یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ترەمپ، لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکی ئەمریکا، تویت کردن بوو لە سۆشیال میدیادا.
هەندێکجار تویتەکان دەبوون بە نوکتە و هەندێکجاریش بابەتی زۆر هەستیاری دەدرکان و بڕیاری لەسەر دەدا، یەک لەوانە بڕیاری لادانی وەزیری بەرگری مارک ئەسپێری دا و کریستۆفەر میلەری لەجێگاکەی دانا، کە ئەمە بو بەجێی مشتومڕ و سەرسوڕمان.
لە تویتێکی گاڵتەئامێزدا وتی: «جۆ بایدن هەڵبژاردنی بردەوە و نەشیبردەوە».. بە جریوەیەک شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین دەکرد و باجی سەر کاڵاکانی زیاد دەکرد، هەر بە تویت سزای ئێرانی دەدا و تمەن هاڕەی دەکرد.
بۆیە کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسەکان، بەیانیان پێش هەموو شت، بۆ دەستکەوتنی گرنکترین هەواڵ لە سەرۆکی گەورەترین هێز لە جیهاندا، سەیری هەژماری ترەمپ- یان لە تویتەر دەکرد.
ئایا ترەمپ سوودی ماددی بۆ تویتەر هەبوو؟ دۆناڵد ترەمپ دوای شکستهێنانی بەرامبەر جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی 2021 دا، تویتێکی رەخنەئامێزی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کرد، ئەوەش بوو بەهۆی وروژاندنی لایەنگرانی و هەڵیان کوتایە سەر کۆشکی سپی، بۆ رێگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتر و ئاڵۆزی، بڕیاریدا بە داخستنی هەژمارەکەی لە تویتەر کە زیاتر لە 88 ملیۆن و حەوت سەد هەزار فۆڵوەری هەبوو. سەرچاوە ئابوورییەکان دەڵێن، ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتیدا، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار سوودی بە تویتەر گەیاندووە. دواتر لە فەیسبوک و ئەنیستاگرام و تیلیگرام.... هەموو هەژمارەکەیان رەشکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ پلاتفۆرمێکی بە ناوی Truth Social لە شوباتی 2022 دروستکرد، وەک پڕۆژەیەک کە ئامانجی دابینکردنی جێگرەوەیەک بوو بۆ دەزگا گەورەکانی سۆشیال میدیای وەک تویتەر و فەیسبووک، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەو پێگە ئەلەکترۆنییانە قەدەغەکرا، Truth Social بە بەشێک دادەنرێت لە گروپێکی گەورەتر بە ناوی Trump Media Technology Group کە لەلایەن ترەمپەوە دامەزراوە.
دوای ئەوەی ئیلۆن ماسک تویتەری کڕی، 15 ملیۆن لە بەکارهێنەری تویتەر داوایان کرد بە هەڵگرتنی بلۆکی سەر هەژمارەکەی ترەمپ، ماسک دوای ئەوە هەژمارەکەی بۆ دۆناڵد ترەمپ گەڕاندەوە، بەڵام پێش ئەوە ترەمپ لە 2022 پێگەیەکی سەربەخۆی دروستکردبوو بۆ ئەوەی لە دەست ئەوان رزگاری ببێت، وەک پەندە کوردییەکە کە دەڵێت «ئەوەی بەتەمای کاسەی ماڵە دراوسێ بێت بێ شێو سەردەنێتەوە»، چونکە هەموو رۆژێک دەبێت خۆی بۆ پێشهات و بڕیاری نوێ ئامادەبکات، هەرچەندە خۆی دەزانێت پێگەکەی خۆی وەک تویتەر، کە ئێستا بە گروپ x ناسراوە، کاریگەر نییە.
چاودێران دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ زۆرترین سوودی لەو بێدەنگ کردن و داخستنانە بینی، رەنگە خۆشی گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە چیتر هەنگاو و بڕیارە گرنگەکان لەڕێگای تویت و سۆشیال میدیاوە بڵاونەکاتەوە.