دیدارە دواخراوەكەی ئەسەد و ئەردۆغان

10:17 - 2024-10-22
فەتحوڵڵا حوسێنی
130 خوێندراوەتەوە

كێبڕكییەك لەنێوان رەجەب تەیب ئەرۆدغانی سەرۆكی توركیا و ئۆزگۆر ئۆزیلی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە هەیە، بۆ بینینی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا، رەنگە سەفقەیەكی نوێش لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی توركیا و رژێمی سوریادا بێتە ئارا، ئەگەر سەرەتا سەرۆكی ئۆزسیۆنی توركیا ئەسەد ببینێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە ئەردۆغان چەند جارێك رایگەیاند پێویستە ئەسەد ببینێت بێ ئەوەی مەرجەكانی دیمەشق جێبەجێ بكات، ئەوەش كاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی دیدارەكە دەبێت و بە گریمانەیی و دواخراو دەیهێڵێتەوە.
ئۆزێلی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئاشكرای كرد ئەردۆغان هەلێكی باشی لەبەردەستدایە بۆ گێڕانەوەی پەنابەرانی سوریا لە توركیاوە بۆ وڵاتەكەیان.

كاتی دیداری ئەردۆغان و ئەسەد لەلایەن مۆسكۆوە دیاری دەكرێت نەك شوێنێكی تر

پاساو بۆ دواكەوتنی دیداری ئەسەد و ئەردۆغان
ئۆزێل لە لێدوانێكیدا لە شاری ئەسكەندەرۆن «ویلایەتی هاتای» پاساوی بۆ دواكەوتنی دیدارەكەی لەگەڵ ئەسەد هێنایەوەو وتی: ئەردۆدغان نامەیەكی بۆ پوتین ناردووە و داوایكردووە سەرەتا ئەسەد لەگەڵ ئەودا كۆببێتەوەو ئەگەر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا كۆببێتەوە، ئەوا رێككەوتن لەنێوانیاندا نابێت».
ئۆزێل بەناوی هەموو ئۆپۆزسیۆنەوە قسە دەكات و دەڵێت، ئەگەر ئەردۆغان دواكەوێت لە چوون بۆ ئەو دیدارەی ئەسەد، ئەوا بەتەنها دەچێت یان وەفدێك لە نوێنەر و سەركردەی حزبە سیاسییەكانی توركیا دروست دەكات و سەردانی سوریا دەكات و چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەسەد دەكات، بۆ ئەوەی داوای كۆتایی هێنان بەكێشەی پەنابەرانی سوریا لە توركیا بكات.
مۆسكۆ دیاری دەكات
كاتی دیداری ئەردۆغان و ئەسەد لەلایەن مۆسكۆوە دیاری دەكرێت نەك شوێنێكی تر، ئەمەش وای لە ئەردۆغان كردووە پەنابباتە بەر مۆسكۆ و داوای لێبكات دیدارەكە رێكبخات، ئەوەش رەنگە لەپەراوێزی لوتكەی كۆمەڵەی (بریكس) بێت كە لەشاری قازانی روسیا دەبەسترێت لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمدا.
ئەم زانیارییانە لەسەر دیدارەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا راست نەكراوەتەوە، بەڵام لە لێدوانەكانی بەشار جەعفەری باڵیۆزی سوریا لە مۆسكۆ دەردەكەوێت، دیدارەكە چەند لەمپەڕێكی لەبەردەمدایە وەكو:

جێبەجێ نەكردنی مەرجەكانی دیمەشق
*جێبەجێ نەكردنی مەرجی دیمەشق لەلایەن ئەنقەرەوە، بۆ كشانەوەی تەواوی سوپای توركیا لەناو خاكی سوریا.
*پەراوێزخستنی نەخشەرێگا بۆ كشانەوەی توركیا و وازنەهێنان لە پاڵپشتی تیرۆریستان، وەكو ئاماژەیەك بۆ میلیشیاكانی سوریا كە توركیا پاڵپشتییان دەكات و پارەیان پێ دەبەخشێت، بوونیش بەبارێك بەسەر هەموو سوریاوە.
ئەردۆغان لە لێدوانەكانی ئەم دواییەدا، جەختی لەوە كردۆتەوە، ئامادەیە بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەسەد، بەڵام ئەوەشی راگەیاندووە، چاوەڕوانی وەڵامی دیمەشق دەكات لەو رووەوە، لەبەر ئەوە ئەگەری دیدارییان جارێ دیار نییە، مادام روسیا وای دەبینێت سوودێكی ئەوتۆی نابێت و نابێتە هۆكاری هێوەركردنەوەی ململانێی ناو سوریا،  چونكە لایەنە ركابەرەكان تەنها لە ئەنقەرە و دیمەشق پێك نایەن، لەبەر ئەوە دیدارەكە بە گریمانەیی و دواخراوەیی دەمێنێتەوە.
و- گۆران

کێشەی ئاوارە سورییەکان لە تورکیا یەکێک لە پرسەکانی دیداری بەرپرسانی دیمەشق و یەنقەرە دەبێت

وتارەکانی نوسەر