هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، وەک بڕیاری لێدرابوو لە 20/10/2024 ئەنجامدرا، بەدەر لەو دەنگۆیانەی (راست یان درۆ)، کە باسی تەزویر دەکەن، لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانین ئاماژە بە چەند خاڵێکی چاوەڕواننەکراو بدەین، بە تایبەتی کە ئەمە یەکەم جار نییە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی ئازادانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵکو تەمەنی هەڵبژاردنی ئازاد لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە (32) ساڵی تێپەڕاندووە، لەم ماوەیەشدا بۆ پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیاتر لە (10) پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، کەواتە دەکرێت بڵێین: هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا قۆناغی ئەزموونگەریی تێپەڕاندووە.
یەکەمی بێ رکابەری زۆنەکان
- هەردوو حزبی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، هێشتا یەکەمی بێ رکابەری زۆنەکانی خۆیانن، توانیان زۆربەی کورسییەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر بکەن، واتە ئەم هەڵبژاردنە نەیتوانی گۆڕانکاریی گەورە لە حکومڕانیی هەرێمی کوردستاندا دروست بکات.
- هێزە ئیسلامییەکان کە بە سێ لیستی جیاواز (یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی ئیسلامی) بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، نەیانتوانی ژمارەی کورسییەکانیان بەرزبکەنەوە و ببنە هێزی دووەم یان سێیەم، لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن و زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت و ناوەندی ئاینی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، جگە لە ئۆرگانە جۆربەجۆرەکانی خۆیان.
- بە بۆچوونی زۆرێک لە لایەنەکان و چاودێرانی سیاسی ئەو دەنگە زۆرەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک جێگەی گومانە، زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراوە و سەدان گوندی ناوچەکە چۆڵ کراون، واتە کەشی هەڵبژاردن لە پارێزگای دهۆک بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکەوە ناجۆرە، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرا، کە کەمترین رێژەی هاووڵاتیان لەو پارێزگایەدا بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان بکردایه.
- نەوەی نوێ، کە هێزێکی نوێی بێ ئایدیۆلۆجیا و بێ هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییە، لە مێژووی پڕ شکۆی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستاندا، هیچ بەشدارییەکی نەبووە، بەبێ سەروەری خەبات و فکری نەتەوەیی، توانی ببێتە هێزی سێیەمی هەرێمی کوردستان.
- ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، لەم هەڵبژاردنەدا ململانێکان سەربکێشێت بۆ توندوتیژی و پێکدادان، نەک هەر لە نێوان دوو حزبی حکومڕان، بەڵکو لەنێوان حزبی حکومڕان و هەندێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیشدا، بە پێچەوانەوە پرۆسەکە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا زۆر بە ئارامی بەڕێوەچوو.
وانەکانی ئەم هەڵبژاردنە چیمان پێدەڵێت
یەکەم/ هۆشیاریی سیاسی و هۆشیاریی نەتەوەیی لای تاکی کورد لە هەرێمی کوردستاندا، هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست و کامڵ نەبووە، زۆرینەی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی، تەنانەت حزبی کوردیش، هێشتا لە رابردوودا دەژین، رابردوویەک کە دەمانگێڕێتەوە بۆ پێش راپەڕین، بۆ پێش زیاتر لە سێ دەیە، بۆ سەردەمی شاخ و خەباتی چەکداری. لە کاتێکدا دەبوو ئێستا بەرنامەی کاری زۆرینەی حزبەکان (حکومڕان و ئۆپۆزسیۆن) کارکردن بوایە لەسەر نەتەوەسازیی و دامەزراندنی بنەماکانی دەوڵەت بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
دووەم/ زۆرینەی خەڵکی کوردستان چاویان لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانە، بەرژەوەندییەکانیش بەشێوەیەک لە شێوەکان بە دەسەڵات و حزبی حکومڕانەوە گرێدراوە، ئیتر لە مووچەخۆرێکی حزبییەوە بیگرە تا سەرمایەدارێک، لە پێشمەرگەیەکی سادەوە تا فەرماندەیەکی باڵا، تێکئاڵانی بەرژەوەندیی هاووڵاتی بە بەرژەوەندیی حزبییەوە، ئەو بازنە داخراوەی حکومڕانی دروست دەکات، کە تێکشکاندنی زۆر ئاسان نەبێت.
سێیەم/ نەبوون یان کەمیی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی باج و غەرامە و زیادبوونی بێکاری و کێشەی بێ مووچەیی و سستیی بازاڕ و مامەڵەکانی خانووبەرە، هانی زۆر لە گەنجان و خەڵکانی دەرەوەی حزبەکانیدا، بە هیوای باشبوونی خزمەتگوزارییەکان و باشبوونی گوزەرانیان، روو بکەنە هێزێکی وەک نەوەی نوێ، کە هێشتا تاقی نەکراوەتەوە و نازانرێ سەرەداوەکانی روو لە چ ئاراستەیەک دەکات.
خەمی ئایندەی گەلی کوردستان
لەکۆتاییدا، دەبێت هەموو لە خەمی ئایندەی گەلی کوردستان و حکومڕانیەکەیدا بین، دوور لە ململانێی تەسکی حزبایەتی و دوور لە خۆسەپاندن و زەقکردنەوەی رق و بوغزی تاکە کەسی، بەتایبەتی ئێستا کە نەک هەرێمی کوردستان، بەڵکو عیراق و تەواوی ناوچەکە بە قۆناغێکی پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕێت.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، کە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو