خۆمانە و خێزانیی

ژن ئازادە؟

09:58 - 2024-10-21
رۆزا دڵشاد مەریوانی
60 خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

(23)

فێمینیزمەکان لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا شەپۆلێک بوون لە ژنانی ئازاد بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاریی لەسەر بنەمای جێندەر و کەلتور و سیاسەت و..هتد، هەوڵیان دا پێشبینییەکان بگۆڕن سەبارەت بەوەی ژن دەبێت چۆن بێت لە ناوەوە و دەرەوەی ماڵدا.
بۆیە دوای چەندین دەیە کە لە خۆمان دەپرسین ئازادیی ژن هاتۆتە دی؟ یان مەبەستمان لە ژنی ئازاد، چییە؟ بێگومان رەنگە زۆر کەس بڵێن بەڵێ ژن ئازادە و لەوە زیاتر چییان دەوێت، ئەوە نییە لە ماڵ دەچنە دەرەوە و دەخوێنن و کاردەکەن، بەڵام ئەوەی زۆربەمان لەنێوان ئازادیی راستەقینە و ئازادی روپۆشکراو بە رەنگ و بەرگی سەردەم وەک ئەوەی ژن بە ئارەزووی خۆی جلوبەرگ دەپۆشێت و بگرە خۆی نیمچە رووت دەکاتەوە لەگەڵ ئازادیی راستەقینەدا لێمان تێکدەچێت، چونکە ئازادیی ئەو وێنە شێواوە نییە، ئەوە تەنیا ژنە کۆیلەکەی سەردەمی زووە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار و سەرمایەداردا وەک کاڵایەک بەکاردێت و بۆ چەندین مەرام و قازانج بەکاردەهێنرێت، ئەو تەنها ژنە کۆیلە پلە دووەکەیە لە زۆربەی کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانی وەک کۆمەڵگەی ئێمەدا، تەنیا بەرگێکی نوێی لەبەرکراوە.

 

ئازادیی ژن، بەو واتایە دێت هیچ کام لە رەفتارەکانی نە لەلایەن خۆی نە لەلایەن چواردەورەکەیەوە، لەسەر بنەمای رەگەز شیکردنەوەی  بۆ نەکرێت


کێشەکە ئەوەیە زۆربەمان درک بەو راستییە ناکەین و وادەزانین ئەو گۆڕانکارییە رووکەشانە مانای وایە ئێمە ئازادین، هاوکات زۆرمان فرە پەیوەندییە سۆزدارییەکانی ژنێک بە ئازادیی لە قەڵەم دەدەین و نازانین ئەوەش بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆیلایەتییە و بگرە خراپترین جۆری کۆیلایەتییە کە سێکسە. بۆ تێگەیشتن لە ئازادیی ژن دەبێت بزانین ژنی ئەو وڵاتانە ئازادن کە یاسا لە پشتیانە و هەر تاوانێکیان بەرامبەر بکرێت وەک مرۆڤێک یاسا بەرگرییان لێدەکات، کە لەبەردەم یاساشدا لەگەڵ پیاودا وەک دوو مرۆڤ یەکسان بوون، ئەوە واتای وایە ئەو ژنە ئازادە. هاوکات کاتێک ژنێک جەستەی کردە بابەت، جا خۆ رووتکردنەوە بێت یان خۆ داپۆشین بێت، بەداخەوە ئەو ژنە ئازاد نییە، بەڵام لەبەرامبەردا کە جەستە و رەفتاری ژن نەکرایە قاڵبێکی سێکسییەوە و جۆرێک بوو لە ئازادیی کەسیی، ئەوە واتای وایە ئەو ژنە ئازادە. کەواتە ئازادیی ژن بەو واتایە دێت هیچ کام لە رەفتار و کردەوەکانی نە لەلایەن خۆی نە لەلایەن چواردەورەکەیەوە لەسەر بنەمای رەگەز شیکردنەوەی بۆ نەکرێت، هەر کاتێکیش هەڵەی کرد، وەک مرۆڤێک ئەو هەڵەیەی کردووە، نەک لەبەرئەوەی ژنە. 

وتارەکانی نوسەر