گەلاوێژ
بۆ یادی تێپەڕبوونی سێ ساڵ و پێنانە چوارەم ساڵەی تەمەنی "ئەلمەسرا"وە، جوانترین چەپكەگوڵی پیرۆزبایی پێشكەش بە بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی كەناڵەكە دەكەم و ئومێدی سەركەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.
ئەلمەسرا، وەك دەنگێكی هەمەلایەنە لەناو میدیای كوردستانەكەماندا، گەش و دیار دەركەوتووە لە گەیاندنی پەیامی كوردانە و كەلتوری كوردەواری و زانیارییەكانی كوردستان بە زمانێكی رەوانی عەرەبی بۆ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق و هەموو دنیای عەرەبی بە زمانی خۆیان. لەهەمانكاتدا زانیارییەكانی عیراقیش دەگوازێتەوە بۆیان كە لەم تەمەنە كەمەیدا بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكیی بۆ هەواڵ و زانیارییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بە شێوازێكی هاوسەنگ و بێلایەنانە، هەر بۆیە چاوی هەموو عیراقی، بە كوردستانیشەوە، لەسەرە، ئەمە بێجگە لە چاوی دنیای دەرەوە بەتایبەت خوێنەرانی عەرەب.
ئەركی ئەم میدیایە قورس و گرانە، بەڵام كارمەندەكانی سەركەوتووانە شانیان داوەتە بەر ئەو ئەركە و شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەك بۆ ئەوەی ئامانجە میدیاییەكەی دەزگاكەیان بەدیبێنن كە بریتییە لە گەیاندنی پەیامی راست و رەوان بە هەموولایەك.
فراوانیی تۆڕی پەیامنێران و دەستڕاگەیشتنیان بە هەموو شار و شارۆچكەكانی عیراق و كوردستان، ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەلمەسرا ئەو دەزگایەیە خۆی كردووەتە دەنگی هەمووان، هەر بۆیە هەمووان ئومێدی سەركەوتنی بۆ دەخوازین.
دووبارە ئەم یادە پیرۆز دەكەین و داوا لە بەڕێوەبەر و كارمەندەكانیان دەكەم، لێبڕاوانە كار بكەن بۆ گەیاندنی پەیامە میدیاییەكەیان بە هەموولایەك.