکرێت.
ئاماری دانیشتووان، زانیاری لەسەر تەمەن و دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان، یارمەتیدەرە بۆ پێشبینیکردنی رەوتی داهاتوو وەک گۆڕانکاری لە دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووان (وەک کۆچی ناوخۆیی یان دەرەکی).
حکومەتەکان لە کاتی بڕیاردانی سیاسیی گرنگدا، وەک دابەشکردنی ناوچەی هەڵبژاردن، یان دیاریکردنی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان، داتای دانیشتووان بەکاردەهێنن.  ئەمانە و چەندین سوودی تر.
ئەگەر لە وڵاتێکی ئاساییدا بژین، ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی لەوجۆرە سوود و کەڵکەکانی لە ژمار نایەن بۆ دانیشتووانی وڵاتەکە، بەڵام لە عیراقدا تێڕوانینەکان جیاوازن، چونکە نەتەوە و گروپی جیاواز لەو وڵاتە دەژین، کەمیی متمانەش وایکردووە گومانیان لە هەر پڕۆسەیەک هەبێت کە نزیک و دوور پەیوەندیی بە نەتەوەکانیانەوە هەبێت. لە هەبوونی گومانێکی لەوجۆرەشدا، واچاکترە نەتەوەی کورد لە عیراقدا کە خاوەنی قەوارەیەک و دەیان ناوەندی ئەکادیمی و سەدان پسپۆڕی بەتوانا و دەیان کەناڵی راگەیاندنی کاریگەرە، لە هەمووان چاکتر خۆی ئامادە بکات، حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات لە هاندانی کوردانی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان و کارئاسانیان بۆ بکرێت لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە تا بە ئاسوودەیی بەشداریی پرۆسەکە بکەن.
راگایەندنەکانیش بەباشی ئەنجام و مەترسییەکانی پڕۆسەکە روونبکەنەوە کە ئەگەر هاووڵاتیان نەڕۆن و بەشدار نەبن،  ئەمە وا دەکات وەك دانیشتووی ئەو جێگایانە تۆمار نەكرێن، بەمەش ناویان لە هێچ تۆمارێکی ئەو ناوچانەدا  نابێت، ئەمەش دەبێتە مەترسیی بۆ سەر پێگەی كورد  لەو ناچانە کە هێشتا کێشەیان لەسەرە و لە دواڕۆژدا ئاستەنگی گەورەمان بۆ دروست دەکات. 
بۆیە دەبێ ئەوە روون بێت کە بەشدارینەکردن جارێک زیان لە بوونی نەتەوەی کورد لەو ناوچانە دەدات لەڕووی ژمارەوە و جارێکیش زیان بە خۆیان و خانەوادەکانیان دەگەیەنن و لە خێروبێری ئەو ناوچانە بێبەش دەبن کە پشتاوپشت تێیدا ژیاون.
رەنگە لە دواڕۆژیشدا لە شوێنێکی تری ئەم وڵاتە ببنە غەریب، بۆیە پێویستە حکومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیانەوە، کەناڵەکانی راگەیاندن بە هەموو رەنگەکانیانەوە، پسپۆڕان و ئەوانەی توانای شیکردنەوەی دۆخەکەیان هەیە، هاوکار و پشتیوانی کوردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم بن، تا بەئاسانی و ئاسوودەیی بڕۆن و قۆچانی کوردبوونی ئەو ناوچانە نوێبکەنەوە.
*وتەبێژی رەسمیی  (ی.ن.ک)

وتارەکانی نوسەر