لە مانگی شوباتی 1999 و لە دوای هاتنەدەرەوەی لە سەفارەتی یونان لە نایرۆبی پایتەختی کینیا، رابەری پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە پیلانێکی فرەلایەنەی نێودەوڵەتی دەستگیرکراو بەپەلە بە فڕۆکەیەکی تورکیا گوازرایەوە بۆ ناو تورکیا، هەر ئەوکات چەند گرتە ڤیدیۆییەکی ئەویان بڵاوکردبۆوە بە دەست و چاوی بەستراوەوە.
ئەمە ناڕەزاییەکی گەورەی لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەوروپی، بەڵام هیچ شتێکی ئەوتۆمان نەدیت لەلایەن پەکەکەوە وەک تۆڵە یان هەڕەشە بۆسەر تورکیا، ئەگەرچی ئۆجەلان لە ئیتالیاوە رایگەیاند کە سەدان کەسیان وەک فیدائی( خۆکوژ) هەیە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن لە دژی تورکیا بەکاریانبهێنن، بەڵام هیچ رووینەدا.
شرۆڤەکاران دەڵێن کە ئەردۆغان دەیەوێت ئۆجەلان بێنێتە سەرخەت و لە رێیەوە پەکەکە بکات بە دوو بەشەوە
تورکیا دەیویست لە رێگەی ئۆجەلانەوە کۆتاییان پێبهێنێت
تورکیا دەیویست بە ئاشتییانە لەڕێی خودی ئۆجەلانەوە کۆتایی بە پەکەکە و چالاکییەکانی بهێنێت، بۆیە لە سێدارەی نەدا، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لە سێدارەدانی لە داگاوە بۆ دەرچوو، دەیانویست ئەو بانگەوازی کۆڵدان و هەڵوەشانەوەیە بە ئۆجەلان بکەن، بەڵام ئەم خۆی نەیدەویست بەرامبەر بە ئازادکردنی ئەو کارە بکات و دەشیزانی کە وابکات چیدی وەک رابەری ئەو حزبە حسابی بۆ ناکەن.
پەکەکە لەدوای سێ مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارە، لە دۆڵ و چیاکانی باکووری کوردستان کشانەوە و روویان کردە ناوچەکانی هەرێم و بەدواشیدا رایانگەیاند کە ئەوان باوەڕیان بە کاری سیاسی و ئاشتی هەیە، دوابەدوای ئەمانەش لە ساڵەکانی 2006 و 2013، ئۆجەلان داوایکرد لە پەکەکە شەڕ رابگرن، بەڵام تورکیا لە خاڵی بەهێزییەوە وەڵامی هیچکام لەم نەرمی نواندنانەی پەکەکەی نەدایەوە، کە رەنگ بوو ئەگەر ئەوکات هەنگاوێکی هاوشێوەی بنایە و ملی بۆ بە ئاشتییانە چارەسەر بنایە، ئێستا دۆخی تورکیا زۆر باشتر دەبوو، هەزاران کەسیش نەدەبوونە قوربانی.
لە ساڵی 2002 بڕیاری لە سێدارەدانیان گۆڕی بۆ زیندانی هەتاهەتایی، ئەمەش لەژێر گوشاری ئەوروپادا بوو کە تورکیا بە هیوای ئەوە بوو لە ماوەی حکومڕانیی ئەودا ئەو خەونە بێتە دی و ببنە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا (ئەمەی بەلاوە گرنگ بوو کە تورکیای خاوەن رژێمێکی باوەڕبوو بە ئیسلام، کە حزبێکی ئیخوانیی تازە دەسەڵات بەدەستگرتوو سەرکردایەتی دەکات، بکاتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا).
