ئاو وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و بنەڕەتی ژیان و ژیاری، سەرچاوەیەکی سروشتی بە بەها و پڕ بایەخە، ژیان بەبێ ئاو بۆ چەند رۆژێکی کەم نەبێت، ناتوانرێت بەردەوام بێت، هیچ کایەیەکی ژیاری و پێشکەوتن بەبێ بوونی سەرچاوەیەکی بنەڕەتی ئاو بەردەوام نابێت.
هەرێمی کوردستان کێشەی کەم ئاوی نییە، تەنانەت لە ساڵانی کەم باران (وشکە ساڵی)یشدا، بەپێی راگەیاندنەکانی لایەنە پەیوەندییدارەکان، بەتێکڕا ساڵانە نزیکەی45 ملیار مەتر سێجا ئاو دێتە هەرێمی کوردستانەوە، ئەم بڕەی ئاو لە ساڵانی کەم باراندا دادەبەزێت بۆ خوار 40 ملیار، لە ساڵانی پڕ بارانیشدا بەرزدەبێتەوە بۆ سەرو50 ملیار مەتر سێجا، لەکاتێکدا هەموو هەرێمی کوردستان، بۆ پێداویستیی رۆژانە و کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەر بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، ساڵانە تەنها پێویستی بە نزیکەی18ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، کەواتە هەمیشە بڕی ئاوی بەدەستهاتوو زیاترە لە بڕی ئاوی پێویست.
حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە زێی گەورەوە ئاو نەک هەر بۆ ناو شاری هەولێر، بەڵکو بۆ قوڵایی دەشتی بەڕانەتی و دەشتی هەولێرش رابکێشێت
مەبەست لە تۆڕی ئاودێری نیشتمانی چییە؟
وەک چۆن هەموو شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستان بەهۆی رێگای هاتووچۆوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە، یان وەک چۆن تۆڕی کارەبا لە وڵاتدا بە یەکەوە دەبەسترێتەوە و دەتوانرێت کارەبای بەرهەم هاتوو لە شوێنێکەوە بدرێت بە شوێنێکی تر لە کاتی پێویستدا، بە هەمانشێوە دەتوانرێت سەرچاوەکانی ئاو، بەنداو و رووبارەکان لە رێگەی تۆڕێکی نیشتمانییەوە بە یەکەوە ببەسترێتەوە و لەکاتی پێویستدا ئاو لە ناوچەیەکەوە بگواسترێتەوە بۆ ناوچەیەکی تر.
سەرەڕای ئەوەی تۆپۆگرافیای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە، کە تا ئاستێکی بەرچاو ئەو کارەی ئاسانکردووە، لە هەمانکاتدا پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆجیا لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردووە، لەسەرو هەموو ئەوانەشەوە دەتوانرێت سوود لە ئەزمونی وڵاتان وەربگیرێت.
تورکیا لە رێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گاپەوە، توانیوێتی دەیان بەنداو بە یەکەوە ببەستێتەوە و سەدان کیلۆمەتر تۆڕی ئاودێری رابکێشێت، وڵاتێکی وەکو لیبیا، لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، لە رێی جێبەجێکردنی رووباری مەزنەوە، کە رووبارێکی دەستکردە و درێژیەکەی زیاتر لە700کیلۆ مەترە، توانیوێتی کێشەی بی ئاوی لە پایتەخت و شارەکانی لیبیای سەر دەریان ناوەڕاست چارەسەر بکات. کەنداوی سوێس بەر لە زیاتر لە سەد و پەنجا ساڵ، بە کرێکار و کەرەستەی سادەی ئەو سەردەمە لێدراوە.
جگە لە کێشەی بەردەوامیی کەم ئاوی لە زۆر شاری هەرێمدا، بەتایبەتی لە هەولێری پایتەخت و چەمچەماڵ و شۆڕش، زۆر رووبەڕی فراوانی کشتوکاڵی هەرێمیش دیاردەی بە بیابانبوون تێیاندا روویداوە و خەریکە بە تەواوی لەدەست دەچن. بەتایبەتی دەشتی گەرمیان و کۆیە و دەشتی بەڕانەتی و دەشتی هەولێر، کە هەموو ئەو دەشتانە هەم نزیکی رووبارە هەمیشەییەکانی هەرێمی کوردستانن، هەم ژمارەیەکی بەرچاو گوند و شارۆچکەیان تێدایە، کە بەرەو چۆڵبوون دەچن.
لە ساڵانی رابردووی دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا، بە بەرنامە پیلانی بۆ ئەوە داڕشتووە کە ئەو ناوچانە بە وشکی بهێڵرێتەوە، تا لەو رێگەیەوە خەڵکەکەی ناچار بە کۆچ ببن و بنەمای ئابووری کوردستان ئیفلیج بکات، لە دواتردا خەڵکەکەی بۆ بژێوی ژیانیان پەنا بەرنە بەر رژێم، دواتر رژێمیش لە دەزگا سیخوڕیی و سەربازیەکانیدا بەکاریان بهێنێت.
حکومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردوودا، توانیوێتی لە قوڵایی کوردستانەوە بۆ ناو خاکی تورکیا بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بۆڕی نەوت رابکێشێت، بە هەمانشێوە و بە کەمتر لەو تێچووەی لە بۆڕی نەوتدا خەرجکرا، دەتوانێت لە زێی گەورەوە ئاو نەک هەر بۆ ناو شاری هەولێر بەڵکو بۆ قوڵایی دەشتی بەڕانەتی و دەشتی هەولێر رابکێشێت، دەتوانێت لە زێی بچوکەوە ئاو بۆ چەمچەماڵ و شۆڕش و قوڵایی دەشتی کۆیە رابکێشێت، دەتوانێت لە رووباری سیروانەوە ئاو بگەیەنێتە قوڵایی دەشتی گەرمیان. هەموو ئەو پڕۆژانە دەتوانرێت لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێت.
گەر حکومەتی هەرێم چاکی مەردانەی لێهەڵماڵێت و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بکات، دەزانی چ ئاوەدانکردنەوە و بوژانەوەیەک روو لە هەرێمی کوردستان دەکات؟ زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچانە ئاوەدان دەبنەوە، ئەو هەموو قەرەباڵخییە لە شارە گەورەکاندا دروست نابێت، سامانی ئاژەڵی و کشتوکاڵی چەند بەرامبەر زیاد دەکات، دەیان هەزار هەلی کار دروست دەبێت، ژینگە و کەش و هەوایەکی لەبار بۆ ژیان دەڕەخسێت.
بە دیوێکی تردا، بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پڕۆژانە و پڕۆژەی لەو شێوەیە، پارێزگاری لە پاراستنی بنەمای ئابووری کوردستان و کەلتووری کوردی دەکات، جارێکی تر ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی لای تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی دروست دەکاتەوە، لە کۆتاییدا ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نەتەوەیی دەباتە ئاستێکی باڵاترەوە.
بەنداوی دوکان