گۆران فەتحی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دوای چەندین جار لە دواخستن بەڕێوەچوو، سەركەوتنی پرۆسەكەش، وێنایەكی باشی هەرێمی كوردستان، وەكو هەرێمێكی فیدراڵی و هەرێمێكی دیموكراسی نیشان دەدات، هەم بۆ لایەنە سیاسییەكانی عیراق و هەمیش بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، لەبەر ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچییەك بێت دەبێت لایەنە جیاجیاكانی هەرێم قبووڵی بكەن.
ئێمە دەزانین، هەڵبژاردنی ئەمجارە، چەند رێكارێكی باشی تێدا گیرایەبەر، لەوانە، بۆ یەكەمجار لەهەرێم هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە بەڕێوەچوو، كە شارەزاتر و بێ لایەنترە لەم رووەوە، لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم، كە پارتی كۆنترۆڵی كردووە و ئیستغلالیشی كردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی، ئەمە چ جای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیش، لەسەر سکاڵای یاسایی یەكێتی، شێوازی دەنگدانی لە یەك بازنەییەوە كرد بە چوار بازنەیی بۆ هەر چوار پارێزگاكەی هەرێم و 11 كورسی كۆتاكانیشی لابرد، كە پارتی بۆ خۆی ئیستغلال كردبوو، ئەمە چ جای وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەران كە بەهۆیەوە ناوی زیاتر لە 400 هەزار كەسی وەهمی لابرا، كە پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری دەهێنان.
لەبەر هەموو ئەو رێكارانەی باس كران، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، رێگری كراوە لە ساختەكاری، ئەوەش وایكردووە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەروو هەموشیانەوە یەكێتیی، متمانەی تەواویان بەم هەڵبژاردنە هەیە و هیوای تەواویان هەیە كە گۆڕانكاری دروست دەكات.
دەمێنێتەوە بڵێین، یەكێتی وەكو هێزێكی سەرەكی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم، بە هەموو توانایەوە هاتۆتە مەیدان و دەیەوێت رێڕەوی حوكم و پرۆسەی سیاسیی لە هەرێم چاك بكاتەوە، رێگریش بكات لە حوكمی خۆسەپێنی پارتی، ئەمەش هیوایەكی تر دەبەخشێت بەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكان، بەوەی گۆڕانكاری بەرێوەیەو هەرێم بەرەو باشتر دەچێت، بۆیە پێویستە هەموان بەئەنجامی هەڵبژاردن رازی ببن، چونكە سندوقەكانی دەنگدان سەنگی مەحەك بووە بۆ یەكلاكردنەوەی براوەو دۆڕاو.