کاتێک هەڤاڵ مام جەلال لە 6 ی نیسانی ساڵی 2005 دا بۆ یەکەمینجار بوو بە سەرۆک کۆماری عیراق، من خوێندکاری زانکۆ بووم، ئەو رۆژە بۆ خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بووە ئاهەنگ و لەو کاتەدا وەک گەنجێکی زانکۆ و بەشی راگەیاندن جگەلە خۆشەویستی و پێگەی سەرۆک مام جەلال لەلام، هەر لە منداڵییەوە، دەتوانم بڵێم ئەو رۆژە یەکێک بوو لە رۆژە خۆشەکانی ژیانم، هاوکات کاتێک مایک هاتە بەردەمم وتم: «ئێستا وەک کچە شەهیدێک هەستدەکەم، چیتر هاووڵاتی پلە دوو نیم لەم وڵاتەدا و بەهۆی مام جەلالەوە بووینە هاووڵاتی پلە یەک، ئیتر دەتوانین لە سایەی سەرۆکێکی وەک مام جەلالدا لە خۆشی و ئازادیدا بژین» .
بێگومان لەکاتی سەرۆکایەتیی مام جەلالدا ساڵانێکی زێڕینمان تێپەڕاند چ وەک هاووڵاتی و چ وەک ئەندامانی یەکێتی تا ئەوکاتەی بەداخەوە مام جەلال نەخۆش کەوت و گورزێکی گەورە بەر خەڵکی ئەم وڵاتە کەوت.
دووبارە کردنەوەی زانکۆی سلێمانی
هاوکات کاتێک باس لە زانکۆی سلێمانی دەکەین، دەبێت ئەو راستییەمان لەبیر بێت، مام جەلال تەنانەت پێش راپەڕینیش لە کاتی گفتوگۆکانی یەکێتی لەگەڵ رژێمی بەعسدا لە ساڵی 1984، لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا پێداگریی زۆری کردبوو لەسەر هێشتنەوەی زانکۆی سەڵاحەدین و دووبارە کردنەوەی زانکۆی سلێمانی، بەڵام ئەو کاتە نوێنەرانی رژێم بەهۆی جەنگی ئێران- عیراق و نەبوونی داهاتەوە، داواکارییەکەیان رەتکردبۆوە، بۆیە کاتێک لە ساڵی 1992 دا بەپێی بڕگەی 1ی مادەی 56ی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 و لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران، زانکۆی سلێمانی دامەزرایەوە، سەرەتا سێ کۆڵێژی لەخۆگرتبوو، ئەوانیش کۆلێژی پزیشکی، کۆلێژی زمان، کۆلێژی کشتوکاڵ بوو، ئەوکاتە سندوقێک دانرا بۆ باربۆکردنی ئەو پرۆژەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سکرتێرە گشتییەکەی هەڤاڵ مام جەلال وەک یەکەم حزب دەستپێشخەربوون و بۆ ئەو مەبەستە، بڕی (یەک ملیۆن) دنیاری سویسرییان بۆ ئەو سندوقە تەرخان کرد، تا دووبارە زانکۆی سلێمانی بەڕووی خوێندکاراندا بکرێتەوە، واتا خودی هەڤاڵ مام جەلال رۆڵی سەرەکی هەبووە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی زانکۆی سلێمانیدا.
پاڵپشتی خوێندکاران بوو
مام هەمیشە پاڵپشتی سەرەکیی خوێندکاران بووە، بەتایبەتی خوێندکارانی زانکۆ، چونکە خۆی کەسێکی ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامە و رووناکبیر بوو، بۆیە باوەڕی خۆی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە دامەزراندنییەوە بەوجۆرە بووە، کە پاڵپشتی خوێندکاران بێت و زانکۆ بە ناوەندی گەشەسەندن و دروستکردنی سەرکردەکانی وڵات دابنێت، وەک سەرچاوەیەک بۆ پێشکەوتنی گەلی کورد بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی.
هەر کاتێکیش لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا کێشە و ناڕەزایی دروست بووبێت، مام جەلال کێشە و مەسەلەکانی خوێندکارانی بە کێشە و مەسەلەی خۆی زانیووە و بۆی چارەسەر کردوون.
کارێزمای مام بە جۆرێک بوو، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر خوێندکاران هەبوو، بەتایبەتی زانکۆی سلێمانی، بۆیە هەر کاتێک بۆ بابەتێکی گرنگ خوێندکارانی کۆکردبێتەوە و قسەی بۆ کردبن و ئەوانیش کێشەکانیان گەیاندبێتە خودی سەرۆک مام جەلال، دوای تەواوبوونی ئەو کۆبوونەوانە خەم و ناڕەزاییەکانیان رەویوەتەوە و کێشەکانیان بۆ چارەسەر کراوە.
وەک نموونەیەکی باڵا تەماشا کراوە
سەرۆک مام جەلال هەمیشە نەک تەنیا لەلایەن لایەنگران و ئەندامانی یەکێتییەوە، بەڵکو لەلای گەنجان و خوێندکاران وەک سیمبولێک و نموونەیەکی باڵا تەماشا کراوە، بۆیە وەک ئەو کاتانەی مام جەلال لە یاریگای سلێمانی وتاری بۆ جەماوەری سلێمانی دەدا، دەبینین دوای چەند دەیەیەک بە هەمانشێوە لە کۆبوونەوەی جەماوەریی راگەیاندنی لیستی 129 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لە یاریگای سلێمانی، سەرۆک بافڵ بە هەمان حەماسەت و جۆش و خرۆشەکەی مام جەلالەوە خەڵک دەوروژێنێت و خەمەکانیان دەڕەوێنێتەوە،
دوای چەندین ساڵ لە خەم و تاریکیی غیابی مام و ئەو هەموو ناخۆشییەی ئێمەی کادران و لایەنگرانی یەکێتی و مام جەلال پێیدا تێپەڕین، ئێستا تروسکاییەک لە هیوا و شتێک لە کارێزمایی مام جەلال لە سەرۆک بافڵ-دا بەدی دەکەین، هیوایەک بۆئەوەی یەک دەنگ و یەک هەڵوێست حزبەکەی مام جەلال و سەردەمی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنینەوە بۆ پێگەکەی جارانی.