یادێكی تری سەرۆك مام جەلال

10:15 - 2024-10-03
گەلاوێژ
230 خوێندراوەتەوە

وا یادی حەوت ساڵەی ئەو سەفەرەی مام جەلال دەكەینەوە كە هەرگیز من بڕوا بەوە ناكەم دوا سەفەری بێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دەچمە سەر رای گەلەكەمان و منیش پرسەی ئەو پیاوە مەزنە دەگێڕم، كە نە زمان و نە قەڵەمەكەم ناتوانن هیچی لەسەر بڵێن و نە دڵ و نە دەروونیشم ناتوانن بڕوا بەوە بێنن كە بگەمە ئەو قەناعەتەی دوا كۆچی كردبێت.
ئەم قەناعەتەم لە ناخی دڵەوەیە، چونكە ئێستایش وا دەزانم سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە و بۆ ئەركێك لەو هەموو ئەركە قورسانەی كە هەر شانی ئەو پێیهەڵدەگیران رۆیشتووە و هاكا بە مزگێنیی جێبەجێكردنی ئەركەكەیەوە هاتەوە ناومان.
ئاخر مام جەلال-ێك كە لە تەمەنی 15-16 ساڵییەوە وەك نەوجەوانێكی زیت و وریا كەوتبێتە خەباتی رێكخراوەیی و پاشان رۆشنبیری و سەندیكایی و سیاسی و پێشمەرگایەتی و دیپلۆماتی و دوا وێستگەیش بەڕێوەبردنی دەوڵەتێكی وێرانەی دوای چەندین جەنگی كاولكاری كە تێیدا ناسناوی (صمام ‌الامان)ی پێبدرێت و جێدەستی راستەقینەی بە ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی ئەم هەموو پێكهاتە مەزهەبی و نەتەوەیی و ئایینی و....هتد-ەی عیراقەوە هەبێت، چۆن نابێتە تاجی سەری میللەتەكەی و تاهەتایە شانازیی پێوەناكات!
لەسەر داوای كەركوكییەكان، ئەم ساڵ یادەکە لە كەركوك دەكرێتەوە، ئەمە بۆخۆی وەفادارییەكی خەڵكی شارەكەیە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، چونكە ئەوەی مام بۆ كەركوكی كرد هیچ سەركردەیەك بۆ ئەو شارەی كوردستانی نەكردووە، ئەو شارەی كە نموونەی پێكەوەژیانی پێكهاتە رەسەن و لەمێژینەكانییەتی، رەنگە تاكە بەڵگەیەكیش بۆ راستیی خزمەتی كەركوك لەلایەن سەرۆكە پێشمەرگەكەیەوە هەر ئەو نەخشە دێرینە بەس بێت كە ناونرا (مورافەعەكە) و كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماندەوە.
بە راستی بۆ رۆژێكی ئاوا، نازانم چی بنووسم!! خۆ ئەگەر لە مێشك و پەنجە و قەڵەمەكەم بگەڕێم، ئەوا نەك چەند دێڕێك بەڵكو بە چەند رۆمانێكیش ئەمجار مەگەر بتوانم گەشتێك بە ژیانی پڕ لە سەروەریی مام جەلال و ئەم سەفەرەیدا بكەم كە هەر بەحەق باوەڕ بە كۆچی دوایی ناكەم و چاوەڕێم بێتەوە ناومان.

وتارەکانی نوسەر