فەتحوڵڵا حسێنی
لەکاتێکدا تەنگژە ناوخۆییە کوشندەکانی سوریا لە دەیە و نیوێک نزیک دەبێتەوە و هێشتا هیچ چارەسەرێکی نێودەوڵەتیش لە ئاسۆدا بەدی ناکرێت، سورییەکان جەخت لەسەر جیاوازیی ئینتیما و لایەنگیرییان دەکەنەوە، بۆیە چارەسەر تەنها بە رێگای دیالۆگی سوری – سوریدا تێپەڕدەبێت بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و پاش شکستهێنانی ئەجێندا دەرەکییەکان لە هێورکردنەوەی ململانێکانی سوریادا، بەڵام ئەوەش واپێدەچێت لە دۆخی هەنووکەییدا زۆر زەحمەت و ئاڵۆز بێت لەبەرئەوەی زۆرێک لە لایەنە دەرەکییەکان گرەو لەسەر ئەوە دەکەن و وا دەبزوێن کە ببێتە مایەی بەدیهاتینی ئامانج و بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان، لەسەر حسابی بەرژەوەندی و چارەنووسی گەلی سوریا بە گشتی، لەسەروو هەمووشیانەوە پێداگریی و ملهوڕیی رژێمی دیمەشق و رەتکردنەوەی دەستپێشخەرییە ناوخۆیییەکان.
چارەسەر تەنها بە رێگای دیالۆگی سوری – سوریدا تێپەڕدەبێت بەبێ دەستوەردانی دەرەکی و پاش شکستهێنانی ئەجێندا دەرەکییەکان لە هێورکردنەوەی ململانێکانی سوریادا
کەلـلەڕەقیی حکومەتی دیمەشق
وادیارە هۆکاری کەلـلەڕەقیی حکومەتی دیمەشق و پێداگریی لەسەر چارەسەری سەربازی و قبوڵکردنی راسپاردەکانی روسیا و پشتگوێخستنی راسپارە میللییەکانی ناوخۆش، واتە درێژکردنەوەی تەمەنی قەیرانەکە، بەتایبەتی کە ئێستا دۆخی ئیقلیمی بەتەواوەتی دۆخێکی پڕ لە نائومێدییە، بە رەچاوکردنی ئەو جەنگانەی بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوان و ئاوارە سورییەکان و ئەوانەش کە بەزۆرەملێ راگوێزراون بۆ وڵاتانی دراوسێ، چاوەڕوانی دەرفەتی گەڕانەوەن جا بەزۆر راگوێزرابن یان خۆیان کۆچیان کردبێت.
تاک حزبی و بنەمای مەرکەزییەتی سیاسیی
دیارە پێداگریی لەسەر عەقڵییەتی تاک حزبی و بنەمای مەرکەزییەتی سیاسی و سەرکردایەتیی دامەزراوەی سیاسی و سەربازیی تاکلایەنە، سەردەمی بەسەرچووە، بەتایبەتی لەدوای ئەم هەموو جەنگانەوە و رەنگە هەر ئەو عەقڵییەتەش وڵاتەکەی گەیاندبێتە ئەو قۆناغە لە بێئومێدیی و گێژاو.
دیارە چارەسەری ئەو تەنگژە پەرەسەندووە، بەبێ پەنابردن بۆ دیالۆگێکی نیشتمانیی سوریا نایەتەدی، بۆیە هەردەبێت هەموو لایەنەکان پەنابەرنە بەر مێزی گفتوگۆ و سازشکردن بۆ یەکتری بە ئامانجی بەدیهێنانی گواستنەوەیەکی سیاسیی دەسەڵات و دارشتنی دەستوورێکی نوێ و گێڕانەوەی ئەو ئاوارە و راگوێزراوانەی کە نوێنەرایەتیی نزیکەی نیوەی گەلی سوریا دەکەن و ئەو ئاوارانەش کە ژیانیان لەئەنجامی دۆخی ناوچەکەوە لەبەردەم مەترسیدایە.
دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆسەریی
دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی خۆسەریی دیموکراتیش لە باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا و دەربڕینی ئامادەیی بەمەبەستی پێشکەشکردنی پشتگیریی و هاوکاریی پێویست بۆ ئاسانکاریی لە گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە لوبنانەوە لە چوارچێوەی ئەو هەڵکشانەی کێرڤی جەنگی ئیسرائیل لە لوبنان، شتێک نییە جگە لە جۆرێک لە دەستپێشخەریی ئیجابی بەرامبەر سەرتاسەری سوریا، بەتایبەتی کە ئیدارەی خۆسەری مافی دیمەشقی نادیدە نەگرتووە لە پێشوازیکردن لێیان، بەڵکو داوای لە دیمەشق کردووە کە پێویستە کارئاسانی بۆ تێپەڕینی ئاوارەکان بکات و ئاست و قەبارەی مەینەتییەکانیان رەچاو بکات بەوەی کە گەڕانەوە مافێکی بنەڕەتیی هەر پەنابەرێکە و دەبێت هەموو لایەنەکان ئاسانکارییان بۆبکەن، بەهەموو شێواز و هۆکارێکی بەردەستیان، بۆیە زۆر پێویستە بەپەلە ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت بۆ سوریا، بەوانەشەوە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان.
سازانی ناوخۆییخواستێکی میللیی بنەڕەتییە
بۆیە سازانی ناوخۆیی خواستێکی میللیی بنەڕەتییە و دەبێتە هۆی ئارامیی ناوخۆیی و کەشی گونجاو بۆ گەڕانەوە دەستەبەر دەکات، گەڕانەوەی هەر تاکێکی سوریاش، واتە گەڕانەوەی ژیان بۆ وڵاتێک کە بەهۆی بەرژەوەندییە ئیقلیمییەکانەوە تووشی داخوران بووە، لەکاتێکدا هیچ ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی لەئارادا نییە بۆ سەپاندنی چارەسەرێکی سیاسی و بگرە لانیکەم خستنەڕووی چارەسەرێکیش.