دەستپێکردنەوەی بۆردومانە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا، سڕینەوەی سەرجەم ئەو بانگەوازی ئاشتییەیە کە بەرپرسانی تورکیا بانگەوازی بۆ دەکەن، چونکە تورکیا لەناو ئەو گۆڕانکاری و شەڕ و پێکدادانانەی بەڕێوەن و لە ئێستاوە باڵی بەسەر هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا کێشاوە، پێویستی بە ئاشتی و دیالۆگە نەک بەو بەرزکردنەوەی ئەو گرژیی و وێرانکارییەی ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ژیان لە ناوچەیەکی جوگرافیدا کە هەر خۆی نزیکەی ماوەی 14 ساڵە بەدەست شوێنەوارەکانی جەنگ و کوشتارەوە دەناڵێنێت.
تورکیا لەیەک کاتدا داوای ئاشتیش دەکات و بەزمانی سەربازییش دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەڵدەکشێنێت، سەرەڕای پێشوازیی کورد لە ئاشتی
بێ هەڵوێستیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و روسیا
تورکیا لە بۆردومانێکی بەردەوامی چوار رۆژەی یەک لەدوای یەکدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ژێرخانی ئابووریی و ژیانیی دانیشتووانی مەدەنی و ناوەندە ئەمنییەکان و نانەواخانە و وێستگەکانی کارەبا و سووتەمەنیی لە ناوچەکانی باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا دەکردە ئامانج، هەموو ئەو رووداو و بۆردومانانەش روویدا لەسایەی نەبوونی هەڵوێستێکی روونی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و روسیا کە لەو ناوچە بەئامانجگیراوانەدا جێگیرن.
جگەلەوەش خودی تورکیاش لەئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا زیانی زۆری بەرکەوت، لەگەڵ ئەوەی ئیدیعای دیالۆگ دەکات، بەڵام هەرزوو کودەتای بەسەر ئەو بانگەوازانەی خۆیدا کرد کە بۆ ئاشتی دەیکرد بەوەی دەستیکرد بە جەنگێکی دەرەکی بەپاساوی جیاجیا، لەگەڵ ئەوەی ناچاریشە کە دیالۆک لەگەڵ کورددا دەستپێبکات چ لە تورکیا و چ لە سوریاش لەدوای ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەڕێوەن بۆ سەرتاسەری ناوچەکە کە بێگومان تورکیاش بەدەرنابێت لەو گۆڕانکارییانە، ئەو ئەگەرە چاوەڕوانکراوەش بووتە هۆی نیگەرانیی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام لەجیاتی گەڕان بەشوێن چارەسەری ئاشتییانەدا، سەرلەنوێ کوتانی تەپڵی شەڕ لە تورکیاوە لێدەدرێت.
پشت بەستن بە بژاردەی سەربازی
تورکیایەک کە بۆ چارەسەری دۆسێکان پشت بە بژاردەی سەربازی دەبەستێت، چارەنووسی بەو جۆرە بەردەوام نابێت، ئەو تەنها تاکتیکەکانی دەگۆڕێت و هیچ لە ستراتیژەکەی ناگۆڕێت و بەتایبەتی لە ئامانجەکەیدا بەرامبەر بە کورد.
ئەنقەرە سەرباری ئەوەی داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا دەکات و دەیەوێت هەنگاوی خێرا بەو ئاراستەیە بنێت، بەڵام بۆردومانکردنی بەشێک لە زەوییەکانی ناو نەخشەی جوگرافیی سوریا هاوکات لەگەڵ داواکارییەکانی بۆ ئاساییکردنەوە، رەوشێکی تەمومژاویی هێناوەتە ئاراوە، واتە ئەوە لەناوبردنی دوا داواکارییەکانی تورکیایە بۆ ئاساییکردنەوە بە رێگە تایبەتەکەی خۆی، کە لەیەک کاتدا داوای ئاشتیش دەکات و بەزمانی میلیتاریستی دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر هەڵدەکشێنێت سەرەڕای پێشوازیی کورد بۆ ئاشتی لەسەر زاری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە، بەڵام سەرلەنوێ پیادەکردنی سیاسەتی ملهوڕیی و رقی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوا، کرانەوەی رێگەیەک بۆ دیالۆگی سیاسی و سەربازی لەنێوان کورد لە سوریا و دەوڵەتی تورکیادا قورستر دەکات، سەرباری ئەو نێوەندگیرییەش کە لەئارادایە لەو رووەوە.
پوتین داوای چی لە ئەسەد دەکات؟
وادەردەکەوێت ئەنجامی کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە «برێکس»، کە لە شاری قازانی روسیا بەڕێوەچوو، بەگوێرەی خواستەکانی ئەردۆغان نەبووە و دیمەشق و مۆسکۆش پێکەوە پشتگوێیان خست، هەر ئەوەش وایکرد فڕۆکەکانی تورکیا جامی تووڕەییان بەسەر کوردی سوریادا بڕێژن.
ئاخۆ پوتین هیچ داوایەک لە ئەسەد دەکات بۆ هەنگاونان بەرەو دیدارێک لەگەڵ ئەردۆغان؟ دوای ئەوەی گرنگترین ژێرخانی ئابووریی لە سوریادا وێران کرا؟ لەکاتێکدا ئەو ناوچەیە بە شادەماری ئابووریی سوریا هەژمار دەکرێت؟ با چاوەڕوان بین و ببینن.