لە دوای تێپەڕینی 25 ساڵ
لە دوای 25 ساڵ بەسەر گیرانی رابەری پەکەکەدا، کورد لە باکوور بەچەند قۆناغێکی کاری سیاسیی و پەرلەمانیدا تێپەڕیوە کە پێش گیرانی ئۆجەلان نەیانبووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لەوێ خوازیاری کاری سیاسی و چارەسەری ئاشتییانە بوون وەک زۆرینە، بەڵام لە دوو لاوە ئەمە رێگریی لێکراو پێشوازی لێنەکرا، لایەکیان خودی پەکەکە بوو کە سوور بوو لەسەر بەکارهێنانی چەک و لێدانی تورکیا، لایەنی دووەمیش حکومەتی تورکیا و شوفێنیستانی تورک بوون کە نەیان دەویست چارەسەری ئاشتییانە بێتە کایەوە و لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە بوونی کورد وەک نەتەوە لە تورکیادا نەبووە.
کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە هەرە دیارەکان بوون، بە هۆی داکۆکیکردنی ئاشکرای لە سیاسەتی پەکەکە و ئۆجەلان، ئەگەرچی سەرۆکی حزبی هەدەپە بوو، بەڵام بە تۆمەتی ئەو داکۆکیکردنە گیراو تائێستاش لە زینداندایە.
کورد بەگشتی لەوێ ناتوانێت خۆی لەنێوان رەوتی سیاسی و سەربازیدا یەکلایی بکاتەوە، چونکە پەکەکە دەسەڵاتی گەورەی بەسەر رەوشەکەدا هەیە و رێگە نادات (ئەگەر بشگونجێت) حزبێک لە خۆی زیاتر ببێتە نوێنەری کورد و لەگەڵ حکومەت هەنگاوی چارەسەر بنێت، بە واتایەکی تر هەر چارەسەرێک دەبێت داڕێژەری نەخشەکەی لای پەکەکەوە بێت، هەر لەبەر ئەمەشە کە بەردەوام کادیرانی هەدەپەی پێشوو و دەم پارتی ئێستا باجی ئەوە دەدەن کە داکۆکیکارن لە سیاسەتی پەکەکە.
حکومەتی تورکیا باوەڕی بەوە هەیە کە لە ریگەی ئاشتییانەوە و چارەسەرەکان بێنێتە بەرباس، بەڵام نەک بەو ئامانجەی کورد ئارام بێت و بە مافەکانی بگات، بەڵکو بە ئامانجی کەرتکردن و لاوازکردنی، یان دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان کورددا تا ناچاریان بکات پێشبڕکێی هەرچی زیاتر خۆ نزیککردنەوە بدەن لە حکومەتی تورکیا و حزبی فەرمانڕەوا.
بۆ حزبەکەی ئەردۆغان، گرنگە پێش هەڵبژاردنی داهاتوو، بتوانن بە هەر هەڵخەڵەتاندنێک بێت کارێک بکەن، ئۆجەلان بە ئاشکرا پاشگەزبێتەوە و وتارێکیان بۆ بدات تیایدا چالاکییەکانی پەکەکە بوەستێنێت، ئەگەرچی ئێستای پەکەکە لە دۆخێکدایە کە بە دوو ئاراستەی سیاسی و سەربازی بیردەکەنەوە، ئەمەی دواییان لەگەڵ هەموو بۆچوونەکانی ئۆجەلاندایە و زۆربەشیان لە وڵاتانی ئەوروپا دەژین، بۆیە زیاتر لەگەڵ شەڕدا نین.
شرۆڤەکاران دەڵێن کە ئەردۆغان دەیەوێت ئۆجەلان بێنێتە سەرخەت و لە رێیەوە پەکەکە بکات بە دوو بەشەوە، دوای ئەمەش پەکەکە بە گشتی و بە هەردوو بەشەکەیەوە داببڕێنێت لە یەپەگە و ئیدارەی خۆسەریی رۆژئاوا.
