قازانەکەی روسیا، هەژموونی دۆلار دەشکێنێت؟

10:09 - 2024-10-30
ئەکرەم ئەمین
173 خوێندراوەتەوە

ئەکرەم ئەمین


روسیا لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات و گرتنەوەی جەمسەرێکی جیهاندایە، یەکێک لە هەوڵەکانی شکاندنی هەژمونی دۆلاری ئەمریکییە کە بۆتە خاڵی لاوازی روسیا و وڵاتانی نەیاری ئەمریکا.
کۆبوونەوەی وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوی برێکس لە رۆژانی 20-24ی مانگی 10دا لە شاری قازانی پایتەختی کۆماری تەتەرستان لە روسیا بە بەشداریی روسیا، چین، هیندستان، بەرازیل، ئەفریقا و ئەندامە تازە وەرگیراوەکانی وەک ئێران و سعودیە و ئیمارات  دەستی بە کارەکانی کرد.

 

روسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای ئەمریکای بەسەردا سەپێنراوە، بە تایبەتی دوای هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا، بەو هۆیەوە ئەمریکا بڕی 282 ملیار دۆلاری روسیای لە بانکەکانی ئەوروپا بلۆک کردووە

 


رێکخراوەکە چی دەوێت؟
گرنگترین خاڵ کە رێکخراوەکە و بە تایبەتی روسیا و چین دەیانەوێت بریتییە لە کەمکردنەوە و تێکشکاندنی هەژموونی دۆلاری ئەمریکی کە وەک چەک و کارتی سیاسی بەرامبەر نەیارەکانی بەکاری دەهێنێت، ژمارەی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون زیاتر لە نۆ هەزار و 400 کەس و کۆمپانیان. 
روسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای ئەمریکای بەسەردا سەپێنراوە، بە تایبەتی دوای هەڵگیرسانی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا، بەو هۆیەوە ئەمریکا بڕی 282 ملیار دۆلاری روسیای لە بانکەکانی ئەوروپا بلۆک کردووە و لە سوودی پارەکە چەک بۆ ئۆکرانیا دژی روسیا دەکڕێت، هەروەها ئەمریکا روسیای لە سیستمی سویفت swift ی جیهانی دەرکردووە، بەمەش گەورەترین ئاستەنگی بۆ بازرگانیی روسیا و ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردووە.

روسیا سێ خاڵی زۆر بەلاوە گرنگە:
1- دراوی تایبەت: دروستکردنی دراوێکی تایبەت بە وڵاتانی رێکخراوی برێکس پڵەس بۆ ئەوەی واز لە دۆلار بهێنن لە کاتی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی دراودا.
2- شکاندنی دۆلار: روسیا دەیەوێت ئەو چەکەی بەدەست ئەمریکاوەیە نەهێڵێت یان لاوازی بکات، بەوەش داوا لە وڵاتانی بەشدار لە رێکخراوەکە دەکات کە دراوی ناوخۆی وڵاتانی رێکخراوەکە بەکاربهێنن و دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی دۆلار.
3- پردی برێکس: رێکخراوەکە دەیەوێت لەبری سیستمی سویفتی جیهانی، سیستمێک بەکاربهێنن کە ئێستا بە شێوەیەکی ئەزموونی کاردەکات ناوی (m Brige)ە و پشت بە دراوی ژمارەیی (دیجیتاڵی) دەبەستێت.
لە بەرامەردا ئەمریکاش دەڵێت: هەر وڵاتێک کاربکات بۆ لاوازکردنی هەژموونی دۆلار سزا دەدرێت و لە سیستمی سویفت دەردەکرێ. ئەم هەڕەشەیەی ئەمریکا وای کردووە هەندێک لەوڵاتان نەچنە ژێرباری داواکەی روسیاوە.

وتارەکانی نوسەر