بەشێک لە حزبەکان دژی ئەو بانگەشەیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، کەچی ئامانجی هەمووشیان رازیکردنی خەڵک بوو، بانگەشەی ئەمجارەی یەکێتی زۆرترین کاردانەوە و دەنگدانەوەی هەبوو، کاریگەریی زۆریشی لەسەر گەنجان هەبوو بە تایبەتی کە سەرۆک (بافڵ تاڵەبانی) سەرپەرشتی بانگەشەی یەکێتی دەکرد.
سەرۆک بافڵ جۆش و خرۆشی دایەوە بە جەماوەری یەکێتی و وایکرد بە فراوانی بەشداریی هەڵبژاردن بکەن
ئاشتبوونەوەی گەنجان
زۆربەی گەنجەکانمان دوای وتارەکانی کاک بافڵ لە کاتی بانگەشەدا، بە یەکێتی ئاشتبوونەوە، ئەمەش زۆر بە روونی دیارە و درکی پێدەکرێت، زۆر ئاساییشە هەر حزبێک یا کەسێک چۆن بانگەشە دەکات، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا جۆرەها بانگەشە بوونی هەیە و هەموومان دەزانین ئەمەش بۆ کاریگەریی دروستکردنە لەسەر جەماوەر کە بۆ پێشخستنی کارنامەیەک بە کار دێت. ئەمە لە زمانی ئینگلیزیدا بە پروپاگەندە ناوی دێت (propaganda).
پێشخستنی دۆزی سیاسی
زۆرجار بۆ پێشخستنی دۆزی سیاسی یان روئیایەکی دیاریکراو پروپاگەندە بە کاردێت، بە زۆریش مەبەست لە بانگەشە کاریگەری دروستکردنە لەسەر بۆچوون و رەفتاری خەڵک، لە هەموو وڵاتاندا بە پشتبەستن بە چوارچێوەی کەلتووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی جیاواز ئامانج لە بانگەشە کاریگەری دروستکردنە لەسەر بیروڕا یان رەفتاری گشتی و ئەوەش بەندە بە توانای وتاردەرەکەوە.
جۆش و خرۆشی دروستکردووە
هەرچەندە ئەو کورسییانەی ئێستای یەکێتی بەدەستی هێناوە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی شەونخوونی و ماندوبوونی سەرۆک و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نییە، بەڵام دۆخێکیشی خوڵقاندووە هەرێمی هەژاندووە، سەرەڕای هەموو گلەیی و گازندە لە بارەی مووچە و خزمەتگوزارییەوە، توانیویەتی جۆش و خرۆش بداتەوە بە خەڵک و لانی کەم وا بکات بەشداریی هەڵبژاردن بکەنەوە.
یەکێتییەکان بە فراوانی بەشداری هەڵبژاردنیان کرد بۆ سەرخستنی حزبەکەیان