رێککەوتنی «ئەدەنە» کە ساڵی 1998 لەنێوان تورکیا و سوریادا واژۆکرا و بە رووکەش سیاسیی و بە نهێنی ئەمنی بوو، خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەش بوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، جارێکی تر بێتەوە بەر باس، دوای سێ دەیە ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
سەرەتای ساڵی 1996 تورکیا (لەسەردەمی سلێمان دەمیرل سەرۆک کۆمار و مەسعود یڵماز سەرۆک وەزیران) هۆشداری بە دەسەڵاتی سوریا (لە سەردەمی حافز ئەسەدی سەرۆک)دا، کە پشتیوانی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان رابگرێت، ئەگەرنا تورکیا ناچار دەبێت هەرچی پێویستە بیگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی خۆی، پاشان نێوەندگیری ناوچەیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە هاتەئارا، کە یەکێک لە ئەنجامەکانی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی بوو لەلایەن هەردوو وڵاتەوە لە شاری ئەدەنە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە رووی ئاسایشەوە، ئەوەش سیمایەکی نهێنی/ئەمنیی بە رێککەوتنەکە بەخشی و زیاتر لەوەی سیمایەکی سیاسی/گشتی پێ ببەخشێت، رەنگە گرنگترین خاڵیشی ئەوەبووبێت کە ماف بە تورکیا دەدات ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت بە چوونە ناو خاکی سوریا بە قووڵایی پێنج کیلۆمەتر، ئەمەش ئەوەیە کە تورکیا لە چەندین ساڵی رابردوودا کاری بۆ دەکرد، لە بەرامبەردا دیمەشق بێ دەنگی هەڵبژارد.
دوابەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات جارێکی دیکە ئاڵۆز بووەوە، کاتێک ئەنقەرە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی لەخۆگرت، هاوکات دیمەشق هۆشداری دایە ئەنقەرە لە دەرئەنجامی لە ئامێزگرتنی ئەو گروپانە، بەمەش شەڕی میدیایی و شەڕ لەسەر خاکی سوریا دەستیپێکرد، بەڵام تورکیا هەمیشە پابەند بوو بە رێککەوتنی «ئەدەنە»ەوە و کاری لەسەر دەکرد، لە کاتێکدا دەسەڵات لە دیمەشق تەنها خەمی کورسییەکەی بوو، تا قەیرانەکە گەیشت بەو بارودۆخەی ئێستا.
رۆژنامەی “الوطن”ی سوری ئاشکرای کردووە، رەنگە رێککەوتنی ئەدەنە کە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکرا جارێکی تر پشتی پێ ببەسترێ لە خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا، رۆژنامەکە لەسەر زاری دیپلۆماتکارێک کە ناوی نەهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات “رەنگە دووبارە گفتوگۆ لەسەر هەموارکردنەوەی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە بکرێت».
رۆژنامەکە لە زاری هەمان دیپلۆماتکارەوە بڵاوی کردۆتەوە کە پێشبینی دەکات مۆسکۆ کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان تورکیا و سوریا تەواو کردبێت و کۆبوونەوەکەش کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هاتنەوە بەرباسی رێککەوتنی «ئەدەنە» لە نێوان تورکیا و سوریا، دوای پانزە ساڵ لە قەیرانی سوریا، بە مانای گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی ئاژاوەکان و سەپاندنی ئەجێنداکانی ئەنقەرە دێت بەسەر حکومەتی دیمەشقدا، چونکە خودی ئەنقەرە ئاگری قەیرانی سوریای خۆش کردووە و هۆکاری سەرەکی بەردەوامی بووە تا ئەمڕۆ، چ لە رووی پشتیوانی سەربازیی گروپە سورییەکانی سەر بە تورکیا یان بە رەتکردنەوەی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەهێمنکردنەوەو ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سوریا.