خۆمانە و خێزانیی

رەگەزپەرستی لە زانستی پزیشکیدا

11:08 - 2024-10-08
رۆزا دڵشاد مەریوانی
109 خوێندراوەتەوە

(21)
یەکێک لەو بابەتانەی رەگەزپەرستی و جیاکاریی جێندەری تێدا دەکرێت بەرامبەر بە ژنان زانستی پزیشکییە، هەر لە کۆنەوە تا ئێستا لەلایەن پزیشکە پیاوەکانەوە، ئازارەکانی ژنان بە کەم تەماشا دەکرێت و زۆرجار بۆ لایەنی دەروونی دەگێڕنەوە، هەر کاتێک پزیشکێک لە ئازارێکی جەستەیی ژنێک تێنەگات، دەرمانی هێورکەرەوە و ئازارشکێنی بۆ دەنووسێت، واتا لەبری ئەوەی پشکنینی زیاتری بۆ بکات بە حوکمی پێشوەختە، لەبەرئەوەی ئەو ژنە و لایەنی مەعنەوی زیاتر کاری لێدەکات بە کێشەی دەروونی لە قەڵەمی دەدات، کە رەنگە ئەوە هۆکار بێت بۆ گەیشتنی بە دۆخێک چیتر چارەسەرکردنی زەحمەت بێت، بۆ نموونە ئەو نەخۆشییەی تا ئێستا بە یەکەم بکوژی ژنان دادەنرێت نەخۆشییەکانی دڵە، هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆرجار ئەو جۆرە ئازارانە لە ژندا بە کێشەی دەروونیی هەژماردەکرێن، بە هۆی ئەوەی ژن بە بوونەوەرێکی لاواز و هەستیار وێنا دەکەن، بۆیە پشکنینی وردی بۆ ناکەن تا ئەو نەخۆشییە بە بێدەنگیی دەیکوژێت.

ئەو نەخۆشییەی بە بکوژی ژنان دادەنرێت نەخۆشییەکانی دڵە، هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆرجار ئەو جۆرە ئازارانە لە ژندا بە کێشەی دەروونیی هەژماردەکرێن

هاوکات زۆر نەخۆشیی دیکەی تایبەت بە ژنان هەیە لەگەڵ پێشکەوتنی دنیادا هێشتا چارەسەری زۆر سەرەتایی هەیە و ئەو ژنە ناچار دەبێت نیوەی تەمەنی گیرۆدەی بێت، وەک نەخۆشیی «بطانة رحم الهاجرة - نەخۆشی ناوپۆشی منداڵدان» جگەلەوەی یەکێکە لە نەخۆشییەکانی سەردەم و لە هەموو تەمەنێکدا ژن بێت یان کچ ئەگەری تووشبوونی هەیە، دیاریکردن و دۆزینەوەشی پێویستی بە شارەزاییەکی زۆرە، کچ هەیە چەندین ساڵ بە دەست ئازاری ئەو نەخۆشییەوە ناڵاندوێتی، کەچی بە کێشەی دەروونی لە قەڵەم دراوە و بە هەڵە چارەسەری دەروونیی بۆ کراوە، تا حاڵەتەکەی تەشەنەی سەندووە. بە قسەی پسپۆران بێت ئەو نەخۆشییە یەکێکە لەوانەی ئەگەر چارەسەر نەکرێت مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو کچ یان ژنە دروست دەکات. 
بەشێوەیەکی گشتی لە بواری زانستی پزیشکی و بەتایبەت نەخۆشییەکانی ژناندا، تائێستا چارەسەرەکان لەچاو گۆڕانی سەردەمدا لە ئاست ئازارەکانی ژناندا دواکەوتوون، جگەلەو کاردانەوە لاوەکییە خراپانەی ئەو چارەسەرانە هەیانە بۆ سەر تەندروستی جەستە و دەروونی ژنان، بێگومان هۆکارەکەی ئەوەیە تائێستا پسپۆرانی ژن نەیانتوانیووە لەبواری دۆزینەوەی دەرمان و چارەسەرەکاندا بەرامبەر بە پیاوان یەکسان بن، کە پێویستە هیچ نەبێت لە بواری نەخۆشییەکانی ژناندا پێچەوانە بێت، چونکە ژن باشتر لە ئازارەکانی ژن تێدەگات و باشتر دەتوانێت چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. 

وتارەکانی نوسەر