ئاشتی یان جێبەجێکردنی پلانەکان؟
ئەمانە هەموو سیناریۆن تا کاتی سەرهەڵدانی و کردنیان بە کردار، چونکە بۆ حکومەتی تورکیا قورسە ئەم هەموو هاوکێشانە بخاتە سەر یەک هێڵ، لەکاتێکدا پەکەکە بۆتە کێشەیەک کە پەیوەندیی بە زیاتر لە وڵاتێکەوە هەیە لەوانەش سوریا و ئێران و عیراق و هەرێمی کوردستانیش، تەنانەت هەندێک جار پەیوەست دەکرێت بە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و تورکیاشەوە بە سوودوەرگرتن لە کێشەکانی نێوان تورکیا و یۆنان یان تورکیا و قوبرسی یۆنانی و گەڕان بە شوێن نەوتدا لە قووڵایی دەریای سپی ناوەڕاستدا.
لە چەند رۆژی رابردووشدا بەرپرسانی ئەمنیی ئێران و تورکیا لە شاری ماکۆی ئێران کۆبوونەوەیان کردووە بۆ رێگریی لە هاتوچۆکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ هەردوو وڵات، ئەوە حکومەتی عیراقیش دەبینین چۆن بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگەیان داوە بە سوپای تورکیا (بەبیانووی راوەدوونانی پەکەکە) زیاتر لە 650 گوندی هەرێمی کوردستانی سەر بە عیراقی فیدراڵییان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و مەترسین بۆسەر خاکی هەرێم، ئەمەش خواستی تورکیایە کە یەکەم نەهێڵێت هەرێم سەقامگیر و ئارام بێت، دووەم درزی خستۆتە نێوان یەکێتی و پارتییەوە، سێیەم حکومەتی عیراقی ئیجبار کردووە پەکەکە بە یاساغ دابنێت و رێگەشیان بدات بێنە ناو هەرێمەوە.
ئەوانیش هەمان سیاسەتی بەعس دەگرنەبەر
حکومەتی تورکیا، هەر وەک حکومەتی بەعسی لە ناوچوو، دەیەوێت لە رێگەی پەرتکردنی حزبێکی کوردییەوە، درزی گەورە بخاتە نێوانیان و دواتر لە دژی یەک بەکاریانبهێنێت، بۆیە ئێستا دەنگۆی ئاشتیکردن لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوبۆتەوە و خودی پەکەکەشی کردووە بە دوو رای جیاواز لەم بارەوە، یەکێکیان بێ چەند و چۆن پێیانوایە هەرچی ئۆجەلان بیڵێت ئەوە راستە، بەشە سەربازییەکەش کە لەناوچەکەدا فراوانترن و کاریگەرییان زیاترە، وا بە ئاسانی ناچنە ژێر باری ئاشتی (بارش)ی بێ گەرانتییەوە، چونکە دەزانن کە ئەمجارە ئەردۆغان بۆ چ مەرامێک ئەمە دەکات؟
رەنگە ئەم جموجۆڵەش زیاتر بۆ تێکدانی ئەو ئیدارە خۆسەرییە کوردییە بێت کە لە رۆژئاوا بنیاتنراوە، چونکە بۆ تورکیا ئەمەیان مەترسییە و بەلاشییەوە حکومەتی سوریا گرنگترە لەم ئیدارە دانپیادانەنراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەرچۆن بێت سوریا وڵاتە و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە ئەردوغان پەنای بردووە بۆ پوتینی سەرۆکی روسیا تا گوشار بخاتە سەر ئەسەد و پەیوەندییەکانیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، ئەگەر ئەمەش هاتەدی، کارئاسانییە بۆ تورکیا تا کورد ناچار بکات بەوە رازیبن کە ئەوان دەیخەنەڕوو.
لە دوای ئەو رووداوانەشەوە کە لە نێوانی ئیسرائیل و هەریەک لە حەماس و حزبوڵڵا هاتنە ئاراوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا و ئەو زیانانەی لە هەیکەلی سەرکردایەتی ئەم دوو حزبە کەوتووە، رەنگە ئیتر هاوکێشەکان بگۆڕدرێن و سوریا ئاسانتر بچێتە سەر سفرەی ئەردۆغان.
دایکانی جەرگ سوتاوی باکوری کوردستان، هەرگیز دژی ئاشتییەکی ڕاستەقینە نین